ڕەنگدانەوەی بارودۆخی باشووری کوردستان لە بڵاوکراوەی دەنگوباسی کوردستان (١٩٨٠-١٩٨٨)

ناو: ڕەنگدانەوەی بارودۆخی باشووری کوردستان لە بڵاوکراوەی دەنگوباسی کوردستان (١٩٨٠-١٩٨٨)
نووسەر: هاوکار محەمەد محەمەدڕەشید
زمان: کوردی
بەرواری بڵاوکردنەوە: ٢٠٢٥

ئەم پەرتووکە توێژینەوەیەکە لە بارەی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی باشووری کوردستان لە بڵاوکراوەکانی دەنگوباسی کوردستان لە نێوان ساڵانی (١٩٨٠-١٩٨٨)دا کە بە شێوەی بەش و باس و تەوەر ڕێکخراوە، لە پێشەکییەک و چوار بەش و پاشکۆکان پێکهاتووە.

بەشی یەکەمی ئەم پەرتووکە باسی ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و سێ تەوەر و هەر تەوەرێک دوو و سێ باس لەخۆدەگرێت لەبارەی ڕاگەیاندنی پارتی و بەشەکانی، ناوەڕۆک و ئامانجەکانی بڵاوکراوەی دەنگوباسی کوردستان، سەرکردایەتی کاتی پارتی (القیادة المؤقتة) و سەرهەڵدانەوەی شوڕشی گوڵان.

بەشی دووەمی تیشک دەخاتە سەر ڕەنگدانەوەی ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکان لە بڵاوکراوەی دەنگوباسی کوردستان، لە دوو تەوەر و هەر تەوەرێک لە سێ باس پێکدێت کە باسی سیاسەتی حکومەتی بەعس بەرامبەر کوردستان دەکات وەک ڕاگواستن بە عەرەبکردن و تێکدانی گوندەکان و زیندانیکردن و لەسێدارەدان، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و شاڵاو و ئۆپەراسیونەکانی ئەنفال و سیاسەتی هەرێمی تورکیا و سوریا و ئێران.

بەشی سێیەمی باس لە خەباتی چەکداری هێزی پێشمەرگە بەرامبەر حکومەتی عێراق لە نێوان ساڵانی (١٩٧٦-١٩٨٨) دەکات،  تەوەرێک و چوار باس لەخۆدەگرێت لە بارەی چالاکی لەشکری شۆڕشگێڕانی کوردستان وەک چالاکی پێشمەرگە و شەڕی پارتیزانی لە نێوان ساڵانی (١٩٧٦-١٩٧٩)، چالاکی پێشمەرگە لە نێوان ساڵانی (١٩٨٠-١٩٨٨)، چالاکی بەرەیی هاوبەش و چالاکی پێشمەرگە لەناو شارەکان.

بەشی چوارەمی  لە بارەی کاریگەری جەنگی عێراق ئێران لەسەر باشووری کوردستانە لە نێوان ساڵانی (١٩٨٠-١٩٨٨)، دوو تەوەر و هەر تەوەرێک لە سێ باس پێکدێت کە کاریگەری جەنگ لەسەر باشووری کوردستان وەک دۆخی ئابووری و کاریگەری جاش و ڕۆشنبیری و هزری نەتەوەیی و خوێندن و پەروەردە، بەسەربازکردن و ناردنی هاووڵاتیان بۆ جەنگی عێراق ئێران وەک لایەنی سەربازی و بەزۆرکردنە سەرباز و بارمتە لەخۆ دەگرێت.

داگرتن (پی دی ئێف) ئۆنلاین بیخوێنەرەوە