کۆمەڵکوژییەکەى گوندى سوريا

کۆمەڵکوژى گوندى سۆریا لە ١٦ى ئەیلوولى ١٩٦٩ ڕوویدا لەلایەن سوپاى عێراق، کە تێیدا هەڵمەتێکى سەربازیان کردە سەر گوندى سۆریا لە قەزاى زاخۆ بە بیانووى ئەوەى کە دەستیان هەبوو لە دانانەوەى مینێک لە شەقامى سەرەکى نزیک گوندەکەیان، کە بە سیارەیەکى سەربازیدا تەقیەوەو تێیدا ئەفەسەرێک و چەند سەبازێک کوژران.


دواى ئەوەى کە حوکمڕانی عێراق کەوتە ژێر دەسەڵاتى حزبى بەعس ئەویش لە ڕێگاى کودەتایەکى سەربازیەوە لە تەممووزى ١٩٦٨، جارێکى تر شەڕ و پەلامارەکانیان بۆ سەر کوردستان چڕ کردەوە، دەڤەرى بادینان یەکێک بوو لەو دەڤەرانەى کەوا کەوتە بەر هێرشکارى و پەلامارەکانى سوپاى عێراق لە پێناوى باڵادەستبوون و سڕینەوەى هەموو بەربەستێک لەبەردەم حوکمى عەسکەرتاریەت کە چەند ساڵێک بوو خەبات و کۆششیان بۆ دەکرد، لەو پێناوەدا ژمارەیەک پەلاماریان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانى کوردستان ئەنجامدا و لەو پێناوەشدا کۆڵیک خەڵکى سڤیلى بێتاوان بوونە قوربانى و کۆمەڵکوژ کران، داستانى گوندى سوریاى مەسیحى نشین یەکێک بوو لە زنجیرە تاوان وكۆمه‌ڵكوژی و نەهامەتیانەى کەوا سوپا دڕنده‌كه‌ی عێراق بۆ مانەوە و بەهێزبوونى پێگەیان بەرامبەر بە سه‌ركردایه‌تی شۆڕشى گه‌لی کورد و دانیشتوانى کوردستان ئەنجامیاندا.

سوریا گوندێکى بچکۆڵانەى دەشتى سلێڤاناى سەر بە قەزاى زاخۆیە کە چەند کیلۆمەترێک لە فیشخابوورەوە دوورە، هەروەها دەکەوێتە سەر کەنارى لاى چەپى ڕووبارى دیجلە لە سیگۆشەى سنوورى وڵاتانى سوریا- تورکیا- عێراق ژمارەى دانیشتوانى نزیکەى ٢٠ خیزان بوو کە زۆربەیان مەسیحى بوون، لە کاروبارى ڕۆژانەیاندا سەرقاڵى کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى بوون.

 لە ١٦ى ئەیلوولى ١٩٦٩ لەسەر ڕێگاى گشتى نزیک گوندەکە مینێک بە ئۆتۆمبێڵێکى سەربازى سوپاى عێراقدا تەقیەوە، لە ئەنجامدا هەموو سەرنشینەکانى تێدا کوژران و بریندار بوون، یەکێک لە کوژراوەکان ئەفسەرێکى سەربازى بوو بە ناوى عەبدولوەهاب عەبدولکەریم، لەبەر ئەوەى گوندى ناوبراو کەوتبووە نزیک شوێنى ڕووداوەکە ئیتر دەسبەجێ لەهەمان ڕۆژدا هێزێکى سەربازى زۆریان بەرەو گوندەکە بەڕێ کرد بە بیانووى تۆڵەسەندنەوە، کاتێ کە خەڵکى بینیان وا کاروانى سەربازى ڕووى لە دێیەکەى ئەوانە هەریەک لە موختارى گوند و قەشەیەکى ئایینى و شوفێرەکەى کە بە میوانى سەردانى دێیەکەیان کردبوو چوونە پێشوازى هێزە سەربازیەکەى سوپاى عێراق، دیارە هێزەکەى سوپاى عێراق بە فەرماندەیى ملازم عەبدولکەریم لە فەوجى ٤ى لیواى ٢٣، کاتێک کە گەیشتنە پێشوازیکەرانى دێیەکە بێ لێپرسین و ڕوونکردنەوە و گوێ لێ گرتنیان هەرسێکیانی گرتن و فەرمانى گوللە بارانکردنیان بەسەردا جێبەجێ کردن و خەڵتانى خوێنیان کردن.

پاشان ئابلۆقەى گوندەکەیان دا و بە زۆرە ملێ خەڵکى گوندەکەیان بە ژن و منداڵ و گەورە و بچوکەوە لە ماڵ دەرهێنان و خستیانە ناو سیم (پەرژین) و دەستبەسەریان کردن، پاشان زۆر بێ بەزەییانە کەوتنە گیانیان و دایانە بەر ڕێژنەى گوللە و قەسابخانەیان بۆ هەڵخستن، ئینجا ئەفسەرە سەربازیەکەى بەعس بەمەشەوە نەوەستا بەناو تەرمەکاندا دەگەڕا ئەوەى گیانى لەبەردا مابوو گوللەیەکى بە مێشکیدا دەتەقاند و جووڵەى دەبڕی تا تەواوى ئەوانەى لە ناو سیمەکەدا گەمارۆ درابوون هەمووى کۆمەڵکوژ کردن، دواى ئەمە فەرمانى سووتاندنى ماڵ و خانو و وێرانکردنى گوندەکەی دا، کە ئەمەش یەکێکى تر بوو لە سیاسەتە پلان بۆ داڕێژراوەکانى بەعس لە لادێکانى کوردستان پەیڕەوى دەکرد بۆ وێرانکردنى ژێرخانى ئابوورى کە بە سیاسەتى زەوى سووتاندن ناسرابوو، لە کاتى سووتاندنى گوندەکەدا لە عەمبارێکى دانەوێڵەدا پێنج منداڵیان دۆزینەوە و هەر پێنجیان گوللە باران کردن، بەمەشەوە نەوەستان بەناو تەرمى شەهیداندا گەڕان و سوکایەتیان پێکردن و تاڵانى زێڕو ئاڵتۆنى ئافرەتانیان دەستپێکرد کە دەست و مەچەکى ئافرەتانیان دەبڕی بۆ دەرێنانى بازن و ئەڵقە و ئەنگوستیلەکانیان.

کۆى قوربانیانى ئەو ڕووداوە بریتیبوو لە شەهیدبوونى ٣٩ کەس، لەوانە ٩ ئافرەت و ١١ منداڵ، کە سەرجەمیان لەناو دوو چاڵدا نێژران لە یەکێکیاندا ئافرەتان و ئەوەى تریشیان پیاوەکان لە نزیک دێیەکە، هەڵبەتە ئەوەى لەو هەڵمەتە سەربازیەى سوپاى عێراق دژ بە خەڵکى سڤیل و بێتاوانى وەکو ئافرەت و منداڵ.....هتد بەدى دەکرێ تاوانێکە هەموو سنوورەکانى ویژدانى مرۆڤایەتى تێپەڕاندووە، چۆتە خانەى وەحشیگەرى و دڕندەترین جینۆسایدى دژ بە مرۆڤایەتى بە درێژایی سەدەى ڕابردوو.


سەرچاوەکان:

١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چ: یەکەم ٢٠٠٤.

٢- هۆژین مەسعود سەرنى، شورەشا ئیلونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٠٦١- ١٩٧٥، چاپى یەکەم، ٢٠١٨.

٣- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆرشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٤- ئیبراهیم جلال، باشووری كوردستان و شۆڕشی ئه‌یلوول، بنیانان و هه‌ڵته‌كاندن، 1961-1975.چاپی چواره‌م، 2021.

٥- هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشى ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٠، چاپى یەکەم- چاپخانەى زانکۆو سەلاحەدین، هەولێر، ٢٠١٢.

 


بابەتی پەیوەندیدار

شاڵاوی بەدناوی ئەنفال

ئەنفال شاڵاوی کۆمەڵکوژى و لەناوبردن و سڕینەوەى نەتەوەى کورد بوو. لە چەند قۆناغێکى جیاواز ڕژێمى بەعس ئەنجامی دا، لە ساڵى ١٩٧١ لە دژى کوردە فەیلییەکان، ساڵى ١٩٨٣ بەرانبەر بە بارزانییەکان و ساڵى ١٩٨٨ سەرجەم خاکی کوردستان گرتەوە، ئەم شاڵاوە لێسەندنەوەى ڕەگەزنامە، سوتاندنى گوند و لادێکان، گرتن و ڕاگواستن و زیندەبەچاڵکردن و کوشتنى هاوڵاتیانى سڤیلى کوردستانى لێکەوتەوە، سەرەنجامەکەشى بێسەروشوێنکردن و زیندەبەچاڵکردنی نزیکەى ١٨٢ هەزار هاوڵاتى بێ تاوانی کوردستان بوو.

زانیاری زیاتر

بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوە و یاسا نێودەوڵەتییەکان- ٩ی حوزەیرانی ١٩٨٥

لە ٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٥، هەشت فڕۆکەی ڕژێمی بەعس لە گەرمەی شەڕی عێراق و ئێران بە شێوەیەکی هوڤیانە پەلاماری ئۆردوگای زێوەیاندا کە ئۆردوگایەکی تایبەت بەنیشتەجێبوونی ئەو پەنابەرە کوردانەی باشوور بوو، دەکەوتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەئەنجامدا ١٥٠ هاووڵاتی سڤیل بە پیر و منداڵ و پەککەوتەوە شەهیدبوون و نزیکەی ٤٠٠ هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون کە بەشێکی زۆریان قوتابی بوون و بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی کۆتایی ساڵ چووبوونە قوتابخانەکەیان.

زانیاری زیاتر

کۆمەڵکوژیەکەى بەردەرگای سەرای شارى سلێمانى

ئەم کۆمەڵکوژیە لە هاوینى ١٩٦٣ لە سەردەمى دەسەڵاتدارى بەعسیەکان لە پارێزگاى سلێمانى ڕوویدا کە بۆچوونیان وابوو ئەگەر کۆمەڵکوژى و هێرشى فراوان بۆ سەر کوردستان ئەنجام بدەن بە ماوەیەکى کەم هەرەس بە شۆڕشی ئەیلوول دێنن و تەواوى کوردستان دەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، هەرچەندە لە شارى سلێمانى دەستیان کرد بە ڕەشبگیرى و کۆمەڵکوژکردنى خەڵکى بێتاوان، بەڵام نەک سەرکەوتوو نەبوون بەڵکو لە تەواوى پەلامارەکانیان لە چیاى ئەزمەڕ شکستیان خوارد.

زانیاری زیاتر

بۆردومانى قەڵادزێ

بۆردومانى شاری قەڵادزێ یەکێک بوو لەو کارەساتە تراژدیدیا ئامێزانەى کە لەسەر دەستى حکومەتى بەعس دژى دانیشتوانى سڤیل ئەنجام درا، دواى ئەوەى کەوا حکومەت فەرمانى دەست پێکرنەوەى شەڕی دژى شۆڕشى کورد دەرکرد بە شێوەیەکى زۆر دڕندانە هێرش و پەلامارەکانى بۆ سەر کوردستان دەست پێکردەوە، لە ٢٤ى نیسانى ١٩٧٤ بە چەند بالەفڕێکى جەنگى بۆردمانى شارى قەڵادزێی کرد.

زانیاری زیاتر