موراد ئاغا شێخۆ

موراد ئاغا شێخۆ ناسراو بە (موراد شێخۆ دۆسکی)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵی١٩١٠ لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆکی ئیستا (ویلایەتی موسڵ) لەدایکبووە، پێشمەرگە شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥)، کۆماری کوردستان لە مەهاباد (٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦- ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦) و هەڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەتی جاران، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) بووە، ساڵی ١٩٨٤ کۆچی دوایی کردووە.


ژیاننامە

موراد ئاغا شێخۆ ساڵی ١٩١٠ لە ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆکی ئیستا (ویلایەتی موسڵ) لەدایکبووە، ساڵی ١٩٨٤ لە شاری قەزوێن لە وڵاتی ئێران کۆچی دوایی کردووە.

خەباتنامە

موراد ئاغا شێخۆ لە بەشدارانی شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) و پێشمەرگەی کۆماری دیموکراتی کوردستان بووە لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ڕۆخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان بەشدار بوو لە شەڕەکانی بەرگری تا گەیشتووتەوە سەرسنوور باشووری کوردستان لە ١٥ی نیسانی ١٩٤٧، بەڵام خۆی بەدەستەوە نەداوە و لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی (١٩٠٣- ١٩٧٩) بڕیاری ڕوێشتن بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و بەردەوامی بە خەباتی داوە و لە ٢٢ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی کۆتۆل (قتور) و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى، ماندووبوونێکى زۆر و  چەندین شەڕ و پێکدادان، هاورێ لەگەڵ هەڤاڵانی، بە ڕێبەری جەنەراڵ مستەفا بارزانی لە ١٨ی حوزیرەنی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو، وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى بارزانى، بڕیاردەدرێ کەمپە سەربازییەکە له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازرێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

 ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

ساڵی ١٩٥٤ دەستی بە خوێندن کردووە لە پەیمانگای هۆنەری – بەشی کشتوکال و توانیوە بڕوانامەی دبلۆمی بەدەست بهێنێت.

هەر لە یەکێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسەری پێکهێناوە.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، موراد ئاغا شێخۆ له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا له‌ ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان.

دوای گەرانەوە لە یەکێتی سۆڤیەت بۆ عێراق گەراوتەوە زیدی خۆی لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) بووتەوە پێشمەرگە بەشداری لە چەندین شەڕ و داستان کردووە.

دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥)، ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە.

ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول وەک هەزاران کەسی تر ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە و لە چەندین شار نیشتەجێ بووە وەک مەشهەد، ئەسفەهان، ئوردۆگای پەنابەرانی کوردی باشووری کوردستان لە زێوە و شاری قەزوێن و لەساڵی ١٩٨٤ لە شاری قەزوێن کۆچی دوایی کردووە، لە رۆژهەلاتی کوردستان بە خاک سپێردراوە.


سەرچاوە:

١- ئەرشیڤی دەستەی ئینسکلۆپیدیای کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

کەکشار ئەحمەد عارس

كه‌كشار ئه‌حمه‌د عارس، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٢ لە قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٩٢ لە شارى نەجەف ئابادى پارێزگای ئەسفەهان لە ولاتى ئێران کۆچی دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

مامه‌س ڕە‌شید حسۆ

مامه‌س ڕە‌شید حسۆ (١٩٢٩-.....)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥)، شۆڕشی گوڵان(١٩٧٦- ١٩٩١)ی کردووە.

زانیاری زیاتر