ئیسماعیل تەها بازی

ئیسماعیل تەها عه‌لی (١٩٣٢-١٩٨٣) ناسراو‌ به‌ ئیسماعیل تەها بارزانی، ئیسماعیل بازی، پێشمه‌رگه‌ و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥) کردووەو یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١-١٩٧٥) کردووە.


ژیاننامە

ئیسماعیل تەها عه‌لی، ساڵی ١٩٣٢ له‌ گوندی بازێى سه‌ر به‌ ناحیه‌ی بارزان له‌ قه‌زای مێرگه‌سۆر له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، لە یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی و ساڵی ١٩٥٩ توانیویەتى بڕوانامه‌ی زانكۆ له‌ به‌شی كشتوكاڵ بەدەستبهێنێت. هه‌ر ‌له‌ یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ لاریسا میخائیل گرگوری ڤیج پێكهێناوه‌ و دوو كچ و كوڕێكیان به‌ ناوه‌كانی كوردستان، پاكستان و عه‌لی هەبووە. دواى گەڕانەوەیان لە یەکێتى سۆڤیەت و هەڵگیرسانى شۆڕشى ئەیلوول، له‌ ١٢ی حوزه‌یرانی ١٩٦٣ تا ٢٠ كانوونی یه‌كه‌می ١٩٦٣ لاریسا میخائیلی هاوسەری له‌گه‌ڵ سێ منداڵى، له‌ هه‌ولێر له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسەوە، به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی پێشمەرگەى مەلامستەفا بارزانییە، ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن‌ و خراوه‌ته‌وه‌ به‌ندیخانەوە ‌و پاشان له‌ گه‌ڕه‌كی ئیسكان و دواتر له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌یداوه‌ نیشته‌جێ ده‌بێت و له‌ ژێر چاودێری بووه‌ و دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یه‌كێتی سۆڤیەت.


خەباتنامە

ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزانەوە كردووه‌‌ و بەم هۆیەوە له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به‌ فه‌رمانی دادگای عورفی سه‌ربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوه‌ و نه‌گواستراوه‌کانیدا گیراوە.

له‌ ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، له‌ ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له‌ چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە‌ كۆمار كردووه‌.

دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده‌ و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه‌‌، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.

دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له‌ ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌وره‌درابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئۆردوگای باكۆ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە.

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیاردەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.

لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا له‌ ڕێ به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان و له‌ هه‌ولێر نیشته‌جێ بووه‌.

ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه، له‌ ٣١ی ته‌مووزی ١٩٨٣ له‌ پرۆسەی ئه‌نفالی بارزانییه‌كاندا له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقەوە له‌ كۆمه‌ڵگای قوشته‌په‌ی سەر بە پارێزگای هه‌ولێر له‌گه‌ڵ كوڕێکی به‌ ناوی عه‌بدولجه‌بار ئیسماعیل (١٩٦٨-١٩٨٣) شوێنبزر کراوە.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئه‌رشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.

  2. حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤).
  3. حیدر فاروق السامرائي، ضیاء جعفر ودوره‌ السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦).
  4. له‌ یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا، چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧).
  5. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨).
  6. دەستەی ئینسکلۆپیدیا، ده‌قی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د ئه‌سعه‌د تەها، لە ڕێکەوتی ٥ ئاداری ٢٠١٩- پیرمام.
  7. نص قرار لجنة العفو العام برد الاعتبار الى شهداء ثورة بارزان، مجلة رزگاری، العدد ٣،٢، المطبعة الرابطة، بغداد، ١ نيسان ١٩٥٩.

بابەتی پەیوەندیدار

هەڤاڵانی بارزانی

هەڤاڵانى بارزانى بەو ٥٢٣ پێشمەرگە و خەباتکار و خاکپەروەر و شوێنکەوتووانە دەگوترێت کە لە ڕێککەوتى ٢٣ى ئایارى ١٩٤٧ یاوەرى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانییان کرد و سنوورى سێ وڵاتى سەخت، دوورودرێژ و دژە کورد و بارزانیان بڕى و لە یەکێتى سۆڤیەت گیرسانەوە.

زانیاری زیاتر

ساڵح عەلى زیاب

ساڵح عەلى زیاب، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٥ لە گوندى هەڤنکا لە ناحیەى بارزانى سەر بە قەزاى مێرگەسۆر لەدایک بووە.

زانیاری زیاتر

ساڵح محەمەد قورتاس

ساڵح محەمەد قورتاس، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٧ لە گوندى لێڕەبیرى قەزاى مێرگەسۆر لەدایک بووە، پێشمەرگەى هەردوو شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان بووە، دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، ساڵى ٢٠١٢ کۆچى دوایى کردووە.

زانیاری زیاتر

ساڵح عەبدوڵڵا فەقێ

ساڵح عەبدوڵا فەقێ، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت ساڵى ١٩٣٠ لە گوندى ببانا لە ناحیەى بارزانی قەزاى مێرگەسۆر لەدایک بووە. ساڵى ١٩٩٨ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

ساڵح ئەحمەد عەبدوڵا

ساڵح ئەحمەد عەبدوڵا، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، لە گوندی بادی لەدایک بووە، بەشداریى کۆمارى مهابادى کردووە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، لە شۆڕشى ئەیلوول پێشمەرگە بووە.

زانیاری زیاتر