یاسین بێرۆخی

یاسین جەوهەر ماماڵ، ناسراو بە (یاسین بێرۆخی)، ساڵی ١٩٢٥ لە پاریزگای هەکاری لەدایک بووە، ساڵى ١٩٤٦ لە کۆماری دیموکراتی کوردستان پەیوەندى بە هێزى بارزانەوە کردووە، ساڵی ١٩٦١ بووتە پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول، لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.


 یاسین جەوهەر ماماڵ، ناسراو بە (یاسین بێرۆخی)، ساڵی ١٩٢٥ لە گوندی بێرۆخی پاریزگای هەکاری باکووری کوردستان لە دایکبووە، منداڵ بووە کاتێک باوکی کۆچی دوایی دەکات، ساڵی ١٩٤١ لەگەڵ دایکی و براکەی لەبەر سەختی باری ژیانیان ڕوودەکەنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی ١٩٤٤ دەگەڕێنەوە بۆ گوندی مەزنێ لەدەڤەری مێرگەسور، ساڵی ١٩٤٥ دووبارە ئاوارە دەبنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەگوندی نار لەدەڤەری مەرگەوەڕ نیشتەجێ بوونە. ساڵى ١٩٧٥ بۆ جارى سێیەم ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە و لە گوندی جەڵدیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ بووە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگای نەڵیوان لە شنۆ و لەوێشەوە گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگای ڕەبەت لە سەردەشت و دواتر بۆ شاری کرمان، ساڵی ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی مەرگەوەڕ لە پارێزگای ورمێ و لەوێ نیشتەجێ بووە. ساڵى ١٩٩١ دوای ڕاپەڕینی جەماوەرى باشوورى کوردستان، گەڕاوەتەوە و  لە شارۆچکەی بەحرکە و دواتر لەپیرمام نیشتەجێ بووە، ساڵی ١٩٩٣ خانەنشین کراوە.

ساڵى ١٩٤٦ پەیوەندى بە هێزى بارزان کردووە و لە سوپاى کۆماری کوردستان بۆتە پێشمەرگە، بەشدارى شەڕی ملقەرەنى کردووە، دوای ڕووخانى کۆماری کوردستان لەبەرەی شەڕی نەلۆس بووە، ساڵی ١٩٤٧ گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان و بۆ ماوەیەک لە شارۆچکەی دیانا دەست بەسەر بووە، دواتر ڕەوانەی شاری موسڵ کراوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ زیندانی کراوە، دوای ئازادکردنی دوورخراوەتەوە بۆ شارۆچکەی دیبەگە لەپارێزگای هەولێر و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەوێ کرێکاری کردووە، دواتر دەکرێتە سەرباز و دوای بیست و پێنج ڕۆژ لە سەربازی، هەڵاتووە بۆ گوندی قوشتەپە و دواتر چووەتە بێستانە و لەلای عەلی مەحمود ئاغای دزەیی ماوەتەوە.

یاسین بێرۆخی، ساڵی ١٩٥٣ لەگوندی بێستانەوە چووە بۆ گوندی بێرۆخ لەسنووری باکووری کوردستان، ساڵی ١٩٥٥ لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دەستگیر دەکرێت و بۆ ماوەی دوو ساڵ سەربازی پێ دەکەن و ساڵی ١٩٥٧ سەربازی تەواو کردووە، ساڵی ١٩٥٩ دوای گەڕانەوەی بارزانی و هەڤاڵانی لە یەکێتی سۆڤیەت، ناوبراو گەڕاوەتەوە بۆ گوندی زەرگەت لە دەڤەری شێروان مەزن، لەگەڵ هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول ساڵی ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بووەتە پێشمەرگە و بەشداری شەڕی زنتا و شەڕی سەری پیرس و شەڕی زێبارییەکانی کردووە و لەو شەڕەدا بریندار بووە.

