
ئەم پەرتووکە لێکۆڵینەوەیەکە لە بارەی مێژوویەکی خوێناوی و سامناکی میللەتی کورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، لە پێشەکییەک و نۆ بەش پێکهاتووە.
بەشی یەکەمی لە بارەی مێژووی کۆن و سەرهەڵدانی کوردە، لەم بەشەدا پرسی ئێتنۆلۆژیای کورد دەخرێته بەر توێژینەوەیەکی کورت، هەروەها باسێک لەبارەی مادەکان و پەیوەندیی ڕاستەقینەیان به کورد تاوتوێ دەکرێت، دوایی پرسی جیۆگرافیا و مێژوو پێکەوه گرێ دەدرێت که بوونەته هۆی گۆشەگیربوونی کورد.
بەشی دووەم باس له ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و کاریگەرییەکانی بەسەر نەتەوەی کورد کراوه، هەروەها ئاماژەی گرنگ به چۆنییەتی بەکارهێنانی هۆزه کوردییەکان و پارچه پارچەکردنیان و خەڵەتاندنیان بەناوی ئایین دراوه، له پاڵ ئەوانەش کۆمەڵکوژیی ئەرمەن و کورد بەدەستی تورکه عوسمانی و تورکه لاوەکان کراوه.
بەشی سێیەم تەرخان کراوه بۆ جەنگی یەکەمی جیهانی و دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن هەریەک له بەریتانیا و فەڕەنسا و ڕووسیاوه، هەوڵەکانی کەسایەتییەکوردەکان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان له چوارچێوەی پەیمانی سیڤەر و دواتریش ڕێککەوتنی ئەتاتورک لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان له چوارچێوەی پەیماننامەی لۆزان خراونەته بەرباس، دۆزینەوەی نەوت له ناوچەکه وەکو سەرەتایەک بۆ بەدبەختی کورد و پێداگریی بەریتانیا له سەر دروستکردنی وڵاتێک بۆ هۆزه عەرەبەکانی باشووری میزوپوۆتامیا و بەزۆر لکاندنی کورد بەو وڵاتەوه، تاوتوێ کراوه.
بەشی چوارەم تایبەت کراوه به دروستکردنی وڵاتێک بەناوی عێراق لەلایەن بەریتانیا و یەکلاکردنەوەی کێشەی ویلایەتی مووسڵ له بەرژەوەندی عێراق و پەراوێزخستنی ویستی نەتەوەیی کورد.
له بەشی پێنجەمدا سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی بارزان و دروستبوونی ڕەوتێکی تازەی نەتەوەیی خراوەته ڕوو، لەم بەشەدا ڕۆڵی گەورەی ڕێبەری کورد مستەفا بارزانی له بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان دەردەکەوێت، هەروەها دروستبوونی کۆماری کوردستان له مەهاباد به سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەمەد و ڕۆڵی گرنگی لەشکری شۆڕشگێڕی بارزان، به فەرماندەیی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی هێنراوەته بەر باس و لێکۆڵینەوه.
گرنگترین باسەکانی بەشی شەشەم بریتین له شۆڕش، واتە کودەتای چواردەی تەمووز و گەڕانەوەی مستەفا بارزانی له تاراوگه، سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوول و کودەتای بەعسییەکان، بەردەوامیی شۆڕش و ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار، ڕێککەوتننامەی شومی جەزائیر و لەباربردنی خەونی ئۆتۆنۆمی کورد.
لە بەشی هەفتەم باسی جینۆسایدی گەلی کورد کراوه، که دوای ڕێککەو تننامەی جەزائیر، بەعسی سەدام دەست دەکات به کاولکردنی کوردستان به هەموو شێوازێک، جینۆسایدی کوردی فەیلی و دواتر دەسپێکی جەنگی عێراق و ئێران و دیسانەوه کۆمەڵکوژیی کورد، سەرەتا جینۆسایدی بارزانییەکان پاشان ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەی کیمیایی دژی خەڵکی بێتاوانی کوردستان.
بەشی هەشتەم تەرخان کراوه بۆ پرسی دیمۆگرافیا و ژمارەی دانیشتوانی باشووری کوردستان، لێرەدا تیشک خراوەته سەر هەوڵەکانی چۆنیەتی له بنهێنانی گەلی کورد و پاکتاوکردنی که چون بووەته هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانی کورد له باشووری کوردستان.
بەشی نۆیەم بریتییه له ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس له عێراق و هاتنی گروپێکی شیعەی سەر به ئێران بۆ حوکمڕانیکردنی وڵاتەکه، هەروەها بەشداریکردنی کورد له دووباره بونیادنانەوەی عێراق، دواتریش نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق، هەروەها پرسی سەرهەڵدانی داعش و هەرەسهێنانی سوپای عێراق له مووسڵ، بڕیاری کورد بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبی به هاوکاری ئێران و هەڵسوكەوتی وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەرانبەر بڕیاری گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی، خراوەتەڕوو.
داگرتن (پی دی ئێف) ئۆنلاین بیخوێنەرەوە