یەکێک لە پلانەکانى ڕژێمى بەعس بۆ لاوازکردنى شۆڕشى کورد، چەکدارکردنى زۆرێک لە لاوانى کورد و ڕێکخستنیان لە چوارچێوەى فەوجە خفیفە (سوک) بوو، بەو هۆیەوە ژمارەیەکى زۆر بوون بە چەکدارى بەکرێگیراو بە گژ شۆڕشیان دەکردنەوە، ڕۆژێکى ساڵی ١٩٨٧ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە ڕێکخراوى ١٦ى ئابى پارتى دیموکراتى کوردستان بە مەبەستى ئەنجامدانى چالاکییەکى پارتیزانى لە ناوچەى باتیفا جەولەیەکیان کرد، لەو دەرچوونەدا بنکەیەکى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)یان دەستنیشانکرد کە هێرشى بکەنە سەر و دەستى بەسەردا بگرن، تاکو بەو هۆیەوە گورزێک لە هێزە سەربازى و چەکدارییەکانی ڕژێمى بەعس بدەن، سەرەتا پێشمەرگەکان توانیان کاتژمێر ٩ى شەو خۆیان بگەیەننە دەوروبەرى ڕەبایەکە، نزیک ٥٠ مەترێک خۆیان لێی نزیک کردەوە و بۆ ماوەیەک چاودێریان خستە سەر جووڵەى چەکدارەکان، بۆیان دەرکەوت کە ١٩ چەکدار لە ڕەبایەکەدا لە ئەرکدان.
پێشمەرگەکان لە خاڵی چاودێرى بنکە چەکدارییەکە جێگیر بوون چاوەڕیى فەرمانى هێرشکردن بوون، بەڵام پێویستیان بە هێزى زیاتر هەبوو بۆیە لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە، هەر لەو دەمەدا هێزێکى دیکەى پێشمەرگە لە گوندى هرورێ بوو دۆشکەیان پێ بوو، هەواڵیان پێ دان کە بەشدارى چالاکییەکە بکەن لە شوێنێک لە گوندى دێشێ دۆشکە جێگیر بکەن بۆ پارێزگارى پێشمەرگەکان وەک هێزى پشتیوانى ئەگەر فڕۆکەى جەنگى حکومەت هێرشى کردنەسەر، بە چەکى دۆشکە بەرپەرچى بدەنەوە تاکو پێشمەرگەکان بە سەلامەتى دەربچن لە کاتى گەڕانەوەیان، بەشێکیشیان بەشدارى شەڕەکە بکەن لە هێرشکردنە سەر ڕەبایەکە بۆ ئەوەى هێزى هێرشبەر ژمارەیان زیاتر بێ و بە ئاسانى بەسەر ڕەبایەکەدا زاڵ بن.
کاتژمێر ١١:٣٠ شەو هەر دوو هێزەکە بەیەک گەیشتن و بۆ ماوەیەک پشوویان دا تا کاتژمێر ١:٣٠ نیوە شەو خولەکى شەو، ئینجا دەستیان بە ئامادەسازى کرد و بەرەو ڕەبایەکە بەڕێکەوتن، کاتژمێر ٢:٤٥ خولەک گەیشتنەبەر ڕەبایەکە ڕوانیان تەنیا دوو ئێشگر لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتى ڕەبایەکە پاسەوانى دەکەن، دواى ئەوەى کە فەرمانى دەستپێکردنى هێرشیان پێکرا هەر لە یەکەم دەستڕێژى تەقە ئێشکگرەکانى ڕەبایەکە هێچ بەرگریان نەکرد، هی ڕۆژهەڵات گوللەیەکى بەرکەوت دەستى بریندار بوو، ئەوەى دیکە کە لە بەشى ڕۆژئاواى ڕەبایەکە بوو ڕایکرد، پاشان هەموو چەکدارانى ڕەبایەکە بەشێکیان ڕایان کرد و ١٠ چەکداریشیان بەدیل گیران و دەست بەسەر ڕەبایەکەدا گیرا.
لەو چالاکییەى پێشمەرگەدا دەستکەوتەکانى شۆڕش بریتیبوون لە دەست بەسەرداگرتنى ٨ چەکى کلاشینکۆف و یەک ئاڕپیجى و یەک ڕەشاشى تەنتریۆف و یەک دوربین و بڕێکى زۆر کەلوپەلی تر، دواى کۆتاییهاتنى چالاکییەکە هێزەکەى پێشمەرگە شوێنەکەیان جێهێشت بە دەستکەوت و چەکدارە دیلەکانەوە بەرەو بنکەکانیان گەڕانەوە، کاتژمێر ٦ى بەیانى بروسکەیان بۆ محەمەد ساڵح بەرپرسى لێژنەى ناوچەى ئامێدى کرد، هەواڵی ئەنجامدانى چالاکییەکى سەرکەوتوویان پێڕاگەیاند کە ١٠ چەکداریشیان بەدیل گرتووە، ناوبراویش دڵخۆشى خۆی دەبڕی و زۆر سوپاسى کردن و پیرۆزبایی سەرکەوتنەکەى لێ کردن، پاشان دیارى سەرکەوتنى پێ بەخشین.
سەرچاوەکان:
١- مهسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارم، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
٢- محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٩٧٦-١٩٨٩) دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧.