لێژنەی ئازادی

لێژنەى ئازادى هەروەها (هەیئەى ئازادى و کۆمیتەى ئازادى)شى پێدەگوترا، لێژنەیەکى ڕێکخراوى تۆکمە بوو، لە ڕێکەوتى ١٥ى کانوونى دووەمى ساڵى ١٩٤٥ لە بارزان بە سەرۆکایەتى مەلامستەفا بارزانى و ئەندامێتى ئەو ئەفسەرە ئازادیخوازانە پێکهات کە لە سوپاى عێراق جیاببوونەوە و پەیوەندییان بە شۆڕشى دووەمى بارزانەوە کردبوو.


بارودۆخى کورد بەر لە لێژنەى ئازادى

بەر لەوەى لێژنەى ئازادى پێکبهێنرێ، کوردستان لەبارودۆخێکى سەخت دابوو، لەلایەک هەموو دونیا بەدەست جەنگى دووەمى جیهانییەوە دەیناڵاند و لەناویشیاندا وڵاتى عێراق، چونکە ئینگلیز بۆ بەردەوامیدان بە شەڕ سوودیان لە نەوت و دانەوێڵەى عێراق وەردەگرت. لەلایەکى دیکەش دەسەڵاتى مەلەکى عێراق بە هەموو شێوەیەک نەتەوەى کوردى دەچەوساندەوە و بێبەشى کردبوو لە هەموو مافێکى ئاسایى کە خودا و یاسا مرۆییەکان بە مرۆڤیان داوە.

پشتگوێخستنى کورد و داواکارییەکانى بۆ پێدانى ماف، بووە هۆى ئەوەى مەلا مستەفا بارزانى ئاستى پشتگیریى جەماوەر، بەتایبەتى بارزانییەکان، هەڵبسەنگێنێ و بۆ ئەم مەبەستەش سەردانى ناوچەکانى دەوروبەرى گوندى بارزان دەستپێکرد و کەسایەتییە ناودارەکانى ناوچەکەى بەسەرکردەوە. لەسەردانەکانیدا بارزانى بۆى ڕوونبووەوە؛ تێکڕاى جەماوەر پشتگیرى لێدەکەن، بۆیە ئەویش دوا تەقەڵاى خۆى لەگەڵ حکومەتى عێراق دا تا بە ئاشتى پرسەکان چارەسەر بکەن، بەڵام هەوڵەکانى بێ ئەنجام بوون، بۆیە لە ساڵى ١٩٤٣ بڕیارى هەڵگیرساندنى شۆڕشى دووەمى بارزانى دا و تەواوى ناوچەکەیان لە چەکدارانى حکومەت پاککردەوە و هەموو پۆلیسخانەکانى دەڤەرەکە کەوتنە دەست شۆڕشگێڕان.

دواى چەند شەڕێک؛ لەوانە شەڕى گۆڕەتو و پیران و مێرگەسۆر و مەزنە، کە لە هەموویاندا شۆڕشگێڕان سەرکەوتوو بوون، هەروەها دواى ئەوەى حزبى هیوا برەوى بە بڵاوکردنەوەى دەنگوباسى ئەو سەرکەوتنانەدا کە بارزانى بەدەستى هێنابوون، هاوکات شکستى حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى کە لەو ماوەیەدا لە بەغدا پێکدەهاتن، حکومەتى عێراقیان ناچارکرد داواى دانوستان و تێکگەیشتن بکا و بارزانیش بەمە قایل بوو و ئەمانەش

دەستکەوتى دانوستانەکان بوون:

١- گەڕانەوەى شێخ ئەحمەدى بارزان بۆ بارزان.

٢- دانانى بەرپرسى کارگێڕیى تازە بۆ دەڤەرەکە.

٣- ناردنى ئازووقە بۆ خەڵکى ناوچەکە.

٤- دانانى ئەفسەرانى پەیوەندیى کە پێکهاتبوون لە:

  • لیوا بەهائەدین شێخ نوورى- سلێمانى.
  •  عەقید ئەمین ڕواندزى- ڕواندز.
  • نەقیب سەید عەزیز سەید عەبدوڵا – مێرگەسۆر.
  • نەقیب میرحاج ئەحمەد – ئاکرێ.
  • نەقیب مستەفا خۆشناو – بارزان.
  • رائد عیزەت عەبدولعەزیز –  بلە.
  • نەقیب مەجید عەلى – بۆ ئامێدى.
  • نەقیب فوئاد عارف – بۆ پژدەر.

پێکهێنانى لێژنەى ئازادى

لە عێراق لە ماوەیەکى کەمدا چەند حکومەتێکى جیاواز پێکهاتن، بەڵام بۆ کورد جیاوازییەکى ئەوتۆ لە بیرکردنەوە و کاریاندا نەبوو، ئەمە واى لە مەلامستەفا بارزانى کرد پاڵپشتیی کۆمەڵایەتى و سیاسى و سەربازیى خۆى بەهێز بکا. لە ڕووى سیاسییەوە حزبى هیوا لە ناوەوە بوو و لە زۆربەى شارەکانى کوردستان و بەغدا لقى هەبوو، لەڕووى سەربازیشەوە بەشێکى زۆرى ئەفسەرەکانى پەیوەندیى چووبوونە پاڵ ئەو لەشکرەى سەرۆک مستەفا بارزانى سەرکردایەتى دەکرد. ئەمە واى لە جەنەڕاڵ بارزانى کرد لەنێوان ئەم دوو پێکهاتەیە بیر لە پێکهێنانى پێکهاتەیەکى یەکگرتوو بکاتەوە، بۆ ئەمەش لەگەڵ شێخ ئەحمەدى بارزانى پلانى دروستکردنى لێژنەیەکى باسکردووە و دواى وەرگرتنى ڕەزامەندیى شێخ، لە ١٥ى کانوونى دووەمى ساڵى ١٩٤٥ پاش کۆمەڵێک کۆبوونەوەى چڕوپڕ، بارزانى لەگەڵ ئەفسەرە هاوڕێکانیدا بڕیاریاندا لێژنەى ئازادى پێکبهێنن و سەرۆک مستەفا بارزانى بووە سەرۆکى لێژنەکە و ئەم ئەفسەرانەى پەیوەندیش ئەندامى لێژنەکە بوون:

بڕیاردرا بارزان ببێتە بارەگاى سەرەکى ئەم لێژنەیە، هەروەها حزبى هیواش داواى کرد بارەگاى سەرەکى حزبەکەیان بگوازنەوە بارزان، چونکە سەرۆکى حزبى هیوا لە ٣٠ى کانوونى دووەمى ١٩٤٥ نامەیەکى بۆ بارزانى نارد و ئەم داوایەى لێى هەبوو. سەرۆک بارزانى هەماهەنگیى نێوان هەردوو لایەنى زۆر پێ خۆش بوو و پەسندى کرد، بەڵام ئەوەى پەسند نەکرد حزبى هیوا بارەگایان بگوازنەوە بارزان، چونکە ئەمە لە ڕووى سیاسییەوە زیانى بۆ بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد هەبوو و ئەو داواى لێکردن بە نهێنى پاڵپشتى و پشتگیرى لە خۆپیشاندان و دەرکردنى بڵاوکراوە بکەنەوە و هیواش ئەمەیان لا پەسند بوو و وایانکرد.


لێژنەى ئازادى ئەم بەرنامەیەیان بۆ خۆیان دانا:

١- ڕزگاریى کوردستان و ئازادکردنى لە زوڵم و زۆردارى.

٢- پێکهێنانى دەستەى چەکدار بۆ پاراستنى کوردستان.

٣- تەقەلادان بۆ ئاشتیى نیشتمانى.

٤- پێکهێنانى پێوەندیى برایانە لەگەڵ هەموو حزب و ڕێکخراوە نیشتمانى و ئازادیخوازەکانى گشت ناوچەکانى کوردستاندا.

