ئەم پەرتووکە لە پێشەکییەک و دوو بەشی سەرەکی و پاشکۆ، بەڵگەنامە، ڕاپۆرت، لیستی ناوی هەڤاڵان، ئەلبومی وێنە و نەخشەکان پێکهاتووە.
بەشی یەکەمی پەرتووکەکە باسی ڕووداوەکانی ١٩٤٥-١٩٥٨ دەکات و چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت کە لە بارەی چوونی بارزانییەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، هێزی بارزانییەکان وەکو هێزی سەرەکی بەرگریکار لە کۆمار، داستانی قاراوا و ملقەرەنی، پەتای تیفوئید و گیانلەدەستدانی دوو هەزار کەس لە بارزانییەکان، ڕووخانی کۆماری کوردستان و شەهیدکردنی پێشەوا قازی و هەڤاڵانی، پاشەکشەی بارزانییەکان بۆ سەر سنوور، شەڕی سێڵوێ و داستانی نەڵۆس و گۆجار، هێرشی سوپای ئێران بۆ سەر بەرەی شنۆ، داستانی ئەڤرەس و هەلەج و شەڕی نێرکێ، گەڕانەوەی بارزانییەکان بۆ باشووری کوردستان و ڕاگواستن و زیندانیکردنیان لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە، داستانە ئەفسانەییەکەی ئاراس و گەڕانەوەی سەرۆک بارزانی و بارزانییەکان لە رووسیا بۆ عێراقە.
بەشی دووەمی بەراوردێک لە نێوان بنەما لەشکرییەکانی ڕێڕۆشتنە مێژووییەکەی بارزانی و داستانە جیهانییەکان دەکات و لە چەند تەوەرێک پێکدێت کە باس لە پەڕینەوە لە ئاراس بە بنەما و ڕێکاری لەشکری، بنەمای ئامانجداری وەکو ئامانجی مستەفا بارزانی لە پەڕینەوە لە ئاراس، بنەمای هێرشبردن یان هێرشی کتوپڕ، بنەماکانی کۆکردنەوە و مانۆڕ لە دۆڵی کوتۆل، بنەمای پاراستنی نهێنی لەشکر و بەدەستهێنانی زانیاری لە سەر دوژمن، بنەمای هەماهەنگی و خۆڕێکخستن و یەکبوونی لەشکر، بنەمای ئاسایش و پلانی هاوکاری و یاسانکاری لە ڕێی ئاراسدا، بنەمای دەست پێوەگرتن و بەرنگاری سەرسوڕهێنەر و بنەمای پێداگری دەکات.
داگرتن (پی دی ئێف) ئۆنلاین بیخوێنەرەوە