ژیاننامە
محەمەد ڕەشید محەمەد لە ساڵی ١٩٢٧ لە گوندی بابسێڤا قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لە دایک بووە، لە شەڕی لەگەڵ شانشینی ئێران لە ساڵی ١٩٤٦ برا و خوشکێکی بەناوەکانی تاهر ڕەشید و حەلیمە ڕەشید شەهید دەبن. لە یەکێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ رابیە خەڵکی قەفقاس پێکهێناوە، لە ٥ی ئەیلوولی ١٩٤٩ لە یارییەکی زۆرانبازیدا توانی شکست بە پالەوانێکی ناوداری ئەو کاتەی ڕووسی بێنێت، هەروەها لە یاریێکی پارسەنگانێشدا لەگەڵ چەند یاریزانێکی ئەو وڵاتە توانی پلەی یەکەم بەدەست بێنێت و مەدالیای شەرەف و قارەمانی پێ ببەخشرێت.
خەباتنامە
ساڵى ١٩٤٣ و دواى گەڕانەوەى مەلا مستەفا بارزانى لە سلێمانییەوە بۆ ناوچەى بارزان و هەڵگیرساندنى شۆڕشى دووەمى بارزان، پەیوەندیی بە ڕیزەکانى لەشکری شۆرشگێڕەوە کردووە و بەشدارى لە شەڕەکانى گرتنى پۆلیسخانەکانى ناوچەى بارزاندا کردووە. ساڵى ١٩٤٤ و دواى نسکۆى شۆڕشیدووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥)، هاوشانى جەنگاوەر و خێزانە بارزانییەکان ئاوارەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان (ئێران) بووە و دواى دامەزراندنى کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مهاباد سەرەتاى ساڵى ١٩٤٦، لە هێزى بارزاندا بۆتە پێشمەرگەى کۆمار و دواى ڕووخانى کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵى ١٩٤٦، هاوشانى لەشکرى شۆڕشگێڕى بارزان بە فەرماندەیی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى دواى چەندین شەڕ و نەبەردیی لە دژى سوپاى شاهەنشایی ئێران، بە ناوچەى نازدارداغى سێکوچکەى سنوورى ئێران- عێراق- تورکیادا گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان و لە ڕیزەکانى لەشکردا لە ناوچەى هۆزى مزووریی گیرساوەتەوە.
لە ڕێکەوتى ٦ى ئایارى ساڵى ١٩٤٧ و دواى بڕیارە مێژووییەکەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە کۆبوونەوەکەى ئەرگۆش، بە خۆبەدەستەوەنەدان (خۆڕادەستنەکردنەوەیان) بە حکومەتى عێراق و ڕێکردنیان بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، هاوشانى لەشکرى شۆڕشگێڕى بارزان بە زیاتر لە پێنجسەد جەنگاوەرەوە و بە سەرکردایەتى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى بڕیارى ڕۆیشتن دەدات و دەبێت بە یەکێک لە هەڤاڵانى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤییەت. لە ماوەى ٢٨ ڕۆژ ڕێکردنى بەردەوام بەنێو سەختى و سرووشتى ڕێگا و ڕووبەڕووبوونەوەى سەربازى سوپاى هەرسێ وڵاتى عێراق، تورکیا و ئێران و دواى سەرکەوتنیان لە شەڕى بەنێوبانگى دەشتی شووت و پەڕینەوەیان لە پردى قزڵداغى ماکۆ، سەرەنجام لە ڕێکەوتى ١٨ى حوزەیران هاوشانى جەنگاوەرە بارزانییەکان لە ڕووبارى ئاراس و سنوورى یەکێتى سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دواى پەڕینەوە لە سنوور، لەلایەن سۆڤییەتەکانەوە لەگەڵ تەواوى جەنگاوەرە بارزانییەکان وەک دیلی جەنگ گواستراوەتەوە بۆ شارى نەخچەوانى کۆمارى ئازەربایجان. دواى ئەوەى مۆسکۆ بڕیاریدا بارزانییەکان وەک پەنابەر وەربگرێت و دواى ڕێککەوتنى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و جەعفەر باقیرۆڤى سەرۆک کۆمارى ئازەربایجان، لەگەڵ تەواوى جەنگاوەرە بارزانییەکان گواستراوەتەوە بۆ سەربازگەیەکى سەر دەریاى خەزەر لە نزیک باکۆى پایتەختى ئازربایجان و لەلایەن ئەفسەرە ئازربایجانییەکانەوە خراوتەوە بەر مەشقى چڕى سەربازیی و هەر لەوێش وانەى فێربوونى نووسین و خوێندنەوەى زمانى کوردیشیان لەلایەن ئەفسەرانى کوردەوە پێ گوتراوەتەوە.
دواى تێکچوونى پەیوەندییەکانى نێوان جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و جەعفەر باقیرۆڤ و دەرکەوتنى نیاز خەراپى و دوڕدۆنگى باقیرۆڤ بەرامبەر بارزانییەکان، لەگەڵ تەواوى جەنگاوەرە بارزانییەکان لە رێکەوتى ٢٩ى ئابى ١٩٤٨ لە کۆمارى ئازربایجانەوە گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگاى چرچوکى کۆمارى ئۆزبەکستان و لەوێش بۆجارى دووەم بەشێوەیەکى کاتى خراوەتەوە بەر مەشقى سەربازیی.
لە مانگى ئادارى ساڵى ١٩٤٩ دواى پلانگێڕییەکانى باقیرۆڤ و بێریاى یاریدەدەرى ستالین، جەنگاوەرە بارزانییەکان لە یەکترى جیاکرانەوە و بە شەمەندەفەر کۆمەڵ کۆمەڵ بەسەر گوند و کێڵگە کەلخوز و هەرەوەزییەکانى کۆمارى ئۆزبەکستاندا بڵاوکرانەوە و بۆ پەیداکردنى بژێوى ژیانیان هاوشێوەى دیلە ئەڵمانییەکان خرانە بەر سوخرە و کارى سەختى ڕۆژانە.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ مستەفا بارزانییەوە بۆ کۆشکى کریملین و دەسەڵاتدارانى یەکێتى سۆڤیەت، سەرەنجام نامەیەکى بارزانى گەیشتنە دەست ستالینى سەرۆکى یەکێتى سۆڤیەت. دواى گەیشتنى نامەى بارزانی، لەلایەن ستالینەوە بڕیار لە دروستکردنى لێژنەیەک درا بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى بارزانییەکان و سەرەنجام بۆ جارێکى دیکە و ساڵى ١٩٥١ تەواوى بارزانییەکان لە یەکترى کۆکرانەوە و لە شارى ڤرێڤسکى سەر دەریای ڕەش لە باشوورى ڕووسیاى ئەمڕۆ نیشتەجێ کران.
دواى ١١ساڵ مانەوە لە یەکێتى سۆڤییەت، ساڵى ١٩٥٨ سیستەمی حکومی پاشایەتى لە عێراق ڕووخا و سیستەمی کۆماری بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دەسەڵاتی عێراقی گرتە دەست، بە هاتنە سەر دەسەڵاتى کۆمارییەکان ڕێگاى گەڕانەوەى بارزانییەکان لە یەکێتى سۆڤیەت کرایەوە و لە ڕێکەوتى ١٦ى نیسانى ١٩٥٩ لەگەڵ تەواوى جەنگاوەرە بارزانییەکان بە سووارى کەشتى گروزییا و بە ڕێگەى بەندەرى شارى بەسڕاوە گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان و گەڵ هاوسەر و دوو منداڵی لە گوندی بابسێڤا نیشتەجێ بوون.
ساڵی ١٩٦١ و دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان بارزانی و عەبدولکەریم قاسم و لێبوونەوەی حکومەت لەو بەڵێنانەی بە کوردی دابوو، شۆڕشی نەتەوەی کورد هەڵگیرسایەوە و محەمەد ڕەشید پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە کردەوە و بەشداری زۆربەی شەڕەکان کردووە وەک شەڕی سەڕی، مەیدان موریک، سەرێ پیرس، ملێ ساریجێ، لە شەڕی ملێ ساریجێ بریندار بووە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥، ناوبراو دوور دەخرێتەوە بۆ باشووری عێراق و لە کۆمەڵگایەک لە پارێزگای دیوانیە نیشتەجێ دەکرێت و لە ساڵی ١٩٨٠ دەگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵگای زۆرە ملێ بەناوی (قودس) لە هەولێر، لە ساڵی ١٩٨١ دەگەڕێتەوە گوندی بابسێڤا لە ناوچەئازادکراوەکان. هەر ئەو ساڵە پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی گۆڵانەوە کردەوە و لە ساڵی ١٩٨٣بەشدار دەبێت لە شەڕی دەڤەری نێروە و ڕێکان، ساڵی ١٩٨٥ بەشداری شەڕی گردەشڤان لە دەڤەری لولان بووە، ساڵی ١٩٨٨ دوای ئەنفال ناوبراو ئاوارەی ئێران دەبێت، لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ دەگەڕێتەوە و لە گوندی بابسێڤا نیشتەجێ دەبێت.
لەبەرامبەر هەوڵ و ماندوبوونەکانی بۆ سەرخستنی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، لە کۆنگرەی ١٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر لە لایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە. لە شەوی ١٢ لەسە ١٣ی مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١١ بەهۆی نەخۆشی لە ناحییەی شێلادزێ سەربە قەزای ئامێدی کۆچی دوایی کردووە.
سەرچاوەکان:
١-گۆڤاری دەنگی پێشمەرگە، ژمارە ١٧٢، تەموزی ٢٠١٢، سەروەرینامەی شەهید محەمەد ڕەشید محەمەد، ل٩٢-٩٣.
٢-شهوكهت شێخ یهزدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمهرگه، (پیرمام - چاپخانه خهبات - ١٩٩٦ز)،ل ٣٣.
٣-ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

