ململانێی ساسانی و بێزەنتی و کاریگەرییەکانی لەسەر کوردستانی کۆن لە نێوان ساڵانی٥٩٠-٦٣٠ی زایینیدا

ناو: ململانێی ساسانی و بێزەنتی و کاریگەرییەکانی لەسەر کوردستانی کۆن لە نێوان ساڵانی٥٩٠-٦٣٠ی زایینیدا
نووسەر: بۆتان تۆفیق مەغدید
زمان: کوردی
بەرواری بڵاوکردنەوە: ٢٠٢٤

ئەم پەرتووکە توێژینەوەیەکی مێژووییە لە بارەی ململانێی ساسانی و بێزەنتی و کاریگەرییەکانی لەسەر کوردستانی کۆن لە نێوانی ساڵانی (٥٩٠-٦٣٠) زایینیدایە، بابەتەکانی بە شێوەی بەند و بەش ڕێکخراوە کە لە پێشەکییەک و بەرکۆل و سێ بەند و پاشکۆکان پێکهاتووە. بەرکۆڵی ئەم پەرتووکە، پوختەیەکی مێژوویی ئیمپراتۆرییەتی ساسانی و بێزەنتی لەخۆ دەگرێت.

بەندی یەکەمی پەرتووکەکە باسی پاشخانێکی جوگرافی و مێژوویی کوردستانی کۆن و ململانێی ساسانی و  بێزەنتییەكان له ساڵی ٢٢٤ ز تاکو ساڵی ٥۹۰ز دەکات و دوو بەش لەخۆ دەگرێت، کە لە بارەی کورد و ناوی کوردستان، گرنگترین هەرێم و شارەکانی کوردستانی کۆن وەک هەرێمی میدیا و ئازەربایجان (میدیا ئیترۆپاتین) و میزۆپۆتامیای سەروو (جەزیرە) و حەدیاب و کوردۆک، هەرێمەکانی دیکە که کوردی تێدا نیشتەجێ بووه وەک هەرێمی ئەرمینیا و فارس و ئەهواز (خۆزستان)، دانیشتووانی دیکەی کوردستانی کۆن وەک فارس و عەرەب و ئەرمەن و ڕۆمان، پێکهاتەی ئایینی وەک زەردەشتی و مەسیحی. هۆکاری سەرهەڵدانی ململانێکان و گرنگی کوردستان لە ململانێی ساسانی و بێزەنتیدا.

بەندی دووەمی باسی پەیوەندیی سیاسی و ململانێی سەربازیی له نێوان ساڵانی (٥٩٠-٦٢١ز) دەکات و لە دوو بەش پێکدێت، لە بارەی سەردەمی پەیوەندییه سياسييەكان  نێوان ساڵانی(٥٩٠ - ٦٠٢ ز) وەک بزووتنەوەی بەهرام چۆپین و پەنابردنی خوسرەو پەروێز بۆ ئیمپراتۆری بێزەنتی مۆریس، هەڵمەتی بێزەنتی - ساسانی بۆ گێڕانەوەی خوسرەو پەروێز بۆ سەر کورسیی دەسەڵات، سەردەمی پێوەندییه دیپلۆماسييەكان لە نێوان ساڵانی(٥٩١- ٦٠٢ ز) و کێشه ناوخۆییەکانی بێزەنتی و ئاماژەکانی سەرهەڵدانەوەی ململانێی ساسانی- بێزەنتی. سەرهەڵدانەوەی ململانێی سەربازی نێوان ساڵانی (٦٠٣-٦٢١ز) وەک ململانێی سەردەمی فۆقاس-پەروێز (٦٠٢-٦١٠)، کە هەڵمەتەکانی ساسانییەكان (٦٠٣-٦١٠ز) و هەڵمەتی سەر میزوپۆتامیای سەروو و هەڵمەتی سەر ئەرمینیا لەخۆ دەگرێت، ململانێکانی سەردەمی هیراکلیوس-پەروێز (٦١٠-٦٢٨ز)، کە شۆڕشی هێراكليۆس و هێراكلیۆسی ئیمپراتۆر و ململانێكان (٦١٠- ٦٢٢ ز) لەخۆدەگرێت، هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی ئیمپراتۆرییەتی بێزەنتی تا ساڵی ٦۲۲ز.

بەندی سێیەمی ئەم پەرتووکە باسی دوا قۆناغی ململانێکانی ساسانی و بێزەنتی و کاریگەرییەکانی له سەر کوردستانی کۆن دەکات و لە دوو بەش پێکدێت، کە لە بارەی دوا قۆناغی ململانێی نێوان ساڵانی (٦٢٢-٦٣٠ز)یە وەک ئامادەکاریی و ڕێکخستنەکانی هێراکلیۆس بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەروێز، هەڵمەتەکانی هێراكليۆس نێوان ساڵانی(٦٢٢ - ٦٢٥ )، یەکلاکردنەوه ململانێی ساسانی - بێزەنتی له کوردستان، هێراكليۆس و ململانێ لەسەر تەختی دەسەڵاتی ساسانی. ئاسەوارەکانی ململانێی ساسانی - بێزەنتی له سەر کوردستانی کۆندا وەک ئاسەوارە سیاسی و ئایینی و ئابوورییەکان.

داگرتن (پی دی ئێف) ئۆنلاین بیخوێنەرەوە