ساڵی ١٩٦٢ پەڕیوەتەوە بۆ دەڤەری سۆران، ساڵی ١٩٦٣ کاتێک کە سوپای عێراق هێرشی کردۆتە سەر دەڤەری بارزان، دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی بارزان و بەشداری شەڕی سەری پیرس و شەڕی سەری ئاکرێی کردووە و بریندار بووە، لەهەمان ساڵدا گەڕاوەتەوە بۆ دەڤەری سۆران و لەگەڵ حادی حەسکۆ لە سەنگەسەر بووە، دوای شەهیدبوونی حادی حەسکۆ، ناوبراو ساڵی ١٩٦٦ چووەتە لای حاجی بێرۆخی و کراوە بەسەرلق و بەشداری شەڕی گوندى سەرچیای کردووە.

دوای ڕێککەوتننامەى ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠، کراوەتە پاسەوانی سنووری لە کانی سماق لە ناحیەى گەڵاڵە، ساڵى ١٩٧٤ دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ڕژێمی عێراق بۆ سەر هێزی پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول لەشەڕی چیای گۆڕەز بریندار بووە.

لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان،  بەهۆی خزمەتەکانى، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.


سەرچاوە:

١-ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.

 


بابەتی پەیوەندیدار

جەوھەر ئەسعەد فەتاح ئاغا هەرکی

جەوھەر ئەسعەد فەتاح، ناسراو بە (جەوهەر ئەسعەد ئاغا)، ساڵى ١٩٥٢ لە پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٧٤ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٩ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. لە ١٥ی کانوونى یەکەمى ٢٠١٠ میدالیای بارزانى نەمرى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

تاهیر مەلا عەلی محەمەد ڕەباتی

تاهیر مەلا عەلی محەمەد ڕەباتی ساڵی ١٩٥٠ لە پارێزگای هەڵەبجە لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦٧ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بووەتە پێشمەرگە. دوای ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ کراوەتە پاسەوانی سنوور. ساڵی ١٩٧٣ لە لایەن حکوومەتی عێراق دەستگیر کراوە. ساڵی ١٩٧٧ پەیوەندی بە شۆڕشی گولان کردووە. ڕۆژی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ مەدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

حەسەن شێخ مستەفا بۆسەلی

حەسـەن شــێخ مســتەفا بۆســەلى، ســاڵی ١٩٤٨ لە گونــدی بۆسەل لە قەزای زاخــۆی پارێزگاى دهۆک لەدایک بووە. ساڵی ١٩٦٧ چووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی زاخۆ، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لەساڵی ١٩٧٥، ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە، دوای ڕاپەرینەکەی ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ باشوری کوردستان، ساڵی ٢٠٠٣ کراوە بەفەرماندەی عەمەلیاتی سوپای چوار، لەرۆژی ١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

جەعفەر مستەفا مەعروف

جەعـفەر مسـتەفا مەعـروف ناسـراو بە (شـــێخ جەعـــفەری جامانەســـور)، ســـاڵی ١٩٥٧ لەگونــدی گوندی سەرکان ناوچە ســرۆچک سەربە ناحییەی بەرزنجەی پارێزگــای سلێمانی لەدایـک بـووە، سـاڵی ١٩٧٠ پەیوەندى بە ڕیــزی یەکێتــی قوتابیــانی کوردســتاندا کردووە، لەساڵی ١٩٩٢ قایمقامی پێنجوێن بووە، ١٩٩٦ بە قایمقامی هەڵەبجەی شەهید دەستنیشان کراوە، سالانی ٢٠٠٣- ٢٠٠٥ وەکو قایمقامی شاری ئاکرێ لە ئەرکدا بووە

زانیاری زیاتر

فەقێ ئەحمەد پشدەری

ئەحمەد محەمەد ئەبوبەکر، ناسراو بە (فەقێ ئەحمەد پشدەرى)، ساڵى ١٩٢٢ لە گوندى دەلگە لە ناوچەى پشدەر لە ناحیەى هێرۆ سەر بە قەزاى قەڵادزێ پارێزگاى سلێمانى لە دایک بووە، ساڵى ١٩٥٨ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، لە ٤ى تشرینى یەکەمى ١٩٧٩ وەک ئەندامى کۆنگرە بەشدارى لە کۆنگرەى نۆیەمى پارتى دیموکراتى کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە.

زانیاری زیاتر