٥- گەیاندنى دەنگى گەلى کورد و زۆرلێکراوییەکانى بە هەموو ڕاى گشتیى دنیا و دەوڵەتان بەهۆى باڵوێزگەکانى دەوڵەتانەوە لە بەغدا.

٦- ڕیسواکردنى سیاسەتی دوژمن بە گەلى کوردى حکوومەتى بەغدا لەناو چینەکانى گەلدا لە ڕێى کەرەستەکانى ڕاگەیاندنەوە و داواکردنی جێبەجێکردنی بەندەکانى ڕێککەوتنى ساڵى ١٩٤٣ کە شەڕى پێ ڕاگیرا.

لەلایەن خەڵک و لاوان و قوتابیانەوە پێشوازی بەرچاو لەو خاڵانە  کرا و لە ١٠ى شوباتى ١٩٤٥ لاوانى کورد بەیاننامەیەکیان بۆ پشتگیرى لە لێژنەى ئازادى بڵاوکردەوە و گەیاندیانە زۆربەى کەسایەتى و باڵیۆز و ناوچەکانى کوردستان و بەغدا، ئەمە وێڕاى ئەو پاڵپشتییەى هیوا لە لێژنەکەى کرد.

لە ٨ى ئابى ساڵى ١٩٤٥ حکومەتى پاچەچى لە دژى مەلا مستەفا بارزانى بەیاننامەیەکى دەرکرد و بڕیارى دا ناوچەى بارزان بە زەبرى هێز داگیر بکا، بەڵام تا ٢٥ى ئاب شەڕ دەستیپێنەکرد. بارزانى و ئەندامانى لێژنەى ئازادى کە هەریەکەیان سەرکردایەتیى بەرەیەکى دەکرد، بڕیارى بەرگرییان دا و چەندین شەڕى قارەمانانەیان لە دژى سوپاى عێراق و سوپاى ئینگلیز ئەنجامدا و بەرگرى بێ وێنەیان نواند، تا ئەوکاتەى بە فیتى ئینگلیز و دەم چەورکرانیان لەلایەن حکومەتى عێراقەوە، هەندێک لە عەشیرەتەکان چوونە بەرەى دوژمن و لەپاڵ سوپای عێراق شەڕى بەرەى ڕزگاریخوازانیان کرد. ئەمە گورزێکى کوشندەبوو لە بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد درا، چونکە لە شەڕەکاندا کورد بە دەستى کورد دەکوژرا، ئەمە بۆ بارزانى و لێژنەى ئازادى سەخت بوو، بۆیە لە کۆتایی مانگى ئەیلوول بارزانى فەرمانى بە فەرماندەى بەرەکانى شەڕدا بەشێوەیەکى ڕێک و ڕێکخراو بەرەو خاکى ئێران پاشەکشێ بکەن.

ئەندامانى لێژنەى ئازادى بە سەرۆکایەتى مستەفا بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و لە لەشکرى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد ڕۆڵى بەرچاویان هەبوو و پلەى بەرزیان لەم لەشکرە پێدرا و بوونە بەشێک لە لەشکرى پارێزەرى کۆمار.


سەرچاوەکان:

١- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد١٩٣١- ١٩٥٨، چاپی یەکەم، (چاپخانەی خەبات- دهۆک- ١٩٩٨).

٢- مستەفا محەمەد کەریم، شۆڕشی دووەمی بارزان هۆکار و دەرئەنجامەکانی ١٩٤٣- ١٩٤٥، (چاپخانەی دانیشفەڕ- هەولێر- ٢٠٢٢).


