ئه‌حمه‌د عه‌لی جه‌م (١٨٩٥-١٩٩٨)
ئەحمەد عەلی جەم، پێشمه‌رگه و هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ساڵی ١٨٩٥ له گوندی ئه‌رگوش له‌دایكبووه و له ساڵى ١٩٩٨ له ئاواره‌یی كۆچی دوایی کردووە و له گۆڕستانی مه‌لاباسك به خاك سپێردراوه.
ژیاننامە
ئەحمەد عەلی جەم، لە ساڵی ١٨٩٥ له گوندی ئه‌رگوشى سه‌ر به ناحیه‌ی شێروان مه‌زنى قه‌زای مێرگه‌سۆر لە پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه. پێش چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، خێزانه‌كه‌ی ناوی عه‌یشا مه‌لا مه‌قسود سه‌عدی بووە و چوار كوڕ و كچێكیان به ناوه‌كانی سوهه‌یله، ڕه‌شید، ئه‌بابه‌كر، عه‌لی، مه‌جید هەبووە. هەر سێ زمانی کوردى و ڕووسی و توركیی زانیوە. له ته‌مه‌نی ١٠٣ ساڵی و له ١١ی نیسانی ١٩٩٨ کۆچی دوای دەکات و له گۆڕستانی مهلاباسهك له زێوه به خاك ده‌سپێردرێت.
خەباتنامە
لە ساڵی ١٩٣٢ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی یه‌كه‌می بارزانەوە كردووه و له زۆربەی شه‌ڕه‌كاندا به‌شدار بووه. دواى نسکۆى شۆڕشى یەکەمى بارزان و پەڕینەوەى شێخ ئەحمەدى بارزانى لە سنوورى باکورى کوردستان له ٢١ حوزه‌یرانی ١٩٣٢، ئەویش ئاواره‌ی كۆماری توركیا بووه، بەڵام دواى ئەوەى لەساڵى ١٩٣٢ تورک شێخ ئەحمەد ڕادەستى دەسەڵاتدارانى عێراق دەکەنەوە، ئەویش دێتەوە ئەم دیوەى سنوور.
دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى دووەمى بارزان لە ساڵى ١٩٤٣دا په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشەوە كردووه و لە شەڕەکاندا بەشداربووە، بەم هۆیەوە له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوه و نه‌گواستراوه‌کانیدا گیراوە.
له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە "مهاباد"، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە كۆمار كردووه و لە شەڕەکانى بەرەى سەقزدا بەشداربووە.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر وانەى فێربوونى زمانى کوردى بە هەڤاڵانى گوتووەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ئەحمەد عەلى جەم له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
كاتێك شۆڕشی ئەیلوولیش هەڵگیرسا، ئه‌حمه‌د عه‌لی جه‌م جارێكی دیکە چه‌ك ده‌كاتەوە شان و سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه بۆ پاككردنه‌وه‌ی كوردستان له دوژمنان هه‌ڵده‌بژێرێت و به بێ دابڕان تاكو ساڵی ١٩٧٥ به‌رگری له شۆڕش ده‌كات.
له ساڵی ١٩٧٥ هه‌ر له ناوچه ئازاده‌كانی كوردستان مایه‌وه و ئه‌م جاره‌یان به سه‌روه‌ت و سامان و هێزی جه‌سته‌یی خۆی بووه پشت و په‌ناگه‌ی پێشمه‌رگه و ماڵه‌كه‌ی كرده یه‌كێك له باره‌گاكانی سه‌ركردایه‌تی كاتی(قیاده موەقەته)_پارتی دیموكراتی كوردستان و بۆ ماوه‌ی (١٢) ساڵ له‌و بارودۆخه‌دا مایه‌وه، تاكو ئه‌نفالی ساڵی ١٩٨٨ ده‌ستیپێكرد، ئه‌وکات بڕیاری هه‌ڵبژاردنی ژیانی ئاواره‌یی ده‌دات و له كۆمه‌ڵگای زێوه‌ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشته‌جێ ده‌بێت و له‌وێ ده‌مێنێته‌وه تاكو مه‌رگ ڕێگای لێده‌گرێت و له ته‌مه‌نی ١٠٣ ساڵی و له ١١ی نیسانی ١٩٩٨ بۆ دواجار چاوه‌كانی لێكدهنێت و له گۆڕستانی مهلاباسهك له زێوه به خاك ده‌سپێردرێت.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- حیدر فاروق السامرئي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م).
- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
- شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه، (پیرمام - چاپخانه خه‌بات - ١٩٩٦ز).
- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ سێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).
- عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١-١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
- لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
- نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).