ڕژێمى بهعس بەو سیاسەتەى کە بە درێژایی حوکمڕانی خۆى پەیڕەوی دەکرد لە کوردستان ڕێگر بوو لهوهی كهوا كورد بهشداری ڕاستهقینه بێ له دهسهڵاتی بهڕێوهبردنی وڵات، تهنانهت هاوڵاتی بوونی لهسهر بنهمای یهكسانی و یاسایی بهتهواوی ڕەت دەکردەوە، هەڵبەتە پیاده كردنی ئهو سیاسهته دوژمنکارانە و چەوسێنەرانەیە دژ به كورد، زهمینهی ناڕەزایی قوڵى له ناخی تاک بە تاکى خهڵكی كوردستاندا به جۆرێك دەچاند كه ههستی نهتهوایهتی و نیشتمان پەروەرى بههژێنی و لە دەرنجامدا بهگژ دهزگا و دامهزراوه سهربازیی و ئهمنی و چهكدارییەکانى بچنهوه، چونكه زولم و زۆرداری دام دهزگاكانى بەعس به ڕادهیهك خهڵكی هاندەدا کە دهنگی ناڕەزایی بهرز بكهنهوه و سەرهەڵدان بکەن و به تونترین شێوه بهرهنگاری دهزگا ئهمنیى و سەربازیەکانى حكومهتدا بچنەوە، له لایهكی دیكهشهوه بزوتنهوهی نیشتمانی و سهركردایهتی شۆڕش له ههڵسهنگاندنی دۆخهكه گهیشتنه ئهو بڕوایهوهی كه حكومهتی بهعس به هیچ جۆرێك له زمانی گفتوگۆ و چارهسهری ئاشتی تێناگا، بگره ئامادە نیه ههر گوێش بگرێ ،ههر بۆیه گهیشتنه ئهو بڕوایهی كه خۆیان بۆ ئهو شێوازی خهباته ئاماده بكهن كه سهرانی بهعس پێی هەراسان دەبێ و لە هەستى نەتەوەیەک تێ بگا ئهویش خهباتی چهكداری پارتیزانی بوو.
دیارە شۆڕشى گوڵان لە دیارترین قۆناغەکانى شەڕی پارتیزانیە لە مێژووى بەرخودانى گەلى کورد، کە هێزى پێشمەرگە لە تەواوى ناوچەکانى کوردستان بەردەوام بوون لە هێرش کردنە سەر دام و دەزگاکانى ڕژێمى بەعس و لێدانى گورزى کەمەر شکێن و زیان گەیاندن پێیان، بێگومان ئەوەشیان بۆ ماوەیەکى زۆر پشێوى و ئاڵۆزى زۆرى نایەوە لە ڕیزەکانى هێزى سەربازى و دەزگا ئەمنیەکان، بۆیان ڕوون بۆوە کە داکۆکی کردن لە ماف هەڵوێستێکە قابیلى سازش نیە و ئەوەى لەسەر ئەو خاکە باڵادەستە داگیرکەرە، جەوهەرى ئامانجەکانى هەموو چالاکیە پێشمەرگەییەکان خۆى لەوەدا دەبینێتەوە. بۆ درێژەدان بە چالاکیە پارتیزانیەکان هێزێکى پێشمەرگە لە شەوێکى ساردى کۆتاییەکانى پاییزى ١٩٨٢ لە گوندى پیروسوانەوە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتى چیاى زۆزک بە گەلیەکى سەخت و ئاسێدا خۆیان گەیاندە سەر ڕێگاى سەرەکى سۆران – چۆمان کە بە ڕێگاى هاملتۆن ناسراوە بۆ دانانەوەى بۆسە لە هێزە سەربازیەکانى ڕژێمى بەعس.
بۆ تیشک خستنە سەر چۆنیەتى ئەنجامدانى چالاکیەکە، یەکێک لە پێشمەرگەکانى بەشدار بوو بە ناوى نەبی خان عەزیز عومەر بەو جۆرە بۆمان هاتە دوان: ئێمە هێزێکى نزیکەى ١٢ پێشمەرگە بووین بە فەرماندەى بەندە و موسلیح زێوەیی نەخشەى چالاکیەکمان داڕشت کە بۆسەیەک بوو لە شوێنێک پێی دەڵین پشت منجەلان لەسەر ڕێگاى سەرەکى، لەو کاتەى کە لە جەولەیەک بووین لە گوندى پیروسوان، شەو بە گەلیە سەخت و هەڵدێرەکەى خوارەوەى گوند خۆمان خزاندە خوارەوە، کاتژمێر ٩ى شەو پێمان خستە سەر جاددەکە، کە گەیشتینە ئەو شوێنەى نیازى دانانەوەى بۆسەمان هەبوو، دەستمان کرد بە ئامادکارى و دابەش بووین بەسەر چەند خاڵێک و خۆمان مەلاس دا، زۆرى نەخایان ئۆتۆمبێلێکى سەربازى جۆرى (ستە و ستین) بە ڕێگادا هات، کۆمەڵێک سەربازى هەڵگرتبوو لە پێشەوە و دواوە، ئەوانى کە لە دواوە سوار بوو بوون دیار بوو زۆر دڵیان خۆش بوو خەریکى سەما و خۆ بادان بوون، کە گەیشتە ڕاست بەراستى بۆسەى پێشمەرگە بە باشمان زانى بیکەینە ئامانجى چالاکیەکەمان و یەکتریمان ئاگادار کردەوە کە دەسبەکار بین، تەواوى پێشمەرگەکان بە ئاڕ پی جی و چەکى سوکى دەستمان دەستڕێژی گوللەمان لێکرد، لەگەڵ ئەوەى کە لە چاوتروکانێکدا ئۆتۆمبێلەکە لەگەڵ یەکەم تەقە و لێدانى یەکەم ئاڕ پی جی تێشکێندرا و سەربەرەو ژێر لە هەڵدیرى جاددەکە کەوتە خوارەوە و بە تەواو سەربازە سەرنیشەنەکانیەوە کەوتە ناو ڕوبار، ئیتر سەماو هەڵپەڕینیان لێ بوو بە هاوار و ناڵە و لە چەند ساتێکى کەم خۆیان لە ناو ئاوى ڕوبارەوە بینیەوە، بەڵام ئێمە بوارى ئەوەمان نەبوو کە بە دوایدا بچین و بزانین چەندیان کوژراون چەکەکانیان کۆ بەکینە، چونکە ڕێگاکە بەردەوام هێزى دیکەى سەربازى پێدا دەهات و کۆمەلێک ڕەبایەى سەربازى لە دەوروبەرەکە هەبوون بە دۆشکە و هاوەن ئەو ناوچەیان ئاگر باران کرد، ئێمەش بۆ سەلامەتى پێشمەرگە بڕیارماندا کە شوێنەکە جێ بێڵین، ئینجا بە گەڵیە سەختەکەدا سەر کەوتین و ساتێکى کەم لە گوندى پیروسوان ماینەوە، پاشان گەڕاینەوە بنکە و بارەگامان لە دۆڵی ڕوست.
