بزووتنەوەی قوتابیانی کورد لە عێراق (١٩٢٦-١٩٧٠)

ناو: بزووتنەوەی قوتابیانی کورد لە عێراق (١٩٢٦-١٩٧٠)
نووسەر: ماجد حەسەن عەلی
زمان: کوردی
ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە: ٢٠٢٥

ئەم پەرتووکە توێژینەوەیەکی ئەکادیمییە کە لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوە، باسی مێژووی بزووتنەوەی قوتابیانی کورد و خەباتی پیشەیی و سیاسییان لە عێراق لە نێوان ساڵانی (١٩٢٦-١٩٧٠) دەکات، لە پێشەکی و بەرایی و چوار بەش و پاشکۆکان پێکهاتووە.

 لە بەرایی باس لە سەرەتایی پەیدابوونی توێژی قوتابیانی کورد و سەرهەڵدانی هۆشیاریی سیاسی و ڕێکخراوەیی قوتابیان، لە کۆتایی سەردەمی دەوڵاتی عوسمانی دەکات، دواتر هەنگاونان بۆ دامەزراندنی یەکەم ڕێکخراوی قوتابیانی کورد بەناوی کۆمەڵەی هێڤی لە ساڵی ١٩١٢ و ڕۆڵی قوتابیانی کورد لەو کۆمەڵە و ڕێکخراوانەدا.

بەشی یەکەمی لە بارەی ڕۆڵی قوتابیانی کورد لە کۆمەڵە ڕۆشنبیری و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کورد لە عێراقدا لە نێوان ساڵانی (١٩٢٦-١٩٤٦)ە، دوو تەوەر لەخۆدەگرێت، ڕۆڵی قوتابیانی کورد لە پێکهێنانی کۆمەڵە ڕۆشنبیری و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا تا سەربەخۆیی عێراق ساڵی ١٩٣٢ وەک کۆمەڵەی قوتابخانەی نەهزە (ڕابوون)، ئەو کۆمەڵانەی دوای یەکلاییکردنەوەی ویلایەتی موسڵ پێکهاتن، کۆمەڵەی لاوان، کۆمەڵەی یاریدەدەری کورد و کۆمەڵەی دیدەوانی کورد. پەرەسەندنی ڕۆڵی قوتابیانی کورد لە قۆناغی دوای سەربەخۆیی عێراقدا وەک یانەی سمکۆ شکاک، کۆمەڵەی ئازادیی کورد، کۆمەڵەی بروسک، کۆمەڵەی دارکەر، پێشڕەوی قوتابیان لە حزبی هیوا  و ڕۆڵی قوتابیان لە کۆمەڵە و ڕێکخراوە چەپەکانی کوردا.

بەشی دووەمی تایبەتە بە پەرەسەندنی ڕێکخستنەکانی قوتابیانی کورد لە عێراق لە نێوان ساڵانی (١٩٤٦-١٩٧٠)، لە دوو تەوەر پێکدێت کە باسی هەوڵەکانی دروستکردنی ڕێکخراوی قوتابیان لە عێراق دەکات وەک هەوڵە بەراییەکانی پێکهێنانی یەکێتی قوتابیان لە عێراق، دامەزراندنی یەکەم ڕێکخراوی قوتابیان لە عێراق، سەرهەڵدانی ڕێکخراوێکی بزوتنەوەی قوتابیانی کورد دوای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد (پارتی)لە ساڵی ١٩٤٦، پێکهێنانی ڕێکخراوی قوتابیانی کورد(K.P.X)(کۆمەلەی پێشکەوتنی خوێندەواری) ساڵی ١٩٤٦ لە کۆیە و کۆنگرەی (ئەلسیباع)ی ساڵی ١٩٤٨ و یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق. پێکهێنانی ڕێکخراوی قوتابیانی کورد لە عێراق وەک دامەزراندن و پەرەسەندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان.

بەشی سێیەم کە دوو تەوەر لەخۆ دەگرێت لە بارەی هەڵوێستی قوتابیان و ڕێکخستنەکانی قوتابیانی کورد لە هەمبەر پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوە لە نێوان ساڵانی ١٩٢٦-١٩٧٠یە، پەرەسەندنە ناوخۆیی وەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ناسیونالیستی کورد، ڕووداو و پەرەسەندنە سیاسییەکانی ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٢٦-١٩٦١)، ڕاپەڕینی بارزان لەنێوان ساڵانی ١٩٤٣-١٩٤٥، هەڵوێستی قوتابیان هەمبەر سیاسەتی حکومەت بەرامبەر بارزانییەکان، شۆڕشی ١١ی ئەیلوول و پەرەسەندنەکانی ١٩٦١-١٩٧٠، جیابوونەوە لە پارتی ساڵی ١٩٦٤ و ڕێککەوتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠. پەرەسەندنە سیاسیەکانی عێراق و عەرەبی وەک بزوتنەوەی مایسی ١٩٤١، ڕاپەڕین (وثبة)ی کانونی دووەمی ١٩٤٨، ڕاپەڕینی تشرینی دووەمی ١٩٥٢، شۆڕشی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ و ڕژێمی تازە، کودەتای ٨ی شوباتی ١٩٦٣، پرسی فەلەستین و دوژمنکارییە سێقوڵییەکەی سەر میسر لە سالی ١٩٥٦.

بەشی چوارەم تیشک دەخاتە سەر چالاکییە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکانی بزوتنەوەی قوتابیانی کورد لە عێراق وەک ڕۆژنامەگەری و بڵاوکردنەوە، کتێب و وتار، بەشداریکردن لە فیستیڤاڵە جیهانییەکاندا، پێشکەشکردنی شانۆگەری و نمایشە هونەرییەکان، ئاهەنگێڕان بە بۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، ئاهەنگەکانی یەکترناسین و چالاکییەکانی دیکە.

داگرتن (پی دی ئێف) ئۆنلاین بیخوێنەرەوە