بابەت: لە ناوچەکانى سەر بە هێزى دەشتى هەولێر پێشمەرگە چەند نەبەردییەک دەنوێنێ
ڕێکەوت: ٢٨/٨/١٩٦٩
نێرەر: بەتالیۆنی٢ی ھێزی دەشتی ھەولێر
وەرگر: ھێزی دەشتی ھەولێر/ بارزانی/ گشت بارەگاکان
ژمارەی برووسک: ٢٣
لە ناوچەکانى سەر بە هێزى دەشتى هەولێر پێشمەرگە چەند نەبەردییەک دەنوێنێ

دەقی نامەکە

لە روژي ٢٥/٨ میري ھیرشي ھینا لە خطي ھەولیر لە ٣ سي لاوە لە ئەنجامدا شەر بەردەوام بو تاکو ئیوارە نەیتواني لە بەردەباز بیتە پیش. ٢- لە روژي ٢٦/٨ دوبارە شەر دەستي پي کرد سەر لەبەیاني بە ھیزي جاشو قوەتي میري لە خطي بەستورە و سەري رەش شوربونەوە بو گوندي گومەسپان و کاني کەوان بەیارمەتي دەبابە و مدرعە وە لەم گوندانە ھندیک خانوي سوتاندن پیشمەرگە قارەمانەکانمان شەریکي مەردانەیان لەگەلي کردن وە لە ئەنجامدا میري شکاوە وە گەرایەوە بو بەردەباز و دوژمن ھەر لە بەردەبازەوە شەر بەین ھەیە بە دریژي شەو و روژ فروکە و توپ بەردەوامن لە قصفي ناوچەکەمان. ٣- لە ئیوارەي ٢/٨ لەسەعات (٦) توپەکانمان گوللە باراني جبھەي پیشەوەي میري کرد بو ماوەي سەعاتیک ھەروەھا توپەکانمان جیگاي کاریکرد سەرباز و جاش رایان ئەکرد وەک مشک لەژیر گولەباراني توپەکانمان بەچاو ئەدیترا لەناو معسکر کە سیارە و خیمە ئەسوتان. ٤-دوژمن ھیچ معنویاتي نیە وە پیشمەرگە قارەمانەکانمان بە ھەموو عەزمو ایمانەوە وە پر بە دل هەول ئەدەین لە پیناوي سەرکەوتني شورشە پیروزەکەمان بە سەروکایەتي بارزاني.

وەرگێڕان

لە ڕۆژی ٢٥/٨ هێزەکانی حکومەت لە سنووری هەولێر لە سێ لاوە ھێرشیان ھێنا و لە ئەنجامدا شەڕ هەڵگیرسا و بەردەوام بوو هەتا ئێوارە، بەڵام دوژمن نەیتوانی لە بەردەباز بێتە پێشەوە. ٢- لە ڕۆژی ٢٦/٨ دووبارە شەڕ دەستیپێکردەوە و سەرلەبەیانی ھێزی جاش و هێزەکانی حکومەت لە سنووری بەستۆرە و سەری ڕەشەوە بە پاڵپشتیی تانک و زرێپۆش شۆڕبوونەوە بۆ گوندی گۆمەسپان و کانی کەوان و ھەندێک خانووییان لەم گوندانەدا سوتاند. پێشمەرگە قارەمانەکانمان شەڕێکی مەردانەیان لەگەڵدا کردن و لە ئەنجامدا حکومەت شکا و گەڕایەوە بۆ بەردەباز. دوژمن ھەر لە بەردەبازە و شەر بەین ھەیە بە درێژایی شەو و ڕۆژ فڕۆکە و تۆپ بەردەوامن لە بۆردومانی ناوچەکەمان. ٣- لە ئێوارەی ٢/٨ کاتژمێر ٦ بۆ ماوەی کاتژمێرێک تۆپەکانمان بۆردومانی بەرەی پێشەوەی هێزەکانی حکومەتیان کرد و ھەروەھا تۆپەکانمان جێگای کاریکرد سەرباز و جاشەکان وەک مشک لە ژێر بۆردومانی تۆپەکانمان ڕایاندەکرد و بەچاو دەبینرا کە لەناو سەربازگەکەدا ئۆتۆمبێل و خێمە دەسوتان. ٤- دوژمن ھیچ ورەی نەماوە و پێشمەرگە قارەمانەکانمان بە ھەموو ئیرادە و باوەڕێکەوە پڕ بە دڵ هەوڵدەدەن لە پێناوی سەرکەوتنی شۆڕشە پیرۆزەکەمان بە سەرۆکایەتیی بارزانی .