بۆ زیاتر زانیارى لەسەر چالاکیەکە و هەڵوێستى حکومەت و کاردانەوەى دواى ڕوداوەکە توانیمان کەسێکى گوندى پیروسوان بدوێنین بە ناوى جەلال سلێمان شوان کە سەر بە ڕێکخستنە نهێنیەکان شۆڕش بوو، ئەو کات دانیشتووى گوند بوو بەڵام لە ئێستادا لە سۆران دادەنیشێت گوتى: هێزێکى پێشمەرگە بە فەرماندەى نەبی خان و موسلیح زێوەیی بە گوندى پیروسواندا هاتن، نیازى ئەنجامدانى چالاکیان هەبوو کە لێدانى یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق بوو، بەڵام ئەو شەوە گرفتێکیان بۆ هاتەپێش نەیانتوانى چالاکیەکە ئەنجام بدەن و گەرانەوە گوند، تا شەوى دواتر لە گوند مانەوە بەشێکیان لە ماڵی من بوون و بەشێکیشیان چوون بۆ ماڵێکى ترى گوند، شەوى دواتر شوێنێکى دیکەیان دیاریکرد لە پشت منجەلان لەسەر جاددەى سەرەکى بۆ چالاکیەکەیان، ئۆتۆمبێلێکی سەربازیان تێکشکان و خستیانە ناو ڕوبارەوە، ڕۆژى دواتر هێزێکى سەربازى حکومەت هاتنە گوند و نۆ کەسیان لە خەڵکى گوند دەستگیر کرد، لەوانە ناو براو خۆی و مەلاى گوند و موختارى لەگەڵدا بوو، ئەو خەڵکانەیان ڕاپێچایە سەربازگەیەک لە نزیک گوندى بەرزێوە، بۆ ماوەى دوو ڕۆژان لە ژوورێکى بچوکى تەسکیان ئاخنین، پاشان لێکۆلینەوەیان لەگەڵ کردن کە ئەو پێشمەرگانە بە گوندى پیروسواندا هاتوونە و ئەوان پێی ئاگادارن، بەڵام کەس هیچ زانیاریەکی لەو بارەیەوە نەدرکاند، بەڵکو پێیان ڕاگەیاندن کە ڕێگا زۆرەو پێشمەرگە پێیدا دەگاتە هەموو شوێنێک مەرج نیە هەر بە گوندى ئێمە داهاتبن، پاشان بە هەوڵی خەڵکى دەستڕۆیشتووى ناو حکومەت تەواوى کەسەکان ئازاد کران.
سەبارەت بە هەنگاوەکانى حکومەت بۆ زیاتر مسۆگەر کردنى سەلامەتى گیانى سەربازانی لە کاتى گواستنەوەو هاتوچۆدا، ناوبراو گوتى: دواى ئەو چالاکیەى پێشمەرگە، حکومەت هەستا بە دروستکردنى ڕەبایەکى سەربازى لە سەر گردۆلکەیەکى بەرزى نزیک ئەو شوێنەى کە پێشمەرگە بۆسەیان لێ دانایەوە، دەیڕوانیە سەر رێگاى سەرەکى، ئینجا دەوروبەرى ڕەبایەکە و ڕێگاى گەلیەکەیان مین ڕێژ کرد.
سەرچاەوەکان:
١- حهمه عهلی، نورى، مێژووی تێكۆشانی پێشمهرگهیهك له نێوان ژیان و مهرگدا، چاپخانهی شههاب، چاپی دووهم، (ههولێر- ٢٠١٦).
٢- تهیب، جهمال فهتحوڵله، بزوتنهوهی ڕزگاریخوازی كورد له باشوری كوردستان ١٩٧٦- ١٩٨٠، چاپی یهكهم، (چاپخانهی شههاب- ههولێر- ٢٠١٢)
٣- دیمانە، نەبى خان عەزیز عومەر، پێشمەرگەى شۆرشى گوڵان، بەشدار بووى شەڕەکە، سۆران، ٢٤ى ئادارى ٢٠٢٦.
٤- دیمانە، جەلال سلێمان شوان، خەڵکى گوندى پیروسوان، سۆران، ٢٣ى ئادارى ٢٠٢٦.


