سەدەیەک داستان و دانوستان کورد وعێراق و شوناسی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان

ناو: سەدەیەک داستان و دانوستان کورد وعێراق و شوناسی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان
نووسەر: د. ماجید خەلیل فەتاح
زمان: کوردی
بەرواری بڵاوکردنەوە: ٢٠٢٥

ئەم پەرتووکە توێژینەوەیەکی ئەکادیمییە باسی مێژووی ململانێی کورد و حکومەتەکانی عێراق لەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکات، لە پێشەکییەک و دەروازە و سێ بەش و هەر بەشێک لە چەند باس و تەوەرێک، پاشکۆی بەڵگەنامە و نەخشەکان پێکهاتووە.

دەروازەی ئەم پەرتووکە لە بارەی پێشینەی سنووری جوگرافی و چەمک و چوارچێوەی نەتەوەیی و تایبەتمەندی شوناسی پێکهاتەکانە.

بەشی یەکەمی تەرخان کراوە بۆ پێشینەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و پڕۆسەی دانوستانەکانی نێوان سەرکردایەتی کورد و دەوڵەتی عێراق، دوو باس و چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت لە بارەی پێشینەی پرسی ناوچە کوردستانییەکان لە قۆناغی پاشایەتیدا لە نێوان ساڵانی (١٩٢١-١٩٥٨) وەک ڕەهەندە نێوخۆی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراقی عەرەبییەوە و قۆناغبەندی جیاکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان و پێشینەی پرسەکە تاوەکو شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ۱۹٥۸. پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەکانی شەڕ و دانوستانەکانی سەرکردایەتی کورد و دەوڵەتی عێراقدا لە نێوان ساڵانی(١٩٥٨-١٩٩٢) وەک، ڕەنگدانەوەی ڕەوشی شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ۱۹٥۸ی عێراق لە سەر ناوچەکانی ململانێی نێوان کورد و حکومەتی عێراق، ناوچەکانی ململانێ لە پڕۆسەی دانوستانەکانی نێوان سەرکردایەتی کورد و حکومەتەکانی عێراقدا نێوان ساڵانی(۱۹٥٨-١٩٧٥)، شوێنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە نێوان کورد و دەوڵەتی عێراقدا نێوان ساڵانی (۱۹۷٥-۱۹۹۲).

بەشی دووەمی تایبەتە بە سیاسەتی دەوڵەتی عێراق و پارتە کوردستانی و عێراقییەكان لە سەر پرسەکە لەنێوان ساڵانی (۲۰۱۰-۱۹٥۸)دا، دوو باس و چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت کە لە سیاسەتی حکومەتەکاندا بە عەرەبکردن و ڕاگواستن و پاکتاوی ڕەگەزی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت. شوێنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە تێڕوانینی پارتە کوردستانی و عەرەبییەکانی عێراقدا.

بە شی سێیەمی تەرخان کراوە بۆ سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی و پڕۆژە و دەستوورەکانی عێراق و کوردستان لەسەر ململانێکە، دوو باس و چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت وەک سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمی دەرهەق بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە  لە سیاسەتی نێودەوڵەتی ڕوانگەی ئەمریکا و بەریتانیا و ڕووسیا وەرگیراوە، لە وڵاتانی هەرێمیش ئێران و تورکیا بە نموونە هێنراوەتەوە. ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە بڕگە و ماددە دەستووریییەکانی عێراق تاکو ساڵی ٢٠٠٣ و  عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٣ -٢٠١٠.

داگرتن (پی دی ئێف) ئۆنلاین بیخوێنەرەوە