مەمەدەڕەش ڕواندزی

محەمەد خدر محەمەد، ناسراو بە مەمەدەڕەش ڕواندزى، ساڵى ١٩٣٢ لە گوندى کانییە قوڕى قەزاى ڕواندزى پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، لەتەمەنى منداڵى باوکى کۆچى دوایی دەکات، بۆیە لەبەر ئەرکى بەرپرسیاریەتى ماڵ بەخێوکردن نەیتوانیوە بچێتە بەر خوێندن. ساڵى ١٩٥٥ ژیانى هاوسەرگیرى پێکهێناوە، خاوەنى شەش کوڕ و کچێک بووە.


ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی وڵاتى ئێران دەبێت، سەرەتا دەچیتە ئۆردۆگاى شنۆى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، دواى چەند مانگێک بۆ ئۆردوگاى ئەنزل لە سەرپێلی زهاو (سەر پولى زەهاب) دەگوازرێتەوە، چەند مانگێگ لەوێ دەمێنیتەوە و پاشان بۆ سەرمیل دەگوازرێتەوە، چەند مانگێگ لەوێ دەبێت ئینجا بۆ شارى یەزد دەگوازرێتەوە.

لە ٢٢ى تشرینى دووەمی ١٩٩١ دواى ڕاپەڕینى خەڵکى باشوورى کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە کوردستان و لەشارى ڕواندز نیشتەجێ دەبێت.

ساڵى ١٩٦٢ لەگەڵ چەند گەنجێکى هاوتەمەنى خۆی وەک سەید سەلیم و محەمەد زیاد و قادرە گۆج لە گوندى فەقیانى قەزاى ڕواندز پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول دەکات و دەبێتە پێشمەرگە، لە شەڕەکانى گوندى ئاکۆیان و فەقیان و چیاى کۆڕەک و دارە هیشک و گەروى بێجان و بەنى چیای حەریر بەشدارییەکى بوێرانە دەکات، لەبەر ئازایەتى ئەو پۆلە پێشمەرگەیە، پەلێکیان لە سنوورى هێزى باڵەک بۆ دەکرێتەوە و محەمەد زیاد دەکرێتە سەرپەل و مەمەدەڕەش ڕواندزی دەکرێتە جێگرى سەرپەل، بۆ بەرگریکردن لە فراونخوازى سوپاى عێراق ڕەوانەى ناوچەى دێگەڵە لە قەزاى کۆیە دەکرێن.

ساڵى ١٩٦٣تا ١٩٦٤ لە دەڤەرى ڕواندز و دۆڵى ئاکۆیان و چیاى کۆڕەک بەشدارى چەند شەڕێک دەکات، ساڵى ١٩٦٥ لە چیای کۆڕەک بەشدارى شەڕى تێکشکاندنى سوپاى عێراق دەکات، ساڵى ١٩٦٦ لەگەڵ هەڤاڵە پێشمەرگەکانى وەک سەید سەلیم و محەمەد زیاد و قادرە گۆج و مەجید کاروانچى، هێرش دەکەنە سەر سوپاى عێراق و سەری چیاى کۆڕەک و کەپکە قەڵ لە سنوورى قەزاى ڕواندز لەدەست سوپاى عێراق ڕزگار دەکەن و زیانێکى زۆر بەر سوپاى عێراق دەگەیەنن.

ساڵى ١٩٦٦ بەشدارى شەڕى دارە هیشک و چیاى کۆڕەک و دۆڵى ئاکۆیان و دۆڵى ئاڵانە لە ناحیەى خەلیفان و چیاى هندرێن دەکات، لەشەڕى چیاى هندرێن مەمەدەڕەش ڕواندزى بە سوکى بریندار دەبێت و هاوڕێکانى جێیناهێڵن و دەربازى دەکەن.

ساڵى ١٩٧٠ دواى بەیانى ١١ى ئادار، محمەد زیاد دەکرێتە سەرلق و مەمەدەڕەش ڕواندزیش دەبێتە جێگرى سەر لق. هەمان ساڵ دواى پێکهێنانى هێزى پاسەوانى سنوور، لەبەر ئەوەى زمانى عەرەبى زانیوە دەکرێتە رەئیس عوڕەفا. ساڵى ١٩٧١ بەشدارى شەڕى کەلەکین دژى جاشە خۆفرۆشەکانى ڕژێمى عێراق دەکات. دواى ئەوەى بەرپرسی لێژنە ناوچەى ڕواندز بۆ لێژنە ناوچەى ئاکرێ بڕیارى گواستنەوەى دەرچوو، داواى لە سەرکردایەتى پارتى کردبوو، مەمەدەڕەش ڕواندزیش لەگەڵ ئەو بگوازنەوە، چونکە پێویستى پێ دەبێت، بۆیە مەمەدەڕەش ڕواندزى ماوەى دوو ساڵ لە دەڤەرى بادینان وەک پێشمەرگە و جێگرى عەبدوڵڕەحیم جەسیم ڕۆڵى خۆی بینیوە.

