ژیاننامە
مه‌لا ڕه‌سول، ساڵی ١٩٢٧ له قه‌زای مێرگه‌سۆرى سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، له یه‌كێتی سۆڤێت له شاری مۆسكۆ له كۆلێژی (پارتی شكۆلا) خوێندوویەتى، هەردوو زمانى كوردی و ڕووسی زانیوە، ساڵی ١٩٥٢ له سه‌مه‌رقه‌ندى ئۆزبه‌كستان لە یەکێتى سۆڤیەت كۆچی دوایی كردووه و هه‌ر له‌وێش به‌خاك سپێردراوه.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌نديی به ڕيزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه و له شه‌ڕه‌كان به‌شدار بووه، له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازی عێراق ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراوە و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه، له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می هەمان ساڵ له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، ڕوویکردووەتە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزان-ى سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له مه‌هاباد پێشمەرگە بووە و له شه‌ڕه‌كانی به‌ره‌ی سه‌قز له كۆماری دیموكراتی كوردستان به‌شداری كردووه، له ٢٩ی نیسانی ئەو ساڵە به‌شداری شه‌ڕی قاراوا له ناوچه‌ی سه‌قز كردووه.
له ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ بڕیاری داوه كه له ژێر فه‌رمانده‌یی جه‌نەڕاڵ مستەفا بارزانی له به‌رخودان به‌رده‌وام بێت، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ دوو برای به‌ناوه‌كانی (محه‌مه‌د مه‌لامحه‌مه‌د و حه‌سه‌ن مه‌لامحه‌مه‌د) به‌شدارییان له ڕێڕه‌و به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤێتی كردووه، له ٩ى حوزه‌یرانی ١٩٤٧ تا ١١ى حوزه‌یرانی هەمان ساڵ به‌شداریی شه‌ڕه‌كانی گه‌لی قتور و پردی ماكۆ كردووه، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤).
- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣).
- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣).
- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ سێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣).
- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢).
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨).
- نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦).