ژیاننامە
ساڵی ١٩٢٠ له گوندی بێدارونى سه‌ر به ناحیه‌ی گۆڕه‌توو له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، پێش چوونی بۆ كۆماری دیموكراتی كوردستان، دوو ژنى هه‌بووه، خێزانی یه‌كه‌می ناوی مهگروم عه‌بدولڕه‌حمان بووە و كچێكى لێى هەبووە به‌ناوی خاتون مه‌لاشنی (١٩٤٥) و خێزانی دووه‌مى به‌ناوی لالی مامند تاژدین بووە. مەلاشنى له یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسى له به‌شی كشتو‌كاڵى زانكۆی تهنبۆڤی مۆسكۆ وه‌رگرتووه.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕێزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه و فه‌رمانده‌ی هێز بووه له ناوچه‌ی بارزان، له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازیی عێراق ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراوە و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه. له ڕێكه‌وتی ١٢ ئه‌یلوولی ١٩٤٥ به‌شداری شه‌ڕی سه‌ری ئاكرێى كردووه و له دوای شه‌هیدبوونی عه‌زیز ئاغا زراری، شوێنی ناوبراوی گرتووەتەوە.
دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ ڕووده‌كاته ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزان سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له مه‌هاباد بووەتە پێشمەرگە و له شه‌ڕه‌كانی به‌ره‌ی سه‌قز له گوندی سه‌روچاوه‌ی كۆماری دیموكراتی كوردستان به‌شداری كردووه.
لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسان ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى له ١٥ی ئایار ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ به‌شداری شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه، له ١١ ئه‌یلوولی ١٩٦١ فه‌رمانده‌ی هێز بووه، له ڕێكه‌وتی ١٢ شوباتی ١٩٦٢ له‌سه‌ر بڕیاری مه‌لامسته‌فا بارزانی له‌شكری بادینان دامه‌زرا و ناوبراو كرا به فه‌رمانده‌ی هێزی ئاكرێ، له ڕێكه‌وتی ١٠ ئاداری هەمان ساڵ به‌شداریی شه‌ڕه‌كانی گه‌لى قه‌نتارا، مریبا، چیای چاپانك، بنكه‌ی پۆلیسی بریفكای كردووه، هەروەها ساڵی ١٩٦٢ به‌شداری شه‌ڕه‌كانی بلێ، بارزان، چیای پیرهڤات و گۆڕه‌زی كردووه، له ناوچه‌ی شانه‌ده‌ر و دۆڵی نه‌هله فه‌رمانده‌ی هێز بووه، له ١٤ له‌سه‌ر ١٥ حوزه‌یرانی ١٩٦٣ سەرکردایەتى کردنى شه‌ڕی سه‌ری ئاكرێی له ئه‌ستۆ بووه، له ٢٧ حوزه‌یرانی ١٩٦٣ به‌شداریی شه‌ڕی چیای پیرسی كردووه و شه‌هید بووه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز)، ل ل ٤٥٠، ٤٦٢، ٤٦٥، ٤٧٠.
-
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی پلان دانان، یه‌كه كارگێڕییه‌كانی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌ی خێزانه‌كان و دانیشتوان، هه‌ولێر، ٢٠٠٩ز، ل ل ١٣٤-١٣٧.
-
حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز)، ل ل ٥١، ٦٠، ٦٢، ٨٠، ٩٥، ١٣٣، ١٥٥.
-
حه‌مید گه‌ردی، رۆژی كوردی له مێژوودا، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ٢٠٠٥ز)، ل ١٨٠.
-
حیدر فاروق السامرئي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م)، ص ٢٠٣.
-
سه‌فه‌ر یوسف میرخان، لالی مامه‌ند تاژدین خێزانی شه‌هیدی فه‌رمانده مه‌لاشنی بێدراونی كۆچی دوایی كرد، رۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٤٦٦٩، هه‌ولێر، ٢٧ تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٤ز، ل ٧.
-
شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز)، ل ٤٥.
-
شه‌فیق حسێن شهتونسی، چاڤپێكهفتنهك دگه‌ل پێشمه‌رگێ شوره‌شا ئهیلونا مه‌زن (محه‌مه‌د یه‌حیا حه‌سه‌ن به‌رواری)، گۆڤاری ده‌نگی پێشمه‌رگه، ئۆرگانی مه‌كته‌بی گشتی رێكخستنی پێشمه‌رگه، ژماره ١٤٢، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی ئاراس، كانوونی دووه‌می ٢٠١٠ز، ل ٥٣.
-
شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - چاپخانه خه‌بات - ١٩٩٦ز)، ل ٣٦.
-
شه‌وكه‌ت مه‌لائیسماعیل حه‌سه‌ن، رۆژانێ له مێژووی شۆرشی ئهیلوول، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - نوسینگه‌ی ته‌فسیر بۆ بڵاوكردنه‌وه و راگه‌یاندن - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٧ز)، ل ل ٦١، ٦٧، ١٦٥.
-
صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز)، ل ل ٦٠٧، ٨٥٦.
-
صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ سێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز)، ل ١٠٠٥.
-
عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز)، ص ٣٩.
-
عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١ - ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری – ٢٠٠١ز)، ل ل ١٢١، ١٢٦-١٢٧.
-
عه‌بدوڵڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز)، ل ل ٤٥، ٨١، ١٠٠، ٣٢٨.
-
كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز)، ل ل ٨٤، ٩٤-٩٦.
-
گۆڤاری هه‌تاو، ژماره ١٥٤، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، ١٥ نیسانی ١٩٥٩، ل ل ٢، ٤.
-
له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز)، ل ١١٨.
-
لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م)، ص ٢٨٨.
-
مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز)، ل ل ١٣٥، ١٣٩، ١٨٤، ١٨٨، ١٩٤-١٩٧، ٢٠٠-٢٠١، ٢٠٥، ٤٦٣.
-
مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٦١ - ١٩٧٥، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز)، ل ل ١٢٦-١٢٧.
-
نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز)، ل ٢٦٩.
-
وه‌سفی حه‌سه‌ن ردێتی، داستانا گه‌لێی قه‌نتارا ل ئارادا ١٩٦٢، گۆڤاری ده‌نگی پێشمه‌رگه، ئۆرگانی مه‌كته‌بی رێكخستنی پێشمه‌رگه، ژماره ١٣٠، پیرمام، چاپخانه‌ی رۆشنبیری، كانوونی دووه‌می ٢٠٠٨ز، ل ٤٨.
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره AE-٣، لیستی شه‌هیدانی ساڵی ١٩٦٢ی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕوونووسی به‌ڵگه‌نامه له‌لایه‌ن هاشم ئاكره‌یی پێشكه‌ش كراوه، ل ٥٦.
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره AI-١٠، لیستی هه‌ڤاڵانی مسته‌فا بارزانی بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، به‌ڵگه‌نامه له‌لایه‌ن سه‌گڤان هاڵۆ پێشكه‌ش كراوه، ٢٠١٦ز، ل ٥٥.
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره HB-٣٦٩، پارتی دیموكراتی كوردستان، باره‌گای بارزانی، لێژنه‌ی باڵای ناوچه‌ی بارزان، فۆرمی مه‌لاشنی قورتاس ئیسماعیل، پیرمام، ١ تشرینی دووه‌می ٢٠١٨ز، ل ١.
-
یوسف سه‌بری و دلۆڤان موسته‌فا، بۆ ئازادیی یا وڵاتی، پشكا ئێكێ، (دهۆك - چاپخانه‌یا خانی - ٢٠١٢ز)، ل ١٤٣.