ئیبراهیم محەمەد عەزیز، ناسراو بە (ئیبراهیم ڕەشاوەیی)، لە ساڵی ١٩٢٨ لە گوندی ڕەشاوەی سەر بە ناحیەی نێروەیی قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆک لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٥٩ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەکات و لە ساڵی ١٩٦١ بە دەستپێکی شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ چەکەکەی خۆی چوو بۆ ناو ڕیزەکانی پێشمەرگەی سەر بە دەڤەری بەرواری باڵا و لەگەڵ پێشمەرگەکانی مەلا شین لە شەڕەکانی دەڤەری ئامێدیدا بەشداری کردووە. پاشان لەلای حارس خانۆ بێداروونی بووە پێشمەرگە و لە شەڕەکانی خیزالا، گۆڕا باهیڤێ، سەری بێداروونێ، پرێ چەمێ بەشداری کردووە. لە ساڵی ١٩٦٢ لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی چووەتە ناوچەی سۆران. لە سەرەتادا لە دۆلەرەقە و پاشان لە سەنگەسەر لەگەڵ هیسۆ میرخان جاجوکی بووە. لە ساڵی ١٩٦٤ بۆ ناوچەی گەلالە گواستراوەتەوە و لە ساڵی ١٩٦٥ لە قەسرێ بووە. بەهۆی هەڵگرتن و گواستنەوەی سندووقی فیشەک و گوللەتۆپ تووشی ئازاری پشت بووە و بۆ ورمێ گواستراوەتەوە و لەوێ نەشتەرگەری بۆ کراوە.

 

لە ساڵی ١٩٧٥ پاش شکستی شۆڕش، ماوەیەک لە پشوودان بووە و چەکەکەی ڕادەستی ڕژێمی عێراق کردووە. بەڵام خۆی بە قاچاخ چوو بۆ دەڤەری دۆسکییان و لەوێوە خۆی گەیاندە باکووری کوردستان. پاشان وەرگەی زێوە و شاری نەغەدە و لەوێ بووە پاسەوانی بارەگای بارزانی. پاش چوونی بارزانی بۆ کەرەج، ماوەیەک بۆ وەرگەی جەهرەم گواستراوەتەوە و لەوێوە ناردوویانە شاری ئابادان. پاشان بە قاچاخ خۆی گەیاندووە شاری کەرەج و لەگەڵ ئیدریس بارزانی دیداری کردووە. لە ڕۆژی ١٦ی ئەیلوولی ١٩٧٦ لەلایەن ئیدریس بارزانییەوە ناردوویانە بۆ باشووری کوردستان.

 

لە ساڵی ١٩٨٠ لە هێزی پێشمەرگەی سەر بە مستەفا نێروەیی بووە. لە ساڵی ١٩٨٠ پاش دەستپێکردنی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، دۆڵی ئیسمانکاوەی سەر بە دەڤەری بادینان هێدی هێدی ئازاد بووە. بۆ ئەو مەبەستە ئیبراهیم ڕەشاوەیی چووە گوندی ئەلێی سەر بە دەڤەری نێروە و لەوێوە گوندێک کە نزیکەی ٤٠ ماڵ لە بنەماڵەی پێشمەرگەکان پێکدێت. لە ساڵی ١٩٨٨ پاش ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی دەڤەری بادینان، لەگەڵ هەموو بنەماڵەی ئەو گوندە خۆیان گەیاندە باکووری کوردستان و لە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٩ گەڕاوەتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە ساڵی ١٩٩٢ پاش ڕاپەڕینی جەماوەریی باشووری کوردستان گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان.

 

ئیبراهیم ڕەشاوەیی بەشداری ٣٩ شەڕی کردووە و لە شەڕەکانی سەری ئامێدی لە ساڵی ١٩٦١، شەڕەکانی دەڤەری چۆمان لە ساڵی ١٩٧٤ و شەڕی گەلیی ڕەشاوەی سەر بە دەڤەری ئامێدی لە ساڵی ١٩٧٨ بریندار بووە. لە ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی وەرگرتووە.

سەرچاوە:

١. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.