بابەتی پەیوەندیدار

بەعەرەبکردنی کوردستان

دەستەواژە یان وشەی بەعەرەبکردن لە ڕووی پێناسەوە، گۆڕینی دیموگرافیا و سیمای ناوچەیەکی نیشتەجێبوونى گەل و نەتەوەکانی دیکەیە بۆ ناوچەیەکی عەرەبنشین، ئەمەش بە هۆی زیادکردنی ڕێژەی دانیشتوانی عەرەب و سەپاندنی زمانی پەیڤین بە عەرەبی و گۆڕینى پەیتا پەیتای سیمای فۆلکلۆری، داب و نەریتى ناوچەکە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی دوور مەودا و لەسەر بنچینەی ڕەگەزپەرستی، نیشتەجێکردنى خەڵکی عەرەب لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق و دروستکردنی کۆمەڵگای نیشتەجێ کردنی عەرەبی....

زانیاری زیاتر

دامەزراوە تەندروستییەکانى شۆڕشى ئەیلوول

شۆڕشى ئەیلوول؛ شۆڕشێکى سەرتاپاگیر لە زاخۆوە تا خانەقین، زیاتر لە ٦٥٠٠٠ کم٢ خاکى ئازادکراوى کوردستانى لەبەردەست بوو، زۆربەى ئەو خاکە ئاوەدانى بوو و خەڵکى تێدا نیشتەجێبوو. ناوچەکە پێویستى بە بەڕێوەبردن هەبوو، بۆیە سەرۆک مستەفا بارزانى سەرکردەى شۆڕش بیرى لە دامەزراندنى دامەزراوەیەک کردەوە بەناوى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕش. ئەم ئەنجوومەنە لە مانگى ئەیلوولى ساڵى ١٩٦٤ دامەزرا، هاوشێوەى هەر حکومەتێک دامەزراوەکانى خزمەتگوزارییان پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرد.

زانیاری زیاتر

ڕاهێنان و مەشقی پێشمەرگە

فه‌رمانی سه‌ربازی لەبارەی ڕێكخستنی ده‌سته‌ی پێشمەرگەی کوردستان بەپێی پێویستی بەرژەوەندی شۆڕش و بەمەبەستی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی سه‌ربازی ده‌سته‌ی پێشمەرگە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان، لەڕووی ڕێكخستن ‌و پڕچه‌ككردن و مه‌شق و ڕاهێنان و كارامه‌بوون، ئه‌م نامیلكه‌یه‌مان ده‌رکرد و فه‌رمانمان بەوانە‌ كرد کە بایه‌خ به‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی ده‌سته‌ی چه‌کداره‌ شۆڕشگێره‌کانمان ده‌ده‌ن، له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌و نامیلكه‌یه‌ ئه‌وپه‌ڕی توانا و هێزیان بخه‌نه‌گه‌ڕ.

زانیاری زیاتر

هەوڵی تیرۆر کردنی مەسعود مستەفا بارزانى

مەسعود مستەفا بارزانى لە سەرەتاکانى شۆڕشى ئەیلوول دەبێتە پێشمەرگە و پاش ئەوەى دەزگاى پاراستن دادەمەزرێنێ، دەبێتە ناوێکى دیار و بەرچاوى ناو شۆڕش و بەهۆى بەشداریکردنى لە ڕێککەوتنى یازدەى ئادار و دواتریش دواى نسکۆى شۆڕش و نەخۆشکەوتنى سەرۆک مستەفا بارزانى، هێندەى دیکە ڕۆڵى لە خستنەوەسەرپێ و هەڵگیرساندنەوەى شۆڕشى گوڵان دەردەکەوێ.

زانیاری زیاتر

هەوڵی تیرۆرکردنى ئیدریس مستەفا بارزانى

ئیدریس مستەفا بارزانى، یەکێک لە سەرکردە هەرە دیارەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و کوڕى سەرۆک مستەفا بارزانى بوو. دواى ئەوەى بەشداریى لە شۆڕشى ئەیلوول دەکات و وەکو یاریدەدەرى سەرۆک مستەفا بارزانى بۆ کاروبارى سەربازیى و کۆمەڵایەتى ڕۆڵى خۆى دەنوێنێ، دۆست بە دەرکەوتنى ئەم سەرکردە لێهاتووە دڵخۆش و دوژمنانیش پێى دڵتەنگ دەبن.

زانیاری زیاتر