ژیاننامە
محەمەد عەبدوڵا حەسەن لە ساڵی ١٩٣٣ لە گوندی ئیسومەرا قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە. پێش چوونی بۆ یەکێتی سۆڤییەت خێزاندار بووە.
خەباتنامە
ساڵى ١٩٤٥ و دواى نسکۆى شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥)، هاوشانى جەنگاوەر و خێزانە بارزانییەکان ئاوارەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان (ئێران) بووە و دواى دامەزراندنى کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مهاباد سەرەتاى ساڵى ١٩٤٦، لە هێزى بارزاندا بۆتە پێشمەرگەى کۆمار و دواى ڕووخانى کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵى ١٩٤٦، هاوشانى لەشکرى شۆڕشگێڕى بارزان بە فەرماندەیی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى دواى چەندین شەڕ و نەبەردیی لە دژى سوپاى شاهەنشایی ئێران، بە ناوچەى نازدارداغى سێکوچکەى سنوورى ئێران-عێراق-تورکیادا گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان و لە ڕیزەکانى لەشکردا لە ناوچەى هۆزى مزووریی گیرساوەتەوە.
لە ڕێکەوتى ٦ى ئایارى ساڵى ١٩٤٧ و دواى بڕیارە مێژووییەکەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە کۆبوونەوەکەى ئەرگۆش، بە خۆڕادەستنەکردنەوەیان بە حکومەتى عێراق و ڕێکردنیان بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، هاوشانى لەشکرى شۆڕشگێڕى بارزان بە زیاتر لە پێنجسەد جەنگاوەرەوە و بە سەرکردایەتى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى بڕیارى ڕۆیشتن دەدات و دەبێت بە یەکێک لە هەڤاڵانى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤییەت. لە ماوەى ٢٨ ڕۆژ ڕێکردنى بەردەوام بەنێو سەختى و سرووشتى ڕێگا و ڕووبەڕووبوونەوەى سەربازى سوپاى هەرسێ وڵاتى عێراق، تورکیا و ئێران و دواى سەرکەوتنیان لە شەڕى بەنێوبانگى دەشتی شووت و پەڕینەوەیان لە پردى قزڵداغى ماکۆ، سەرەنجام لە ڕێکەوتى ١٨ى حوزەیران هاوشانى جەنگاوەرە بارزانییەکان لە ڕووبارى ئاراس و سنوورى یەکێتى سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دواى پەڕینەوە لە سنوور، لەلایەن سۆڤییەتەکانەوە لەگەڵ تەواوى جەنگاوەرە بارزانییەکان وەک دیلى جەنگ گواستراوەتەوە بۆ شارى نەخچەوانى کۆمارى ئازەربایجان. دواى ئەوەى مۆسکۆ بڕیاریدا بارزانییەکان وەک پەنابەر وەربگرێت و دواى ڕێککەوتنى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و جەعفەر باقیرۆڤى سەرۆک کۆمارى ئازەربایجان، لەگەڵ تەواوى جەنگاوەرە بارزانییەکان گواستراوەتەوە بۆ سەربازگەیەکى سەر دەریاى خەزەر لە نزیک باکۆى پایتەختى ئازربایجان و لەلایەن ئەفسەرە ئازربایجانییەکانەوە خراوتەوە بەر مەشقى چڕى سەربازیی و هەر لەوێش وانەى فێربوونى نووسین و خوێندنەوەى زمانى کوردیشیان لەلایەن ئەفسەرانى کوردەوە پێ گوتراوەتەوە.
دواى تێکچوونى پەیوەندییەکانى نێوان جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و جەعفەر باقیرۆڤ و دەرکەوتنى نیاز خەراپى و دوڕدۆنگى باقیرۆڤ بەرامبەر بارزانییەکان، لەگەڵ تەواوى جەنگاوەرە بارزانییەکان لە رێکەوتى ٢٩ى ئابى ١٩٤٨ لە کۆمارى ئازربایجانەوە گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگاى چرچوکى کۆمارى ئۆزبەکستان و لەوێش بۆجارى دووەم بەشێوەیەکى کاتى خراوەتەوە بەر مەشقى سەربازیی.
لە مانگى ئادارى ساڵى ١٩٤٩ دواى پلانگێڕییەکانى باقیرۆڤ و بێریاى یاریدەدەرى ستالین، جەنگاوەرە بارزانییەکان لە یەکترى جیاکرانەوە و بە شەمەندەفەر کۆمەڵ کۆمەڵ بەسەر گوند و کێڵگە کەلخوز و هەرەوەزییەکانى کۆمارى ئۆزبەکستاندا بڵاوکرانەوە و بۆ پەیداکردنى بژێوى ژیانیان هاوشێوەى دیلە ئەڵمانییەکان خرانە بەر سوخرە و کارى سەختى ڕۆژانە.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ مستەفا بارزانییەوە بۆ کۆشکى کریملین و دەسەڵاتدارانى یەکێتى سۆڤیەت، سەرەنجام نامەیەکى بارزانى گەیشتنە دەست ستالینى سەرۆکى یەکێتى سۆڤیەت. دواى گەیشتنى نامەى بارزانی، لەلایەن ستالینەوە بڕیار لە دروستکردنى لێژنەیەک درا بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى بارزانییەکان و سەرەنجام بۆ جارێکى دیکە و ساڵى ١٩٥١ تەواوى بارزانییەکان لە یەکترى کۆکرانەوە و لە شارى ڤرێڤسکى سەر دەریای ڕەش لە باشوورى ڕووسیاى ئەمڕۆ نیشتەجێ کران.
دواى ١١ساڵ مانەوە لە یەکێتى سۆڤییەت، ساڵى ١٩٥٨ ڕژێمى پاشایەتى لە عێراق ڕووخا و سیستەمی بەرێوەبردنی وڵات بۆ کۆماری بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دامەزرا و دەسەڵاتی عێراقیان گرتە دەست، بە هاتنە سەر دەسەڵاتى کۆمارییەکان ڕێگاى گەڕانەوەى بارزانییەکان لە یەکێتى سۆڤیەت کرایەوە و لە ڕێکەوتى ١٦ى نیسانى ١٩٥٩ لەگەڵ تەواوى جەنگاوەرە بارزانییەکان بە سووارى کەشتى گروزییا و بە ڕێگەى بەندەرى شارى بەسڕاوە گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان.
ساڵی ١٩٦١ و دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان بارزانی و عەبدولکەریم قاسم و لێبوونەوەی حکومەت لەو بەڵێنانەی بە کوردی دابوو، شۆڕشی نەتەوەی کورد هەڵگیرسایەوە و محەمەد عەبدوڵا حەسەن پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥ ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە. دوای دەستپێکردنەوەی شۆڕش لە گوڵانی ١٩٧٦ جارێکی دیکە پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە کردەوە. لە ساڵی ١٩٩٩ لە ئاوارەیی گەڕایەوە کوردستان.
سەرچاوەکان:
١-گۆڤاری دەنگی پێشمەرگە، ژمارە٣٦، ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٠، پێشمەرگەی دێرین : دیمانە مقداد شاسواری لەگەل محەمەد عەبدوڵا حەسەن، دەربوتکێ، ل٢٤.
٢- شهوكهت شێخ یهزدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمهرگه، (پیرمام- چاپخانه خهبات- ١٩٩٦ز)، ل١٦، ٣٣.
٣-ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

