جەبار محمد شەریف ناسراو بە جەباری حاجی شەریف، لە ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی وەڵا سامت کە سەر بە ناحیەی سەیدسادقە لە دایک بووە. گوندنشینێک بوو لە کشتوکاڵدا کاری دەکرد. لە ساڵی ١٩٧٧ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە زۆر ئاوارە کرا بۆ کۆمەڵگەی شانیر. یەکێک لە براکانی بە ناوی سەلاح محەمەد لە ساڵی ١٩٨٨ شەهید بوو.
لە 14ی 1ی 1981، لە هێزی سورین، لە چوارچێوەی لیژنەی خۆجێیی دەربەندیخان سەر بە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە کرد. لە دەشتی شارەزوور بەشداری لە چالاکییەکانی شەڕی گەریلادا کردووە.
لە ٢٠ی ئابی ١٩٨١ مەفرەزێک کە پێکهاتبوو لە ژمارەیەک پێشمەرگە لە بارەگای سیامیوا لە دامێنی سورینەوە بەرەو دەشتی شارەزوور بە ئەرکێک بۆ ئەنجامدانی ڕووپێوی و ئەنجامدانی چالاکیی شەڕی گەریلا لەو دەشتەی کە پێشتر ئاماژەمان پێکرا، بەڕێکەوتن. بەڵام لە ٢٣ی ئابی ساڵی ١٩٨١ لە گوندی ناوگەردان لە دەشتی شارەزوور لەلایەن هێزێکی یەکێتی نیشتمانپەروەرەوە کەوتنە بۆسە. دوای ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لە نێوان هەردوولا، جەبار حاج شەریف و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی شەهید بوون، ئەوانیش: جەمال مەلا عەلی، جەبار محەمەد شەریف، ئەحمەد بانیشەری، و ساڵح خاڵە.
سەرچاوە:
ئەرشیفی دەسەڵاتی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان




