ژیاننامه
سلێمان خه‌ڵ ئاڵ له ساڵی ١٩١٣ له گوندی به‌رداری له ناحیه‌ی پیران له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایکبووه. له ٢١ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی بوونه په‌نابه‌ری تورکیا. له ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٨ له به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کردووه و له‌وێ به خاک سپێردراوه.
بیره‌وه‌رییه‌کانی خه‌بات
له ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌کانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووه، له ١٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٣ به‌شداریی له گرتنی بنکه‌ی پۆلیسی خهرازۆک کردووه، و له ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٤٣ به‌شداریی له گرتنی بنکه‌ی پۆلیسی مه‌زنێ کردووه، و له ٨ی ئابی ١٩٤٥ به‌شداریی له گرتنی بنکه‌ی پۆلیسی مێرگه‌سۆر کردووه. له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای سه‌ربازی عێراق سه‌رجه‌م موڵک و ماڵه گوازراوه و نه‌گوازراوه‌کانی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
دوای شکستی شۆڕشی دووەمی بارزان، له ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ ڕوو ده‌کاته ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌ڵام خێزانه‌که‌ی له باشووری کوردستان ده‌مێننه‌وه. له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ بووه پێشمه‌رگه له هێزی بارزانی سه‌ر به سوپای کۆماری دیموكراتی كوردستان له مه‌هاباد و به‌شداریی له شه‌ڕه‌کانی به‌ره‌ی سه‌قز له کۆماری دیموكراتی كوردستان له مه‌هاباد کردووه.
یه‌کێک بووه له‌و پێشمه‌رگانه‌ی که له ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ له ڕێگه‌ی (ده‌شته‌کانی خواکورک و بارازگرهوه) له ڕێگه‌ی خاکی باکووری کوردستانه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ خاکی شێروان و مه‌زنی.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان، مسته‌فا بارزانی له ١٥ی ئایاری ١٩٤٧ له گوندی ئه‌رگۆش کۆبوونه‌وه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ هاوڕێکانی کرد و ڕێگه‌ی پێدان بڕیار بده‌ن بمێننه‌وه یان بچنه یه‌كێتیی سۆڤێت، که سه‌رجه‌م هاوڕێکانی بڕیاریان دا درێژه بده‌ن و بچنه یه‌كێتیی سۆڤێت. له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوه‌ری مسته‌فا بارزانی کردووه بۆ یه‌كێتیی سۆڤێت و به‌شداریی له شه‌ڕی چۆمی قه‌توور و شه‌ڕی پردی ماکۆ کردووه، و دوای ماندووبوون و تێکۆشانێکی زۆر، له ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس په‌ڕیوه‌ته‌وه که ده‌که‌وێته سه‌ر سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتیی سۆڤێت، بۆ ناو خاکی یه‌كێتیی سۆڤێت.
دوای گه‌یشتنیان بۆ یه‌كێتیی سۆڤێت، له ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هاوڕێکانیان له شاری ناخچه‌وان له کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی چۆڵه‌وانیدا دانران که به ته‌لی دڕکاوی ده‌وردرابوو و له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک سه‌ربازه‌وه پاسه‌وانی ده‌کرا و سه‌باره‌ت به خۆراک و جلوبه‌رگ و گواستنه‌وه وه‌ک دیلی جه‌نگ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرا. دواتر به بڕیاری حکومه‌تی سۆڤێت به‌سه‌ر ناوچه‌کانی ئاغدام، لاچین، ئایڤلاخ و که‌ڵبه‌جه‌ر له ئازه‌ربایجان دابه‌ش کران. له ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواسترانه‌وه بۆ سه‌ربازگه‌یه‌ک له‌سه‌ر ده‌ریای خه‌زه‌ر له پایته‌ختی ئازه‌ربایجان، باک‌و، و له ٢٣ی هه‌مان مانگ جلوبه‌رگی سه‌ربازییان پێدرا و ڕۆژانه هه‌شت کاتژمێر له‌ژێر چاودێری ئه‌فسه‌رانی ئازه‌ربایجانی مه‌شقیان پێکرا. له هه‌مان کاتدا، ڕۆژانه بۆ ماوه‌ی چوار کاتژمێر له‌لایه‌ن هه‌ندێک له هاوڕێ خوێنده‌واره‌کانیانه‌وه وانه‌ی زمانی کوردی به هه‌ندێک له هاوڕێکانیان ده‌وتراوه.
