دوای پەڕینەوەی بارزانی لە بادینانەوە بۆ سۆران، حاجی ڕەسووڵ یەکێک بوو لەو پێشمەرگانەی کە لە ١١ی تەمموزی ١٩٦٢ هێرشیان کردە سەر قەڵای ڕایات و تەواوی سەرباز و چەکدارانی ناو قەڵاکەیان بە دیل گرت، پاشان بەشداری لە شەڕەکانی بنی حەریر، پردی بێنکێلان و کۆسپی سپی لەسەر ڕێگای هامڵتۆن کرد، تا ساڵی ١٩٧٥ وەک پاسەوان لە مكتب سیاسی لە گوندی ناوپردان مایەوە.
لە ساڵی ١٩٧٥، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، چوو بۆ گوندی کۆسرتان و لەوێ مایەوە، لە ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ خێزانەکەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ کۆمەڵگەی بەستۆرە لە شاری هەولێر ڕاگوێزران.
لە ساڵی ١٩٧٩ کوڕەکەی ئیبراهیم حاجی لە چیای کەرتاڵانی گوندی کۆسرتانی سەر بە ناحیەی چۆمان شەهید بووە، دوای شەهیدبوونی کوڕەکەی ئەو و سێ کوڕەکەی دیکەی و کەسوکارەکەی چوون بۆ ڕوژههلاتی کوردستان، لە ١٢ی نیسانی ١٩٧٩، توانی لە ڕێگای شێنێ و قاسمرەشەوە بگاتە ڕوژههلاتی کوردستان و جارێکی دیکە پەیوەندی بە سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بکات، و لەگەڵ کوڕ و کەسوکارەکەی چوونە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، و بەشداری لە ڕێگەی مەفرەزەی گەڕۆک لە شۆڕشی گوڵان لە ناوچەی باڵەکایەتی کرد.
ساڵی ١٩٩١ گەڕایەوە باشووری کوردستان و بەشداری لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ناوچەی خۆشناوەتی کرد، و تا تەمەنی هەشتا و پێنج ساڵی لە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام بوو لە خەبات، ساڵی ١٩٩٢ گەڕایەوە گوندی کۆسرتان لە قەزای چۆمان و لە گوندەکەی ناوبراو ژیا تا کۆچی دوایی کرد.
وەک پێزانینێک بۆ خزمەتە گەورەکانی، لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی لە کاتی ئاهەنگی یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان مەدالیای بارزانی پێ بەخشرا.
لە ١٢ی تەمموزی ٢٠٠٢ کۆچی دوایی کرد.
سەرچاوە:١- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


