ئەم پەرتووکە لە بنەڕەتدا تێزی دکتۆرایە و لە پێشەکییەک و چوار بەش و پاشکۆ پێکهاتووە.
بەشی یەکەمی لە بارەی هۆزەکانی بارزان تا ساڵی ١٩١٥یە و چوار تەوەر لەخۆ دەگرێت، کە باس لە بنچینەی ناوی بارزان و شوێنی جوگرافی و دانیشتوان، ڕۆڵی شێخەکانی نەقشبەندی لە یەکگرتنی هۆزەکانی بارزان، هۆزەکانی شێخی بارزان و بارودۆخی کۆمەڵایەتیی، بەرگریکردنی هۆزەکانی بارزان بە ڕێبەرایەتی شێخ عەبدولسەلام بارزانی بەرامبەر دەسهەڵاتدارانی عوسمانی تا ساڵی ١٩١٥، دەکات.
بەشی دووەمی پەرتووکەکە باس لە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی هۆزەکانی بارزان لە نێوان ساڵانی (١٩١٥-١٩٣١) دەکات و لە سێ تەوەر پێکدێت کە باسی پێشهاتە سیاسییەکان و کاریگەرییان لەسەر هۆزەکانی بارزان لە نێوان ساڵانی (١٩١٥-١٩٢١)، پێشهاتە سیاسییەکان لە عێراق و کاریگەرییان لەسەر هۆزەکانی بارزان لە نێوان ساڵانی (١٩٢١-١٩٢٧)، هەڵوێستی بەریتانیا و عێراق لەسەر جموجۆڵی هۆزەکانی بارزان نیوان ساڵانی (١٩٢٧-١٩٣١)، دەکات.
بەشی سێیەمی لە بارەی جموجۆڵی هۆزەکانی بارزان بە سەرکردایەتی شێخ ئەحمەدی بارزانی لە نێوان ساڵانی (١٩٣١- ١٩٣٥)یە، سێ تەوەر لەخۆ دەگرێت کە باس لە هۆکاری بزووتنەوەی چەکداری هۆزەکانی بارزان و هەڵوێستی هۆزەکانی کورد و حکومەتی عێراق و دەسهەڵاتدارانی بەریتانی و وڵاتانی دەوروبەر لە نێوان ساڵانی (١٩٣١-١٩٣٥)، هەڵوێستی ڕۆژنامەگەری عێراقی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لەبارەی بزوتنەوەی هۆزەکانی بارزان بە سەرکردایەتی شێخ ئەحمەد بارزانی لە نێوان ساڵانی (١٩٣١-١٩٣٥)، گەڕانەوەی دەسهەڵاتی بەڕێوەبردن لە دەڤەری بارزان لە نێوان ساڵانی (١٩٣٣-١٩٣٥)، دەکات.
بەشی چوارەمی ئەم پەرتووکە باس لە ڕەوشی هۆزەکانی بارزان نێوان ساڵانی (١٩٣٥-١٩٥٨) دەکات و لە سێ تەوەر پێکدێت، بارودۆخی ناوچەی بارزان و هۆزەکانی تا ساڵی ١٩٤٣، بزاڤی مەلامستەفا بارزانی و ڕۆڵی هۆزەکانی بارزان لە نێوان ساڵانی (١٩٤٣-١٩٤٥)، بارودۆخی بارزانییەکان لە نێوان ساڵانی (١٩٤٥-١٩٤٧).
داگرتن (پی دی ئێف) ئۆنلاین بیخوێنەرەوە