هەڵمەتی خوارزمییەکان بۆ سەر کورد و ناوچە کورد نشینەکان

ناو: هەڵمەتی خوارزمییەکان بۆ سەر کورد و ناوچە کورد نشینەکان
نووسەر: سەعدەدین سلێمان شوان
زمان: کوردی
بەرواری بڵاوکردنەوە: ٢٠٢٣

ئەم پەرتووکە توێژینەوەیەکی مێژووییە لە سەر هەڵمەتی خوارزمییەکان بۆ سەر کورد و ناوچە کوردنشینەکان نێوان ساڵانی (٥٩٠-٦٤٤ک/١١٩٤-١٢٤٧ز)، لە پێشەکی و سێ بەش و پاشکۆکان پێکهاتووە.

بەشی یەکەمی ئەم پەرتووکە لە بارەی مێژووی سیاسی دەوڵەتی خوارزمی و بارودۆخی ناوچە کوردنشینەکان لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەتابەگییەتدایە و پێنج تەوەر لەخۆ دەگرێت کە باس لە بنەماڵەی خوارزمی و گەیشتنیان بە دەسەڵات، گرنگترین فەرمانڕەوایانی دەوڵەتی خوارزمی،  فراوانبوونی دەسەڵاتیان و دەسگرتن بە سەر ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی، هۆکاری شکستی دەوڵەتی خوارزمی بەرانبەر مەغۆلەکان و کشانیان بەرەو خۆرئاوا، بارودۆخی ناوچە کوردنشینەکانی لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەتابەگییەتدا،  دەکات.

بەشی دووەمی باس لە هێرشکاریی خوارزمییەکان بۆ سەر کوردستان لە نێوان ساڵانی (٥٩٠-٦٢٨ک/١١٩٥-١٢٣١ز) دەکات و لە حەوت تەوەر پێکدێت کە لە بارەی دەستبەسەرداگرتنی شاری هەمەدان، هێرشی خوارزمییەکان بۆ سەر شاری داقوق ساڵی (٦٢٢ک/١٢٢٥ز)، دەست بەسەر داگرتنی ئازربایجان و هۆکارەکانی، شاڵاو و لەشکرکێشی خوارزمییەکان بۆ سەر شاری خەڵات لە ساڵانی (٦٢٣-٦٢٧ک/١٢٢٦-١٢٣٠ز)، هاوپەیمانی سەلجوقی ڕۆم و ئەیوبییەکان دژی جەلالەدینی خوارزمی و گرنگترین لێکەوتەکانی هێرشکاری سەر خەڵات، پەلاماری خوارزمییەکان بۆ سەر شارەکانی جەزیرە، هەڵوێستی ناوچە کوردییەکان بەرانبەر لەشکرکێشی و داگیرکاری خوارزمییە.

بەشی سێیەمی پەرتووکەکە باس لە پەیوەندی خوارزمییەکان لەگەڵ هێز و دەسەڵاتدارانی کورد و ناوچە کوردییەکان دەکات و شەش تەوەر لەخۆ دەگرێت کە باسی پەیوەندی خوارزمییەکان لەگەڵ ئەتابەگییەی هەولێر، پەیوەندی دەوڵەتی خوارزمی لەگەڵ میری ئەیوبییەکان، پەیوەندی ژن و ژنخوازی کورد و خوارزمییەکان، کوژرانی جەلالەدینی خوارزمی لەلایەن کوردان، هۆکارەکانی شکست و ڕووخانی دەوڵەتی خوارزمی، پەیوەندی پاشماوەی سوپای خوارزمی لەگەڵ کوردە ئەیوبییەکانی شام و جەزیرە، دەکات.

 

داگرتن (پی دی ئێف) ئۆنلاین بیخوێنەرەوە