لە شەوی ١١/١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٨٦، سوپاى عێراق بە پشتیوانی تۆپخانە و فڕۆکە جەنگییەکان هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری زاخۆ دەستپێکرد، کە بارەگای لیژنەی ناوچەی زاخۆی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی لێ بوو، هێرشە سەربازییەکەی سوپا و هێزە چەکدارەکانی حکومەت بەرزاییەکانی دەلایی گرتەوە، لە ئەنجامدا پەیوەندییەکانی نێوان لیژنەی ناوچەی زاخۆ و هێزی پێشمه‌رگه‌ لە تەلاری ناوچەکە لەگەڵ ناوچەکانی تر پچڕا، بۆ گەیاندنی هەواڵی ئەم هێرشە حکومییە، لیژنەی ناوچەی دهۆک پەیوەندی بە سەرکردایەتی شۆڕشەوە کرد بۆ ئاگادارکردنەوەی لە بوونی شەڕێکی توند لە سنووری نێوان دهۆک و زاخۆ و فڕۆکە جەنگییەکان بە چڕی بۆردومانی پێگەکانی پێشمه‌رگه‌یان دەکرد، لە ئەنجامی ئەم بۆردومانە پیاوێکی بەتەمەن لە گوندی کانی پۆنگ بە ناوی حاجی نەبی شەهید بوو و چوار ژن و منداڵ بریندار بوون، هەروەها بۆردومانی فڕۆکەکان بۆ سەر گوندی زیوە لە نزیک بارەگای لقی یەکەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام بوو، لەوێش پیاوێکی بەتەمەنی تر شەهید بوو.

دیارە ئامانجی حکومەتی عێراق لە هێرشکردنە سەر بارەگا و پێگەکانی پێشمه‌رگه‌ لە ناوچەی بادینان سەرکوتکردنی دەنگ و ڕەنگی شۆڕش بوو بەرامبەر بەو چالاکی و هێرشانەی کە بەردەوام بوون لە ناوچە جیاوازەکان بە شێوەی شەڕی پارتیزانی دژی هێزە حکومییەکان، لەوانە لێدانی ڕەبایە و بارەگا سەربازییەکان و دانانی کەمین لە ڕێگاکان، کە بێگومان بووە هۆی زیانێکی گەورەی گیانی و ماڵی بۆ هێزە سەربازییەکانی عێراق لەلایەک، و لەلایەکی ترەوە حکومەتی خستە دۆخێکی مەترسیدارەوە کە هەمیشە هەستی بە ئاسوودەیی نەکردبێت. چونکە لق و لیژنە ناوچەییەکان و ڕێکخراوەکان و هێزی پێشمه‌رگه‌ بە جۆرێک بەسەر ناوچەکاندا دابەش کرابوون کە هەر یەکەیان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیدا چالاک بوون.

هێرشەکانی سوپا و هێزە چەکدارەکانی حکومەت بۆ چەند ڕۆژێک لە سنووری هەردوو دهۆک و زاخۆ بۆ سەر بارەگا و پێگەکانی پێشمه‌رگه‌ بەردەوام بوو، لە ١٣ی تشرینی دووەمی ١٩٨٦، ناوچەی دهۆک بە سەرکردایەتی شۆڕشی ڕاگەیاند کە حکومەت هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەی زاخۆ چڕتر کردووەتەوە و دەستی بەسەر بارەگای ناوچەکەدا گرتووە، و فڕۆکەکان بەردەوامن لە بۆردومانی ناوچەکە، شایانی باسە هێزی پێشمه‌رگه‌ بەرگرییان کرد و لە بەرامبەر هێزە حکومییەکاندا سەنگەریان گرت، بەتایبەت پێشڕەوی چەکدارە بەکرێگیراوەکان (جاشەکان) و هێرشەکانیانی لە کاتژمێر چواری ئێوارەی ١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٦ تێکشکاند.

هێرشەکانی سوپاى عێراق و هێزە چەکدارەکانی بۆ سەر ناوچەکانی شۆڕش ئەوەی دەرخست کە حکومەت هەمیشە هەوڵی داوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو کوردستاندا بسەپێنێت و دەنگی شۆڕش لە هەموو ناوچەکان کپ بکات و چالاکییەکانی پەک بخات.

سەرچاوەکان:
  1. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی چوارەم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی دووەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.

  2. شیمال زێباری، هندەک ڕاستیێن ڤەشارتى د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر – ٢٠١٥.

  3. حاجى میرخان دۆڵەمەری، گەڕان بە دوای دادپەروەرییدا، بەرگی یەکەم، چاپی دووەم، کوردستان – ٢٠٢١.