کورد لە ململانێی پێکهاتەکانی خیلافەتی عەبباسی
ئەم پەرتووکە توێژینەوەیەکی ئەکادیمییە، لە پێشەکییەک و سێ بەش و هەر بەشێکیش لە چەند تەوەر و باسێک پێکهاتووە.
بەشی یەکەمی پەرتووکەکە لەبارەی ناساندنی پێکهاتەکان و ڕیشەی مێژوویان و هۆکارەکانی ململانێ و کێبڕکێیان لە خیلافەتی عەباسیدایە، دوو تەوەر و هەر تەوەرێک چەند باسێک لەخۆدەگرێت کە باس لە پێکهاتە جیاوازەکانی وەک عەرەب، فارس، دەیلەم، تورک و کورد، هۆکارەکانی ململانێی نێوان پێکهاتەکان وەک دەسەڵاتخوازی، ئابوری، نەتەوەیی و ڕەگەزی، ئاینی و مەزهەبی دەکات.
بەشی دووەمی تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی کورد لە ناکۆکی نێوان پێکهاتەکانی ناو دەسەڵات لە سەردەمی عەباسیدا، دوو تەوەر و هەر تەوەرێک چەند باسێک لەخۆدەگرێت لەبارەی، بەشداری کورد لە ململانێی پێکهاتەکان لە چوارچێوەی دەسەڵاتداری بوەیهیدا وەک کێشەی نێوان عەرەب و بوەیهییەکان، ناکۆکی ناوخۆیی لەناو بنەماڵەی بوەیهیدا، شەڕ و کێشەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی بوەیهی و هێزەکانی ڕۆژهەڵات، بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەکانی بوەیهی لەگەڵ دەیلەمەکان. هاوبەشی کورد لە کێشە و ناکۆکی و ململانێی نێوان پێکهاتەکان لەسەردەمی فەرمانڕەوایی سەلجوقیدا وەک ڕووبەڕووبوونەوەی سەلجوقی و بەساسیری، گرفتەکانی دەسەڵاتداریەتی سەلجوقی لەگەڵ خیلافەتی عەباسیدا، ململانێی ناوخۆیی تورکەکان.
بەشی سێیەمی ئەم پەرتووکە تەرخان کراوە بۆ ڕەنگدانەوەی ناکۆکی و ململانێی پێکهاتەکانی ناو دەسەڵاتی عەباسی لەسەر کوردستان، سێ تەوەر و هەر تەوەرێک چەند باسێک لەخۆدەگرێت لەبارەی کاریگەری ململانێیەکان بەسەر ڕەوشی سیاسی و سەربازیی ناوچە کوردنشینەکاندا وەک سەرهەڵدان و لەناوچوونی دەسەڵاتە خۆجێیەکان، لێکەوتە سەربازییەکان. ئەنجامە ئابوورییەکانی ململانێکان لەسەر ناوچە کوردنشینەکان وەک خاپوورکردنی کێڵگە کشتوکاڵییەکان، لەناوچوون و دەستبەسەرداگرتنی سامانی ئاژەڵی و بڵاوبوونەوەی ڕژێمی دەرەبەگایەتی، سەپاندنی باجی زۆر، شلەژانی ئاسایشی خۆراک و بارودۆخی بازرگانی. لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی ململانێی پێکهاتەکان بەسەر کۆمەڵگەی کوردییەوە وەک گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیا و پێکهاتەی دانیشتوان، لێکەوتە کلتووری و فەرهەنگیەکان.
داگرتن (پی دی ئێف) ئۆنلاین بیخوێنەرەوە