کەکۆ مەلا عەلی

کەکۆ مەلا عەلى مێرگەسۆری ساڵی ١٩١٧ لە قەزاى مێرگەسۆر سەر بە پارێزگاى هەولێر لە دایک بووە. لە ١٢ى تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٠٠ لە مێرگەسۆر کۆچى دوایی کردووە و هەر لەوێش بەخاک سپێردراوە.


ساڵى ١٩٤٣ کاتێک مەلا مستەفا بارزانی لە سلێمانى گەڕایەوە دەڤەرى بارزان، پەیوەندى بە هێزى شۆڕشگێڕان کردووە و چەکى هەڵگرتووە، لەبەر لێهاتوویی و ئازایەتى کراوەتە سەرقۆڵ، بەشدارى شەڕی گوندى بێستر لەبنارى چیاى پیران لەقەزاى مێرگەسۆر و شەڕى مەیدان مۆریک و شەڕەکانى دەڤەرى بلێ و بارزان و چیاى پیرس لە قەزاى ئاکرێ کردووە.

لە ١١ی تشرینی یەکەمى ١٩٤٥ لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕوودەکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ لە هێزی بارزان سەربە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە‌ و لە شەڕەکانی بەرەی سەقز، بەتایبەتى شەڕى بەناوبانگى قاراوەى لە سەروچاوە کردووە، لە ٢ى شوباتى ١٩٤٧ دواى ڕووخانى کۆمار لەشەڕى نەڵۆس قاچى ڕاستى بەسەختى بریندار بووە و چاوی چەپیشى لەدەست داوە، بەهۆى سەختى برینەکانى نەیتوانیوە لەگەڵ بارزانى و هەڤاڵانى بچێت بۆ یەکێتى سۆڤیەت. بۆیە لەگەڵ شێخ ئەحمەد بارزانى و بنەماڵەکەیان گەڕاوەتەوە بۆ باشوورى کوردستان، بەهۆى ئەوەى کەمئەندام بووە لە لایەن حکومەتی عێراق دەستگیر نەکراوە. دوای چاکبوونەوەی برینەکانی ڕووی لە زنجیرە چیای برادۆست کردووە، تا ساڵی ١٩٥٨ لەو شاخانە ماوەتەوە بە قاچاغ ژیاوە، بۆ پەیداکردنى خواردن و خۆراک چۆتە گوندەکانى دەڤەرەکە و خەڵکی گوندەکانیش هاوکارییان کردووە و خواردنیان بۆ بردووە، زستانان بۆ خۆپاراستن لە سەرما و سۆڵە لە ئەشکەوتەکان ماوەتەوە.

 ساڵی ١٩٥٨ دواى ئەوەى بارزانى لە یەکێتى سۆڤیەت بۆ عێراق گەڕایەوە و شۆڕشی ئەیلوول هەڵگیرسا، کەکۆ مەلا عەلى پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕش کردووە و لەگەڵ حەمەدەمین میرخان مێرگەسۆری بۆتە پێشمەرگە و  بەشداری شەڕی گەلی زاویتەی لەدەڤەرى بادینان کردووە، لە ٧ى شوباتى ١٩٦٢ بەشداری شەڕی مرێبای لە ناوچەی شێخانى دەڤەرى بادینان کردووە.

دواى ئەوە مەلامستەفا بارزانى بۆ ناوچەى سۆران پەڕیوەتەوە، کەکۆ مەلا عەلى لەگەڵ هێزەکە چووەتە ناوچەى سۆران، بەشدارى هەموو شەڕەکانى دەڤەرەکەى کردووە، ساڵى ١٩٦٢ لە دەڤەرى سیدەکان لەیەکێک لەشەڕەکان بە سووکى بریندار بووە و ساڵى ١٩٦٣ لە شەڕى کێلى بنی بیا بەسەختى بریندار بووە و بەهۆی سەختى برینەکەى ناتوانێت بەردەوام بێت لە پێشمەرگایەتی، هەر بەهۆی کاریگەرى ئەو برینەى ماوەى ٣٨ ساڵ لەجێگا دەکەوێت، هاوسەر و منداڵەکانى خزمەتیان کردووە.   

لە ١٦ی ئابى ١٩٩٦ بەهۆى ئەو خزمەتانەى پێشکەشى کورد و کوردستان و ڕێبازى بارزانى کردووە، لە یۆبیلى زێڕینى پارتى دیموکراتى کوردستان لەلایەن سەرۆک بارزانى میدالیاى بارزانى پێدراوە.


سەرچاوە:

١.ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.

 


بابەتی پەیوەندیدار

مستەفا عەبدولڕەحمان سۆفی

مستەفا عەبدولڕەحمان سۆفی، ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی دێرانای ناحیەى مەزنێی سەر بە قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٥ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵى ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

شەوکەت حەسکو دۆلەمەری

عەبدوڵا حەسەن ئیبراهیم، ناسراو بە (شەوکەت حەسکو دۆلەمەری)، ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی خۆشکان قەزای مێرگەسوور پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. لە ٩ی ئایاری ١٩٨٠دا پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

سەعید مەحمود ساڵح دۆڵەمەری

سەعید مەحمود ساڵح، ناسراو (سەیدخان دۆڵەمەرى)، ساڵی ١٩٥١ لە گوندی ئیسقەیل ناحیەى مەزنێ سەر بە قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵى ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خەلیل دەسکۆ حادێ

خەلیل دەسکۆ حادێ، ناسراو بە (خەلیل دەسکۆ)، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی سەرۆکانی قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول. شوفێرى سەرۆک مەسعود بارزانى بووە تا ساڵى ١٩٩١. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خانەمیر مستەفا عومەر باوەیی

خانەمیر مستەفا عومەر باوەیی، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی باوە قەزای مێرگەسوور پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر