ژیاننامە
ئه‌حمه‌د عه‌لی مه‌حموود ساڵی ١٩٢٧ له گوندی ئه‌رگۆش سه‌ربه ناحیه‌ی شێروان مه‌زن له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، له ڕێكه‌وتی ٢١ حوزه‌یرانی ١٩٣٢ له‌گه‌ڵ بنه‌ماله‌كه‌ی ئاواره‌ی كۆماری توركیا بووه، ساڵی ١٩٥٠ له یه‌كێتی سۆڤێت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ خانم زار جه‌مالی مه‌ولود پێكهێناوه و خاوه‌نی سێ كچ بووه به‌ناوه‌كانی گوڵناز ئه‌حمه‌د (١٩٥٢)، گوڵبه‌هار ئه‌حمه‌د (١٩٥٣)، گوڵه‌باغ ئه‌حمه‌د (١٩٥٦). ساڵی ١٩٥٧ له یه‌كێتی سۆڤێت به‌شی كشتوكاڵ له په‌یمانگای تاشكه‌ند ته‌واو كردووە. ساڵی ١٩٥٩ به فه‌رمانبه‌ر له فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی هه‌ولێر دامه‌زراوە. ساڵی ١٩٧٥ له دوای نسكۆی شۆڕشی ئهیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕوو ده‌كاته شانشینی ئێران به‌ڵام ناچار بووه بگه‌ڕێته‌وه باشووری كوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی له‌لایه‌ن ڕژێمی عێراق ده‌ستگیر كراون و بۆ جاری دووه‌م وه‌كو فه‌رمانبه‌ر ده‌گه‌ڕیته‌وه سه‌ر پیشه‌كه‌ی خۆی، شاره‌زایی له زمانه‌كانی كوردی، توركی و ڕووسی هه‌بووه، له ڕێكه‌وتی ٢٤ ئایاری ٢٠١٢ له شاری هه‌ولێر كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی زولفه‌قار له هه‌ریر به‌خاك سپێردراوه.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه و له شهڕەكان به‌شدار بووه، له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفی سه‌ربازی عێراقی ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراو و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه. له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له دوایی نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان ڕووده‌كاته ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزان سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له مه‌هاباد خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی كردووه و مه‌شقی سه‌ربازی پێكراوه و له شهڕەكانی به‌ره‌ی سه‌قز له كۆماری دیموكراتی كوردستان به‌شداری كردووه، له شهڕەكانی به‌رگری كۆماری دیموكراتی كوردستان بریندار بووه.
هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزوورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٢ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی کۆتۆڵ (قتور) و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و لیپسراوی ده‌سته بووه لە شەڕەکان، دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو، وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیاردەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازرێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ئه‌حمه‌د عه‌لی مه‌حموود لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ئه‌حمه‌د عه‌لی مه‌حموود
له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ به‌شداری شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه، ساڵی ١٩٦١ به‌رپرسی دابه‌شكردنی ئازووقه و خوارده‌مه‌نی بووه به‌سه‌ر به‌ره‌كانی شه‌ڕدا، ساڵی ١٩٧٠ سه‌ر له نۆی ده‌گه‌ڕیته‌وه سه‌ر پیشه‌ی پێشووی خۆی له فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی هه‌ولێر، ساڵی ١٩٩٣ خانه‌نشین كراوه، له ڕێكه‌وتی ١٦ كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ له كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری مه‌هاباد، ڕێڕەوی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤێت، شۆڕشی ئهیلوول له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی میدالیای بارزانی نه‌مری پێبه‌خشراوه.
سه‌رچاوه‌كان:
١- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی حاجی هاشم- ٢٠١٥ز).
٢- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس- چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
٣- حیدر فاروق السامرئي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن- دارالحكمة- ٢٠١٦م).
٤- سه‌فه‌ر یووسف میرخان، هه‌موو ئاواتی بارزانی نه‌مر ڕزگاركردنی میلله‌ته‌كه‌ی بوو، رۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٣٧٢٤، هه‌ولێر، ١٤ ئاداری ٢٠١١ز، ل ١١.
٥- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات- ٢٠١٣ز).
٦- شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه، (پیرمام- چاپخانه خه‌بات- ١٩٩٦ز).
٧- صالح یوسف صوفی، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك- چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ- ٢٠١٣ز).
٨- صالح یوسف صوفی، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ سێ، (دهۆك- چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ- ٢٠١٣ز).
٩- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش- ٢٠٠٢ز).
١٠- عهبدولڕەحمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١- ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری- ٢٠٠١ز).
١١- عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر- بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی- چاپخانه‌ی حاجی هاشم- ٢٠١٥ز).
١٢- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی- چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند- ٢٠١١ز).
١٣- گۆڤاری هه‌تاو، ژماره ١٥٤، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، ١٥ نیسانی ١٩٥٩، ل ل ٢، ٤.
١٤- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆشنبیری- ١٩٩٧ز).
١٥- لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق، (بغداد- دارالرشید للنشر- ١٩٧٩م).
١٦- محه‌مه‌د ساڵح پێندرۆیی (جگه‌رسۆز)، ژیانی كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایتی ده‌ڤه‌ری مزووری باڵا، (هه‌ولێر-چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات- ٢٠٢٠ز).
١٧- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١- ١٩٥٨، (دهۆك- چاپخانه‌ی خه‌بات- ١٩٩٨ز).
١٨- نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).
١٩- ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.
