لە ٢٣ى حوزەیرانى ١٩٨٣ تا ١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٤ هێزى پێشمەرگەى کوردستان زیاتر لە ٢٠٠ چالاکى جۆراوجۆریان لە ناوچە جیاوازەکانى کوردستان دژ بە بنکەى سەربازى و دامودەزگاکانى ڕژێمى بەعس ئەنجامدا، لە دەرەنجامدا زیانى گەورەیان بەو هێزانە گەیاند، یەکێک لەو چالاکییانە ئەوە بوو لە حوزەیرانى ١٩٨٣ لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، بە ڕێکخراوى شەهید سەگڤانى ڕاگەیاند کە بەیەکەوە چالاکییەک ئەنجام بدەن، لەگەڵ ڕێکخراوێکى سەربە لێژنەى ناوچەى شێخان کە میرزۆ ئێزیدى سەرپەرشتى دەکرد، لەو کاتەدا لە ئاواییەکانى دەڤەرى شێخان لە جەولەدا بوون بۆ ئەنجامدانى چالاکی پێشمەرگەیی، هێزەکەى پێشمەرگەى ڕێکخراوى شەهید سەگڤان بە فەرماندەیی حیکمەت محەمەد گولى بۆ جێبەجێکردنى فەرمانى سەروو بەڕێکەوتن بۆ ناوچەى شێخان، تاکو لەگەڵ هێزەکەى میرزۆ ئێزیدى یەکتر بگرنەوە و نەخشە بکێشن بۆ لێدانى بنکە سەربازیەکانى ڕژێمى بەعس.
هێزى پێشمەرگەى کوردستان لەو ماوەیەدا لە چوارچێوەى ڕێکخستنى حزبیدا ڕێکخرابوو وەک لێژنەى ناوچە و ڕێکخراو. هەردوو هێزەکە لە نزیک ئەشکەوتى (صمتى) بە یەکتر گەیشتن، دواى دانیشتن و تاوتوێ کردنى پلان و بەرنامەى ئەنجامدانى چالاکى، بەرپرسى هێزەکەى لێژنەى شێخان ئاماژەى بەوەکرد کە نیازى لێدانى ژمارەیەک ڕەبایەیان هەیە کە سەرەتا بە ڕەبایەى پشتى گوندى ماسیکێ دەست پێبکەن، دواى کۆکردنەوەى زانیارى و دروستکردنى پەیوەندى نهێنى لەگەڵ سەربازێکى ڕەبایە تاکو بتوانن چالاکییەکەیان سەرکەوتوو بێ، سەربازەکە ڕێنموونى کردن کە پێویستە شەو کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک خۆیان بگەیەننە ناو ڕەبایە و هاوکاریان دەبێ چونکە لەو کاتەدا نۆرەى پاسەوانى ئەو بوو، سەرەتا دەستەیەک پێشمەرگە ئامادەکران کە وەک پێشەنگى هێز بەڕێکران تاکو لە کاتى دیاریکراو بگەنە شوێنى مەبەست کە ناو سیاجى ڕەبایە بوو.
وەک چۆن نەخشە و پلانى بۆ کێشرابوو ئەو شوێنەى کە سەربازەکە بۆى دیاری کردبوون لە ڕەبایەکە پێشمەرگەکان توانیان لەوێوە خۆیان بخزێننە ناو ڕەبایەکە، کە دوو پاسەوانى هەبوو یەکێکیان بە نهێنى یارمەتیدەرى پێشمەرگە بوو، بەڵام ئەوەى تر بێئاگابوو لەو پلانە نهێنییە، سەربازانى ڕەبایەکەش لە دوو ژووردا خەوتبوون، پێشمەرگەکانى هەر ڕێکخراوێک هەریەکەو بۆ ژورێک ڕاسپێردران کە لەپڕ پەلاماریان بدەن و غافڵگیریان بکەن، بۆ ئەوەى کارەکە بە سەرکەوتووى بەڕێوەبچێ، دوو لە پێشمەرگەکان هەڵیانکوتایە سەر پاسەوانى دووەم و پەلاماریان دا، بەڵام لە کاتى پەلامارداندا پاسەوانەکە دەستیکرد بە قیژە و هاوار و تەواوى سەربازانى ڕەبایەکەى بەئاگا هێنا، لەو بگرە و بەردەیەدا بوو بە شەڕێکى دەستەویەخە، پێشمەرگە و سەربازان لە ناو ڕەبایەدا دەستیان لە یەخەى یەکتر گیرکرد، شەڕێکى گەرم و ئالۆز بۆ ماوەیەک بەڕێوەچوو، بە چەکى سوک و نارنجۆکان کەوتنە گیانى یەکتر، لە ئەنجامدا شەڕەکە لە قازانجى پێشمەرگە شکایەوە و دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت، بەو پێیەى ئەو سەربازانەى کە بەدیل گیران ئەوانەى تر دەرفەتیان قۆستەوە لە ڕەبایە دەرچوون و هەڵاتن، دواى ئەوەى کەوا پێشمەرگە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا زیانى زۆریان بە ڕەبایەکە گەیاند و دەستیان بەسەر چەکى سەربازانى ڕەبایەکەدا گرت، پاشان کە کارەکەیان تەواو بوو بڕیاریان دا کەوا شوێنەکە بەجێ بێڵن.
لەو چالاکییەدا دەستکەوتەکانی پێشمەرگە بریتى بوون لە دەستبەسەرداگرتنى ١١چەکى کلاشینکۆف و هاوەنێکى ٦٠ ملم و بەدیل گیرانى دوو سەرباز، زیانى هێزى پێشمەرگەش شەهید بوونی پێشمەرگەیەک بوو. دواى ئەوەى کەوا حکومەت لەو هێرشەى پێشمەرگە ئاگادار بووە، هێزێکى زۆر لە دهۆک بەرەو شوێنى ڕەبایەکە نارد و ڕووبەڕووى هێزى پێشمەرگە بوونەوە، شەڕێکى گەورە لە نێوانیاندا دروست بوو، بەڵام هێزى پێشمەرگە توانیان بەرگرى بکەن و دەربچن، تەرمى پێشمەرگە شەهیدەکەش لەگەڵ خۆیان ببەن و بگەیەنە ناوچەى ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش و بە خاکى بسپێرن.
سەرچاوەکان:
-
مهسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
-
محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧.
-
غازى عادل گەردی، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بیڕۆخى بەرگى دووەم، چاپى دووەم، تورکیا- ٢٠٢١.