ئیبراهیم شێخۆ ئیبراهیم

ئیبراهیم شێخۆ ئیبراهیم (١٩٣٠ - ١٩٨٢) ناسراو بە ئیبراهیم مەلا شێخۆ، پێشمه‌رگه‌ و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١-١٩٧٥) کردووە.


ژیاننامە

ئیبراهیم شێخۆ ئیبراهیم، ساڵی ١٩٣٠ له‌ گوندی شانه‌ده‌رى سه‌ر به‌ ناحیه‌ی گۆڕه‌توو له‌ قه‌زای مێرگه‌سۆر له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه‌. له‌ ٣٠ی ئه‌یلوولی ١٩٤٥ مه‌لا شێخۆی باوكی له‌ ڕێگای نێوان چیای پیرس و ناحیەى بیره‌كه‌پرای سەر بە پارێزگای هه‌ولێر له‌لایه‌ن جاشه‌كانه‌وه‌ شه‌هید کراوە. ‌له‌ یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ په‌لینه‌ پێكهێناوه‌. هەر لەوێ خوێندوویه‌تی و له‌ ١٥ی شوباتی ١٩٥٤ له‌ زانكۆی تاشقه‌ند وه‌رگیراوە، له‌ ٢٩ی ئاداری ١٩٥٩ توانیویەتى بڕوانامه‌ی دیپلۆم وه‌ربگرێت، له‌ ١٢ی حوزه‌یرانی ١٩٦٣ تا ٢٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٦٣ په‌لینه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك منداڵى له‌ هه‌ولێر له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقەوە به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی پێشمەرگە بووە، خراوه‌ته‌وه‌ به‌ندیخانه ‌و پاشان له‌ گه‌ڕه‌‌كی سه‌یداوه‌ نیشته‌جێ ده‌بێت و له‌ ژێر چاودێریدا بووه‌ و دواتر گەڕاوەتەوە‌ ڕووسیا. ئیبراهیم شێخۆ ئیبراهیم ساڵی ١٩٨٢ له‌ هه‌ولێر كۆچی دوایی كردووه‌.


خەباتنامە

 له‌ ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری یه‌كێتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیاردەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.

 لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو‌ له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا له‌ ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان، ساڵی ١٩٦١ به‌شداری شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و مامۆستا بووه‌‌، ساڵی ١٩٨٢ له‌ هه‌ولێر كۆچی دوایی كردووه‌.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئه‌رشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.

  2. حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤).
  3. له‌ یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧).
  4. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨).
  5. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیا، فۆرمی ئیبراهیم شێخۆ ئیبراهیم شێخۆ، لە رێکەوتی ١ تشرینی دووه‌می ٢٠١٨- پیرمام.
  6. نص قرار لجنة العفو العام برد الاعتبار الى شهداء ثورة بارزان، مجلة رزگاری، العدد ٣،٢، المطبعة الرابطة، بغداد، ١ نيسان ١٩٥٩.

بابەتی پەیوەندیدار

شێخ یەزدین محمەد نەبى

شێخ یەزدین محمەد نەبى، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٥ لە گوندى داویدکا ناحیەى شێروان مەزن لە قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر (ویلایەتی موسڵ) لەدایک بووە، ساڵى ١٩٩٩ لە قەزاى پیرمام کۆچى دوایی کردووە و هەر لەوێش بەخاک سپێردراوە.

زانیاری زیاتر

شێخۆمه‌ر مه‌لا یونس

شێخۆمه‌ر مه‌لا یونس ناسراو بە (شێخ ئۆمه‌ر شانه‌ده‌ری)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٠٥ لە گوندى شانەدەر لە قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر (ویلایەتی موسڵ) لەدایک بووە. ساڵى ١٩٦١ لە شەڕى چیاى پیرس لە قەزاى ئاکرێ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر