حەمەخان ئەمین حەمە کەریم لە ساڵی 1957 لە گوندی دەرکە شێخانی سەر بە ناحیەی بیارە لە دەڤەری هەورامان لە دایکبووە، گوندنشینێکی کشتوکاڵ و باخداری بووە. خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە و دوای پاشەکشەی شۆڕشی ئەیلول پەنای بۆ ئێران بردووە و لە کۆمەڵگەی بارام ئاوا نیشتەجێ بووە. هاوسەرگیری لەگەڵ شوکریە کردبوو... و تاکە کوڕی خۆیان بوو بە ناوی هێمان.
پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی لیوای هەورامانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتی نادر هەورامی کە بارەگاکانی لە پەرواس و کیمنە بوو لەسەر سنووری نێوان عێراق و ئێران. لە چەندین شەڕدا بەشداری کردووە، لەوانە شەڕی کانی سەیف، شەڕی چیای شارام، شەڕی ئەحمەد ئاوا، شەڕی خواکورک. لە ساڵی 1988 دوای ئەوەی لە شەڕی خواکورکدا لەلایەن سوپای بەعسەوە تەقەی لێکرا، شەهید بوو. تەرمەکەی لە لایەن هەڤاڵەکانیەوە گواسترایەوە بۆ خاکی ئێران و لەوێ لە دەربەند دیزلی بەخاک سپێردرا. باوکی لە ساڵی 1963 شەهید بوو، براکەی میرزا ئەمینیش لە ساڵی 1988 لە کیمیابارانی هەڵەبجە شەهید بوو.
سەرچاوە:
ئەرشیفی دەسەڵاتی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.




