کۆنفرانسی یەکەمی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بەغدا - ١٩٦٢

لە مانگى ئادارى ساڵى ١٩٦٢، یەکەمین کۆنفرانسـى ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، بەهۆى چەند پێشهاتێکى سیاسى ناوچەیی و گۆڕانکارى لە پەیکەرییەتى نێوخۆی ڕێکخراوەکە، بەشێوەیەکى نهێنى لە شارى بەغدا بەسترا.


هۆکارەکانى بەستنى کۆنفرانس

دواى ئەوەى بارودۆخ لە عێراق گۆڕانکارى بەسەرداهات، پەیوەندی نێوان سەرکردایەتى کورد و عەبدولکەریم قاسمى سەرۆک کۆمارى عێراق بە تەواوەتى تێکچوو، لە ڕێکەوتى ١١ى ئەیلوولى ١٩٦١ بڕیار لە هەڵگیرسانی شۆڕشى نەتەوەیی ئەیلوول لە دژى زۆردارییەکانى حکومەت درا. بە هەڵگیرسانى شۆڕش، جارێکى تر قۆناغى کارى حزبى و ڕێکخراوەیی شێوازى نهێنى بەخۆیەوە گرتەوە و چالاکییەکان بەشێوەیەکى نهێنى درێژەیان پێدرا، حکومەتى عێراق لەوماوەیەدا کەوتە ڕاونان و دسگیرکردنى ئەندامانى پارتى و ئەم دەسگیرکردنانە ئەندامەکانى ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستانیشـى بە فراوانى گرتەوە، بەتایبەت ئەوانەى لە کۆلێژەکانى بەغدا و خوارووى عێراق دەیانخوێند. لەو ماوەیەدا ژمارەیەکى زۆرى ئەندامى یەکێتى قوتابیانى کوردستان لە سەرکرایەتى ڕێکخراوەوە بگرە بۆ خوارەوە پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد و دایانە شاخەکانى کوردستان١.

بەێوەچوونى کۆنفرانس

له ئهنجامی دەستگیرکردن و شههیدبوونی بهشێك له سهركرده و ئهندامهكانی، له مانگی ئاداری ساڵی 1962، بەمەبەستى سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەى خۆیان و هەڵسەنگاندنى بارودۆخى سەپاو بەسەر ڕێکخراوەکەدا، یەکێتى قوتابیانى کوردستان کۆنفرانسێكى نهێنى له شاری بهغدا بەست و چەند بڕیارێکى دەرکرد*. بهشێك له بڕیارهكانی ئهم کۆنفرانسه بریتی بوون له پشتگیریی شۆڕشی ئەیلوول و گرنگیدان به گرفتە پیشهیی و زانستییەکانی قوتابیانی كوردستان. لهم کۆنفرانسهدا، حهیدهر ههمزه وهك سكرتێر درێژەی به خهباتی خۆی له ڕیزهكانی یهكێتی قوتابیانی كوردستان دا و لهلایهن نوێنهرانی كۆنفراسەوە سكرتاریهتێکی نوێ بهم شێوهیەی خوارەوه ههڵبژێردران:

١- سهروهر كاكه حهمه

٢- مهئمون دهباغ

٣- ئهحمهد شهریف لهك

٤- حهیدهر ههمزه

٥- فوئاد مهلا مهحمود

٦- عادل ناسر

٧- تهیب جەبار بهرواری

٨- حیكمهت خانهقینی٢.

گرنگترین بڕیارهكانى کۆنفرانس، بریتى بوون لە: پشتگیرى کردنی شۆڕشى کورد و سەرکردەکەى و پێشکەشکردنى ئەوەى لە توانایاندابێت بە هێزى پێشمەرگە. ڕێکخستنى ئەو قوتابیانەى تازە دێنە نێو ڕیزەکانى شۆڕشەوە. گرینگیدان بە بەشدارى قوتابیانى کورد لە ڕێکخراوە پیشەیی و ئەکادیمییەکان٣.


سەرچاوه و پەراوێز

١- عرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، چاپى یەکەم، (هەولێر-چاپخانەى ڕۆژهەڵات-٢٠١٢)، ل ٣٥.

*- سەبارەت بەشوێنى بەڕێوەچوونى کرنفرانس، بۆچونى جیاواز بەدى دەکرێن، لە چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بەوە دەکرێت کە کۆنفرانس لە ناوچەیەکى کوردستان ئەنجام دراوە بەڵام ئاماژە بە شوێنەکە نەکراوە و ساغ نەکراوەتەوە. ماجد حسن علی، الحرکة الطلابییة الکردیة فی العراق (١٩٢٦-١٩٧٠)، رسالة ماجستر/جامعة الصلاحدین فى اربیل ٢٠٠٨، منشوراة سپیرێز، (هەولێر- مطبعة حاجى هاشم)، ص ١٤٦.

٢- ئه‌حمه‌د شه‌ریف له‌ك، شرۆڤه‌ی ڕووداوه‌ مێژووییه‌كان چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌ مێژوویی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپى یەکەم، (هەولێر- چاپخانەى رۆژهەڵات- ٢٠١٦)، ل ١٠٥.

٣- ساسان عەونى، یەکێتى قوتابیانى کوردستان چەند لایەنێکى تێکۆشان و مێژوو، (هەولێر- چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە- ١٩٩٨)، ل ٢٣؛ ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ١٤٦.


بابەتی پەیوەندیدار

کۆنفرانسی هەولێرى یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان هەولێر ـ ٢٠١٧

ئه‌م كۆنفڕانسه‌‌ له‌ ڕێکەوتى ١٨ی تشـرینی دووه‌می ساڵى ٢٠١٧، له‌ هۆڵی شه‌هید مه‌ئمون ده‌باغ، له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر، بە دروشمی (یه‌كێتی قوتابیان؛ نوێ بوونه‌وه‌ و به‌رده‌وامی) و به‌ ئاماده‌ بوونی ٦٥ نوێنه‌ر به‌سترا١.

زانیاری زیاتر

کۆنفرانسی هاوبەشى یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان گوندى خنێره - ١٩٨٦

ساڵى ١٩٨٦، هەردوو ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان و یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان بەهۆى ئەو بارودۆخە ناهەموارەى باشوورى کوردستانى تێکەوتبوو و بەهۆى لێکنزیکى خەباتی پیشەیی هەردوو ڕێکخراوەکە لە یەکترییەوە، بۆ ماوەیەکى کاتى بڕیارى بەستنى کۆنفرانسێکى هاوبەشیان دا.

زانیاری زیاتر

کۆنفرانسی دووه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان کانى ماسى - سلێمانی - ١٩٦٤

کۆنفرانسـى دووەمى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، دواى سەرکەوتوو نەبوونى سەرکردایەتى هەڵبژێردراوى کرنگرەى چوارەمى ڕێکخراوەکە لە ڕاپەڕاندنى ئەرک و کارەکانیان، لە سەرەتاى مانگى ئابى ١٩٦٤ لە ناوچەى کانى ماسى نزیک شارى سلێمانى بەسترا.

زانیاری زیاتر