ژیاننامە:
خدر عیسا دۆڵەمەری لە ساڵی ١٩٢٧ لە گوندی «گیسکە» کە سەر بە هەولێر بووە لەدایکبووە. دوای تێکچوونی شۆڕشی یەکەمی بارزان، شێخ ئەحمەدی بارزانی لەگەڵ زۆرێک لە بنەماڵەکانی بارزان بەرەو باکووری کوردستان کەوتنەڕێ. خدر لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ساڵی ١٩٣٢ کۆچیان کرد بۆ کۆماری تورکیا. بەڵام کاتێک تورکیا شێخ ئەحمەدی بارزانی ڕادەستی عێراق دەکاتەوە، بنەماڵەی خدر لەگەڵ زۆربەی بنەماڵەکانی بارزان دەگەڕێنەوە باشووری کوردستان.
خدر عیسا لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کشتوکاڵ لە زانکۆی «تاشکەند» لە ساڵی ١٩٥٤ بەدەستهێناوە. لە ساڵی ١٩٥٩ بووەتە فەرمانبەر لە فەرمانگەی کشتوکاڵی هەولێر. هەروەها بەهۆی بەشداریکردنی لە شۆڕشی «ئەیلوول» ناچار بووە واز لە کارەکەی بهێنێت؛ بەڵام لە ساڵی ١٩٧٠ دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی پێشووی. خدر بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ڕووسی قسەی کردووە. لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران کۆچی دوایی کردووە و خدر لە گوندی «گیسکە» بە خاک سپێردراوە.
:مێژووی خزمەت
دوای تێکچوونی شۆڕشی دووەمی بارزان لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥، خدر بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەڕێ. پاشان لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ دەچێتە ڕیزەکانی سوپای بارزانی لە کۆماری کوردستان. هەروەها لە ٢٩ی نیسانی هەمان ساڵ لە شەڕی «قەرەو» لە سەقز شەڕی کردووە. خدر لە ساڵی ١٩٤٧ بەشداری شەڕەکانی «شنۆ» و «نەغەدە»ی کردووە. هەروەها یەکێک بووە لەو پێشمەرگانەی کە لە ١٩/٤/١٩٤٧ بە ڕێگای «خواکورک و دەشتی بەرازگرەوا» لەسەر خاکی باکووری کوردستان گەڕاونەتەوە بۆ «شێروان» و «مزوری». دوای گەڕانەوەیان، مستەفا بارزانی لە ١٥/٥/١٩٤٧ لە گوندی «ئەرگوش» کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوڕێکانی کرد و ئازادی پێدان کە بمێننەوە یان بچن بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لە کۆبوونەوەکەدا هەمووان بڕیاریاندا بڕۆن بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ خدر لەگەڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتی سۆڤیەت کەوتەڕێ و لە شەڕەکانی «گالی قتور» و پردی «ماکۆ» شەڕی کرد. دوای ماندووبوونێکی زۆر، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ خدر توانی بگاتە یەکێتی سۆڤیەت دوای ئەوەی بە ڕووباری ئاراسدا تێپەڕی کە دەکەوێتە نێوان سنووری ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە شاری «نەخچەوان» لە کۆماری ئازەربایجان، هەموو هاوڕێکان لە کۆمەڵگەیەکدا جێگیرکران کە بە تێلی دڕکدار دەوردرابوو. لەلایەن سەربازەکانەوە چاودێری دەکران و وەک بارمتەی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا کاتێک باس لە خواردن و جلوبەرگ دەبوو. دواتر حکومەتی سۆڤیەت بڕیاریدا کە هاوڕێکان دابەش بکرێن بۆ شوێنەکانی «ئەغدام»، «لاچین»، «ئەیولاخ» و «کەلبەجەر» لە کۆماری ئازەربایجان. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواسترانەوە بۆ کەمپێکی سەربازی لەسەر دەریاچەی «خەزەر» لە پایتەختی کۆماری ئازەربایجان، «باکۆ». لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان پێدرا و لەلایەن ئەفسەرانی کۆمارەوە ڕۆژانە ٨ کاتژمێر ڕاهێنانیان پێکرا. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لەو هاوڕێیانەی کە بە کوردی دەخوێندەویانەوە، ڕۆژانە ٤ کاتژمێر زمانی کوردی‌یان فێر دەکرد.
دوای خراپ مامەڵەکردنی «جەعفەر باقیرۆڤ» لەگەڵ هاوڕێکان، لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٩ بارزانی بڕیاریدا کەمپە سەربازییەکەی لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی «چەرچوک» لە نزیک شاری «تاشکەند» کە پایتەختی ئۆزبەکستان بوو؛ لەوێ بەردەوام بوون لە ڕاهێنانە سەربازییەکانیان.
لە ئازاری ١٩٤٩ هاوڕێکان دابەشکران بەسەر گوندەکانی یەکێتی سۆڤیەت و کێڵگەکان (کە هاووڵاتیان لە حکومەت بە کرێ دەیانگرت و دواتر پارەکەیان دەدایەوە). هاوڕێکان لەو شوێنانە کاریان دەکرد.
دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩، بارزانی و هاوڕێکانی لێبوردنی گشتییان لەلایەن حکومەتەوە بۆ دەرچوو.
بەهۆی دامەزراندنی کۆماری عێراق لە ١٩٥٨ لەلایەن عەبدولکەریم قاسمەوە، خدر لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتی «گرۆزیا» لە ڕێگەی بەندەری «بەسرە» لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ گەڕانەوە کوردستان.
خدر لە شۆڕشی «ئەیلوول» لە ١٩٦١ بەشداری کردووە. هەروەها خدر بەشداری شەڕەکانی «شوش» (١٩٦١)، «شەرمنای» (١٩٦١)، «بارزان» (١٩٦٣)، «بلێ» (١٩٦٣)، «پیرس» (١٩٦٣) و «ساری ئاکرێ» (١٩٦٣)ی کردووە.
لە ١٩٧٤ خدر چوو بۆ «ئاکرێ» و لە شەڕی «حەسەن بەگ» شەڕی کرد. دواتر بەهۆی تێکچوونی شۆڕشی «ئەیلوول»، کۆچی کرد بۆ ئێران و لە شاری کرماشان نیشتەجێ بوو. پاشان خدر بەشداری شۆڕشی «گوڵان» و شەڕەکانی «لۆلان»، «دەشتی بەرازگر»، «ئاکرێ» و «شێخانی» کرد. هەروەها بەشداری شەڕەکانی «خواکورک» و «خاردان»ی کردووە. لە ١٩٩١ لە ڕاپەڕین و «داستانی کۆڕێ» شەڕی کردووە. هەروەها لە ١٩٩٦ خدر بووە ئەندامی کۆمیتە لە «دۆڵەمەری».
لە ١٢یەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی)، خدر لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە میدالیای بارزانی پێبەخشرا بەهۆی ئازایەتی و بەشداریکردنی لە شۆڕش و شەڕەکانی ئازادی کوردستان.
سەرچاوەکان:
-
حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
-
حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
-
ژیاننامه‌ی شه‌هیدی سه‌ركرده خدر عیسا دۆله‌مه‌ری، گۆڤاری ده‌نگی پێشمه‌رگه، ئۆرگانی مه‌كته‌بی رێكخستنی پێشمه‌رگه، ژماره ٨٨، پیرمام، چاپخانه‌ی رۆشنبیری، ته‌مووزی ٢٠٠٥ز.
-
شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
-
شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه، (پیرمام - چاپخانه خه‌بات - ١٩٩٦ز).
-
ساڵح یووسف سووفی، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
-
ساڵح یووسف سووفی، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ سێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
-
عهمەر فارووقی، سه‌ردار دانا ژیان و تێكۆشانی مه‌لا مسته‌فا بارزانیی نه‌مر، چاپی دووه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٢ز).
-
عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١-١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
-
كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
-
گۆڤاری هه‌تاو، ژماره ١٥٤، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، ١٥ نیسانی ١٩٥٩.
-
له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
-
لێس عه‌بدولموحسین جه‌واد ئه‌لزوبێدی، شۆڕشی ١٤ی ته‌مموزی ١٩٥٨ له عێراق، (به‌غدا - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩ز).
-
مه‌سعوود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
-
مه‌سعوود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٦١-١٩٧٥، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
-
موقداد شاسوار، پێشمه‌رگه‌ی دێرین خدر عیسا بیروباوه‌ڕ له‌هه‌موو جۆره‌كانی چه‌ك به‌هێزتره، گۆڤاری ده‌نگی پێشمه‌رگه، ئۆرگانی مه‌كته‌بی رێكخستنی پێشمه‌رگه، ژماره ٣٤، پیرمام، چاپخانه‌ی رۆشنبیری، تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٠٠ز.
-
نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره AI-10، لیستی هه‌ڤاڵانی مسته‌فا بارزانی بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، به‌ڵگه‌نامه له‌لایه‌ن سه‌گڤان هاڵۆ پێشكه‌ش كراوه، ٢٠١٦ز.
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره AN-87، به‌ڵگه‌نامه‌ی هه‌ڤاڵی بارزانی خزر عیسا خزر، له‌لایه‌ن خۆشه‌وی خزر پێشكه‌ش كراوه، پیرمام، ١٨ كانوونی دووه‌می ٢٠٢٠ز.
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره HB-119، پارتی دیموكراتی كوردستان، باره‌گای بارزانی، لێژنه‌ی باڵای ناوچه‌ی بارزان، فۆرمی خزر عیسا خزر عیسا، پیرمام، ١ تشرینی دووه‌می ٢٠١٨ز.
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره ZB-180، ده‌قی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ خوشه‌وی خدر عیسا له‌لایه‌ن نه‌زیره مێرگه‌سۆری، پیرمام، ١٨ كانوونی دووه‌می ٢٠٢٠ز.