دوای مامه‌ڵه‌ی خراپی جه‌عفه‌ر باقرۆڤ له‌گه‌ڵ هاوڕێکانی، بارزانی بڕیار ده‌دات سه‌ربازگه‌که‌ی له ئازه‌ربایجانه‌وه بگوازێته‌وه بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی چیرچیک له نزیک تاشکه‌ندی پایته‌ختی ئۆزبەکستان، که له‌وێ درێژه به مه‌شقه سه‌ربازییه‌کانیان بده‌ن.
له ئاداری ١٩٤٩، ئه‌و و هاوڕێکانی به شێوه‌ی یه‌که و گروپ به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌کانی یه‌كێتیی سۆڤێتدا دابه‌ش کران و له کێڵگه‌کانی کۆلخۆز (زه‌وییه‌ک که خه‌ڵک له حکومه‌تیان به کرێ ده‌گرت و پاشان به‌شی حکومه‌تیان ده‌دایه‌وه) کاریان کرد.
دوای هه‌وڵێکی زۆر و ناردنی چه‌ندین نامه له‌لایه‌ن مسته‌فا بارزانییه‌وه بۆ ستالین، نامه‌یه‌ک ده‌گاته ده‌ستی ستالین که تیایدا بارزانی باسی کێشه‌ی هاوڕێکانی ده‌کات و ستالین ده‌ستبه‌جێ بڕیار ده‌دات لیژنه‌یه‌ک بۆ لێکۆڵینه‌وه له دۆخی هاوڕێکانی بارزانی پێکبهێنێت، و له کۆتاییدا بڕیاری لیژنه‌که ئه‌وه بوو که هه‌موویان له شاری ڤریڤسکی کۆبکه‌نه‌وه، بۆیه له تشرینی دووەمی ١٩٥١ ده‌چێته شاری ڤریڤسکی سۆڤێت.
دوای شۆڕشی ١٤ی ته‌مموزی ١٩٥٨ له عێراق و گه‌ڕانه‌وه‌ی مسته‌فا بارزانی، له ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩ به‌پێی هه‌ردوو مادده‌ی سێ و حه‌وت و به‌شی (الف) له مادده‌ی ده، و کارکردن به مادده‌ی ١١، به‌پێی یاسای هه‌موارکراوی ژماره ١٩ی ساڵی ١٩٥٩، ئه‌و و هاوڕێکانی که‌وتنه به‌ر لێبوردنی گشتی.
له ساڵی ١٩٥٨ کۆماری عێراق به سه‌رۆکایه‌تی عه‌بدولکه‌ریم قاسم دامه‌زرا، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هاوڕێکانی به که‌شتی گرۆزا له ڕێگه‌ی به‌نده‌ری به‌سره له باشووری عێراق گه‌ڕایه‌وه کوردستان.
له ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووه و به‌شداریی له شه‌ڕه‌کاندا کردووه، و له ساڵی ١٩٧٥ دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول، وه‌ک په‌نابه‌ر ڕوو ده‌کاته شانشینی ئێران و له بۆردومانی کۆمه‌ڵگه‌ی زێوه له ساڵی ١٩٨٢ بریندار بووه. تا کاتی کۆچی دوایی له زێوه ماوه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه‌کان:
-
حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
-
شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
-
صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ و سێیێ (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
-
عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).
-
كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
-
له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
-
لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).
-
مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
-
نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره AI-١٠، لیستی هه‌ڤاڵانی مسته‌فا بارزانی بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، به‌ڵگه‌نامه له‌لایه‌ن سه‌گڤان هاڵۆ پێشكه‌ش كراوه، ٢٠١٦ز.
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره HB-١٦٤، پارتی دیموكراتی كوردستان، باره‌گای بارزانی، لێژنه‌ی باڵای ناوچه‌ی بارزان، فۆرمی سلێمان خاڵ ئالی ئه‌حمه‌د، پیرمام، ١ تشرینی دووه‌می ٢٠١٨ز.
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره١٩٥- ZB، ده‌قی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ سلێمان سابیر سلێمان له‌لایه‌ن سامی عه‌بدی، پیرمام، ٩ شوباتی ٢٠٢٠ز.