ساڵى ١٩٧٤ دواى پاشگەزبوونەوەى حکومەتى عێراق لە جێبەجێکردنى بەیاننامەى ١١ى ئادار و دەسپێکردنەوەى شەڕ دژى خەڵکى کوردستان، مەمەدەڕەش ڕواندزى دووبارە وەک جێگرى سەر لق گەڕایەوە شوێنى پێشووى خۆى، بەشدارى شەڕەکانى چیاى کۆڕەک و دۆڵى ئاکۆیانی دژى سوپاى عێراق کرد، لە ٨ی ئابى ١٩٧٤ محەمەد زیاد شەهید دەبێت، بۆیە مەمەدەرەش ڕواندزى لە شوێنى ئەو دەکرێتە سەرلق.

ساڵى ١٩٨٥ دووبارە پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕش گوڵان دەکاتەوە، لەسەر داواى کاک ئیدریس بارزانى هێزێکى پێشمەرگەی ٤٠٠ کەسى پێک دەهێنێت و دێتەوە بۆ ناوچەى خنێرە لە دەڤەرى سیدەکان. بەشدارى چەندین شەڕى دژى سوپاى عێراقی دەکات، ساڵى ١٩٨٨ بەشدارى داستانى خواکوڕکى لەدەڤەرى برادۆست کردووە.

سەرەتای ساڵى ١٩٩٢ لە شارى ڕواندزلە سەر داواى سەرکردایەتى هێزێکى پێشمەرگە پێک دەهێنێت، ساڵى ١٩٩٢ لە شەڕى بەرگریکردن لەسەروەرى یاسا بە گوللەی چەکدارانى پەکەکە شەهید دەبێت.


سەرچاوە:

١.ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

بادین جەوهەر ڕەشید موکی مزوری

بادین جەوهەر ڕەشید موکی مزوری، ساڵی ١٩٦٠ لە پارێزگای هەولێر لە دایک بووە، ساڵی ١٩٧٨ لە لایەن رژێمی بەعسی دەگوازرێنەوە بۆ ئوردۆگای گورەتووی قەزاى مێرگەسۆر، ساڵی ١٩٨١ ئاوارەی وڵاتى ئێران بووە، ساڵى ١٩٩١ گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان. ساڵى ١٩٨١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە و لە هێزى بارزان بۆتە پێشمەرگە، ساڵى ١٩٩٨ لە گوندى موسەکا شەهید کراوە.

زانیاری زیاتر

سەنعان خەمۆ ڕەشید مزوری

سەنعان خەمۆ ڕەشید مزوری، ساڵی ١٩٦٥ لە گوندی ماوەتا سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە. ساڵى ١٩٨٥ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە و لە هێزى بارزان بۆتە پێشمەرگە. ساڵى ١٩٨٧ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

عەبدولڕەحمان یوسف حامد

عەبدولڕەحمان یوسف حامد، ساڵی ١٩٤٢ لە گوندی چەلکی لە ناحیەی دێرەلووک پارێزگاى دهۆک لەدایک بووە. ساڵی ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵی ١٩٦٦ پلەی سەرپەلی وەرگرت، ساڵى ١٩٧٦ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردوە، ساڵى ١٩٨٣ لە چیاى قەندیل شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

نایف عەبدولڕەحمان عەبدوڵا ئەرگۆشی

نایف عەبدولرەحمان عەبدوڵڵا ئەرگۆشی مزوری، ساڵی ١٩٥٨ لە گوندی ئەرگۆش سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لە دایک بووە، ساڵی ١٩٧٦ لە شارى بەغدا پەیوەندى بە ڕێکخستنە نهێنیەکانى پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، ساڵى ١٩٨١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە

زانیاری زیاتر

تەحسین ئەرگۆشى

تەحسین ڕەشید، ناسراو بە (تەحسین ئەرگۆشى)، ساڵی ١٩٧١ لە گوندی ئەرگۆش لەدایک بووە، ساڵى ١٩٩١ پەیوەندی بە ڕیزەکانى پارتی دیموکراتى کوردستان کردووە. ڕۆژی ١٠ى ئەیلوولى ١٩٩٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر