مەحمود ئەحمەد ڕۆستەم

شەهید مەحمود ئەحمەد ڕۆستەم، کادر و پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بووە، بەرپرسی شانە و چالاکییەکانی ناوشار بووە، ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی لە سەیدسادق دەستگیر کراون و لە ساڵی ١٩٨٩ لە گرتووخانەی ئەبوغرێب لەگەڵ هەڤاڵێکی لە سێدارە دراون.


مەحمود ئەحمەد ڕۆستەم، ساڵی ١٩٦٥ لە گوندی کانێسکانی بناری چیای سورێنی سەربە ناحیەی خورماڵی پارێزگای هەڵەبجە لە دایکبووە، لە سەرەتادا گوندنشین بووە و سەرقاڵی کاری جوتیاری بووە، دواتر لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتی عێراق گوندەکەیان وێران کراوە و بە زۆرەمڵێ نیشتەجێی نشینگەی باریکەی نزیک قەزای سەیدسادق کراون. مەحمود ئەحمەد خێزاندار بووە و خێزانی ناوی حەپسە عەبدوڵا بووە و خاوەنی یەک کچ بووە بە ناوی باخان.

ساڵی ١٩٨١ بۆتە کادری لێژنە ناوچەی پێنجوێنی سەربە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، ساڵی ١٩٨٤ بۆ ماوەی یەک ساڵ لە بەشی سەربازی لێژنە ناوچەی دەربەندیخانی سەربە لقی چواری پارتی بۆتە پێشمەرگە، دواتر لە ساڵی ١٩٨٥ بە فەرمانی بەرپرسی لقی چواری پارتی گوازراوەتەوە بۆ لێژنە ناوچەی پێنجوێن و پلەی بەرپرسی شانەی پێنجی ناوچەکەی وەرگرتووە، لە هەمانکاتدا کراوەتە بەرپرسی چالاکییە پارتیزانییەکانی ناوشار.

بەشداری کۆمەڵێک چالاکی و نەبەردی پارتیزانی کردووە کە دیارترینیان هێرشکردنە سەر بنکەی پۆلیسی سەیدسادق، هێرشکردنە سەر مونەزەمەی قەرەگۆل، بۆسەی قەرەگۆل بووە.

ساڵی ١٩٨٨ مەحمود ئەحمەد ڕۆستەم و چەند هەڤاڵێکی لەسەر ڕێگەی نێوان هەڵەبجە سلێمانی و لە ئاست گوندی قەرەگۆلی دەشتی شارەزوور، بۆسەیان بۆ کاروانێکی سەربازی ڕژێمی بەعس داناوە و توانیویانە چەند ئۆتۆمبێلێک بسووتێنن و کاروانە سەربازیەکە تێکبشکێنن کە لەم چالاکییەدا مەحمود ئەحمەد ڕۆستەم هەڵگری چەکی ئار پی جی بووە و ڕۆڵی باڵای هەبووە لە سووتاندنی ئۆتۆمبێلەکان، دوای ئەم چالاکییە گەورەیە لە ئەمنی گشتی بەغدا دەستەیەک لە ئەمنی سلێمانی و هێزی تایبەت ڕاسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوە و دەستگیر کردنی بکەرانی، هەر بۆیە مەحمود ئەحمەد ڕۆستەم و چەند هەڤاڵێکی بە ناوەکانی فەهمی حەمە ڕەحیم، جەبار ئەحمەد ساڵح، محەمەد حەمە کەریم، خالید عەلی، والی مەحمود عوسمان لە سەیدسادق و گوندەکانی چواردەوری دەستگیر کراون، دوای یەک ساڵ زیندانی لە ئەمنی سوری سلێمانی گوازراونەتەوە بۆ ئەمنی گشتی کەرکووک بۆ دادگاییکردن و دواتر ڕەوانەی گرتووخانەی ئەبوغرێب کراون بۆ جێبەجێ کردنی فەرمانی دادگا.

لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩ لە گرتووخانەی ئەبوغرێب مەحمود ئەحمەد ڕۆستەم و هەڤالێکی بەناوی  محەمەد حەمە کەریم لە سێدارە دراون و شەهید بوونە.


سەرچاوە:

- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

بورهان نەبی خدر بنمێرده‌یی

بورهان نەبی خدر بنمێرده‌یی بورهان نه‌بی خدر بنمێرده‌یی، ناسراوه‌ به‌ (بڕكۆ)، ساڵی ١٩٦١ له‌ گوندی بنمێرده‌، له‌ دۆڵی ئاكۆیانی قه‌زای ڕواندز پارێزگای هه‌ولێر لەدایکبووە، ساڵى ١٩٧٧ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، له‌ مانگی ١ی ١٩٧٩ له‌ به‌نی هه‌ریر شه‌هید بووە.

زانیاری زیاتر

سدیق لێلوکی

سدیق عەبدوڵڵا محەمەد ناسراو بە (سدیق لێلوکی)، سالی ١٩٥٨ لە گوندی لێلوکی ناحیەى مەزنێ لە دایکبووە، ساڵی ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە. ساڵى ١٩٧٩ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. ساڵى ١٩٨٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

ساڵح محەمەد ئەحمەد لێلوکی

ساڵح محەمەد ئەحمەد، سالی ١٩٦١ لە گوندی لێلوک ناحیەى مەزنێ قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لە دایکبووە، ساڵى ١٩٨١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. ساڵى ١٩٨٧ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

ریاز ئیسقێلى

ریاز سەعید مەحمود ئیسقێلی، ناسراو بە (ریاز ئیسقێلى)، ساڵی ١٩٨١ لە وڵاتى ئێران لەدایک بووە، ساڵى ١٩٩٣ پەیوەندى بە یەکێتى قوتابیان کردووە، لە ٢١ى کانوونى یەکەمى ٢٠٠٨ شەهید کراوە.

زانیاری زیاتر

حەمەدئەمین ئیسقێلى

حەمەدئەمین مستەفا ئەحمەد ناسراو بە (حەمەدئەمین ئیسقێلى)، سالی ١٩٥٥ لە گوندی ئیسقێل ناحیەى مەزنێ لە دایکبووە، ساڵی ١٩٧٨ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، ساڵى ١٩٨٤ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر