مشیر گوانی

فەرماندە مشیر ڕەسوڵ حاجى, ناسراو بە مشیر گوانى, ساڵى ١٩٦٦ لە ڕێى حەمید ئەفەندى پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە, ساڵى ١٩٧٩ پلەى ئامر مەفرەزەى هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵانی وەرگرتووە. ساڵى ١٩٧٩ ئەندامى کۆنگرەى نۆیەمى پارتى دیموکراتى کوردستان بووە. ١٦ی ئابى ٢٠١٨ میدالیاى بارزانى نەمرى لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانى پێ بەخشراوە.


ژیاننامە

مشیر ڕەسوڵ حاجى، ساڵى ١٩٥١ لە گوندى گوانى سەر بەناحیەى دیانا لەدایک بووە، بەهۆى نەبوونى قوتابخانە نەچۆتە بەر خوێندن، بەڵام دواتر فێرى نووسین و خوێندنەوە بووە، ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، لە شارى کرماشان نیشتەجێ بووە، پاشان گوازراوەتەوە بۆ شارى ئەهواز. لەوێشەوە گواستراونەتەوە بۆ خانەقین و دوور خراونەتەوە بۆ شارى کەربەلا، ماوەى دوو مانگ لە شارى نەجەف لەلایەن حکومەتى عێراق زیندانى کراوە. زمانى کوردى و عەرەبى و فارسی دەزانێت.


خەباتنامە

مشیر ڕەسوڵ حاجى ساڵى ١٩٦٦ لە ڕێى حەمید ئەفەندى پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە، لە پەلى یەکى هێزى باڵەک بۆتە پێشمەرگە، تاوەکوو بەیاننامەى ١١ى ئادارى ١٩٧٠ لەو پەلە ماوەتەوە و درێژەى بە پێشمەرگایەتى خۆى داوە. ساڵى ١٩٧٤ کاتێک شەڕ لەنێوان شۆڕش و سوپاى عێراق دەستى پێکردۆتەوە، ئەو لە سەرى بەردى لە ئەرک بووە، بەشدارى شەڕى چیاى گۆڕەزی کردووە، لەو شەڕە دوو لە ئامۆزاکانى شەهید بوونە بەناوى عەبدولواحید حەمەد لاو و وسوو حەمەد لاو، خۆیشى بەسەختى بریندار بووە. بۆ چارەسەر ڕەوانەى شارێ ورمێ کراوە بۆ وەرگرتنى چارەسەر.

ساڵى ١٩٧٨ پاش ئەوەى ڕێگایان داوە گەڕاوەتەوە زێدى خۆى گوندى گوان، بەڵام دووبارە لەڕێى حەمید ئەفەندى پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان کردووە، لەگەڵ هەندێ لە خزمەکانى چۆتە گەلى گۆستە لە نێوان سنوورى باکوور و باشوورى کوردستان. پاش پەیوەندى کردنى پلەى ئامر مەفەرەزەى لە ناو هێزى پێشمەرگە وەرگرتووە، لە دەڤەرى برادۆست و باڵەکایەتى ئەرکى پێشمەرگایەتى بینوە.

لە ٢ى تشرینى یەکەمى ١٩٧٩ بە مەبەستى بەشداریکردن لە کۆنگرەى نۆیەمى پارتى دیموکراتى کوردستان چۆتە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و لە گوندى زێوە بەشدارى کۆنگرەى نۆیەمى کردووە، تاوەکوو ساڵى ١٩٨٠ لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان ماوەتەوە، پاشان بۆ ئەنجامدانى ئەرکەکەى گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان، دواى ئەوەى دەچێتە گوندى شەپەتاى باکوورى کوردستان بۆ پەیداکردنى خۆراک و پێداویستى ڕۆژانەى پێشمەرگە، دەکەوێتە ناو ڕووبارى ڕوبارۆک، بەڵام لەلایەن خەڵکى ناوچەکە ڕزگار دەکرێت. بەهۆى شەپۆلى ڕووبار بریندار دەبێت، لەبەر نەبوونى بنکەى تەندروستى و چارەسەری پزیشکى دەیخەنە ناو پێستەى ئاژەڵ.

ساڵى ١٩٨١ پلەى ئامر مەفرەزە لەنێو هێزى پێشمەرگە وەردەگرێت، هەمان ساڵ لەکاتى ئەرکدا لە نزیک گوندى کەونە گوندى سەر بە قەزاى مێرگەسۆر دەکەوێتە کەمینێکى سەرباز و بەکرێگیراونى عێراق پاش بەرگرییەکى زۆر بە ئەستەم ڕزگاریان دەبێت. ساڵى ١٩٨٥ گوازراوەتەوە بۆ دەڤەرى باڵەک و کراوە بە ئەندامى لێژنە ناوچەى ڕواندز بەشى عەسکەرى، تا ساڵى ١٩٨٨ لە ئەرکەکەى بەردەوام دەبێت، هەمان ساڵ بەشدارى چەندین شەڕى کردووە ، لەوانە شەڕى وەرتێ و شەڕى کونەکۆتر و هیران و نازەنینى کردووە، لە شەڕى هیران و نازەنین بەسەختى بریندار بووە. بەهۆى کیمیابارانى ناوچەى مەلەکان بەر چەکى کیمیایی کەوتبوو، ماوەیەک تووشى تەنگە نەفەسى ببوو.

ساڵى ١٩٩١ بەشدارى ڕاپەڕینى سۆران و هەولێر و ئاکرێ کردووە، لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانى گەڕاوەتەوە شارى ڕانیە، لەگەڵ عومەر عوسمان مێرگەسۆرى و جەمال مورتکە بەشداریەکى کاراى لە ڕاپەڕینى شارى هەولێر کردووە.

ساڵى ١٩٩٢ دواى پێکهێنانى هێزى یەکگرتوو لە ڕواندز کراوەتە ئامر فەوج تا ساڵى ١٩٩٤ بەردەوام بووە لە ئەرکەکەى، لە پێکهینانى سوپاى شەش بە فەرماندەیی مستەفا نێروەیی کراوەتە ئامر فەوجى شەش. ساڵى ١٩٩٥ گواستراوەتەوە بۆ سوپاى پێنجى سپیلک و بەرپرسی جوڵەى سوپا بووە، ساڵى ١٩٩٩ پلەى ئەندامى فەرماندەیی هەڵگوردى وەرگرتووە. ئێستاش بە پلەى لیوا لە ئەرکەکەى بەردەوامە.

ساڵى ٢٠١٤ بەشدارى شەڕى بەرگریکردنى لەسەروەرى خاکى هەرێمى کوردستان میحوەرەکانى مەحمودیە و زوماڕ و بەعشیقە دژى تیرۆستانى داعش کردووە. 


سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕەشید عەلى بێشونی

ڕەشید عەلى سەلیم شێخ فەرخ، ناسراو بە ڕەشید بێشونى، لە بنەماڵەى شێخ فەرەخی گەورەیە، لە بنەڕەتدا خەڵکى باکوورى کوردستان شارى جزیرەیە، پێش لەدایکبوونى بنەماڵەکەیان هاتوونەتە باشوورى کوردستان، پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتییان لەگەڵ شێخانى بارزان هەبووە، ڕەشید بێشونى هەر لەتەمەنى لاوێتیدا دەکەوێتە ژێر کاریگەرى ڕێبازى بارزان.

زانیاری زیاتر

حەسەن ئاغا بەرزێوەیی

حەسەن عەبدولڕەحمان، ناسراو بە حەسەن ئاغا بەرزێوەیی، ساڵى ١٩٦٥ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، لە شۆڕشی ئەیلوول پلەى جێگرى بەتالیۆنى (١)ی زۆزکى وەرگرتووە، ساڵى ١٩٧٩ دەکرێتە ئامر هێزى سەرکردایەتى، ساڵى ١٩٨٦ پلەى بەرپرسی لێژنە ناوچەى ڕواندزى وەرگرتووە.

زانیاری زیاتر

شەوکەت مەلا ئیسماعیل

شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە، بەرپرسی دەزگای بێتەلی شۆڕش بووە،پلەی فەرماندەى بەتالیۆنى سێی هێزەکانى پاسەوانى سنوورى ساڵی ١٩٧٠ و لیوا لە ساڵی ١٩٩٢ وەرگرتووە، ساڵی ١٩٩٤ خانەنشین کراوە.

زانیاری زیاتر

نەجمەدین گۆرۆنى

نەجمەدین عەبدوڵڵا حەمەد، ناسراو بە نەجمەدین گۆرۆنى، فەرماندەو پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕین، ساڵى١٩٦١ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە، سەرلق بووە و ئەرکى پاسەوانى بارەگاى بارزانى بووە، لە ٣ى تشرینى دووەمى ١٩٩٤ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

بابەکر پشدەری

فەرماندە بابەکر مەحمود حەوێز، ناسراو بە بابەکر پشدەرى، پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول بووە، ئەندامى لێژنە ڕێکخراوى سەنگەسەر بەشى عەسکەرى بووە، ساڵی ١٩٩١ نوێنەرى سەرۆک مەسعود بارزانى بووە لەپشدەر و بێتوێن.

زانیاری زیاتر