كۆنگره‌ی پێنجه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان ده‌ڤەرى شوان - ١٩٦٧

کۆنگرەى پێنجەمى ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، لە ڕێکەوتى ١٣ بۆ ١٥ى تەمووزى ١٩٦٧ لە ناوچەى شوانى سەر بە پارێزگاى کەرکووک ئەنجامدرا.


هۆکارەکانى بەستنى کۆنگرە:

دواى ئەنجامدانى کۆنفرانسـى دووەمى یەکێتى قوتابیانى کوردستان لە مانگى ئابى ١٩٦٤، ڕێکخستنەکانى ڕێکخراوەکە لە ناوەندەکانى خوێندن، لە شارە جیاوازەکانى کوردستان و عێراق چالاکانە کەوتنەوە کار، بە مەبەستى زیاتر ڕێکخستنەوەى کاروبارى خۆیان، لەلایەن سکرتارییەتى قوتابیانەوە بڕیاردرا لە پشووى نیوەى ساڵى خوێندنى ١٩٦٤-١٩٦٥ کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجام بدرێت١. 

کۆبوونەوە لە مانگى شوباتى ١٩٦٥، لە ناوچەى قەرەداغى باشوورى پارێزگاى سلێمانى بە ئامادەبوونى نوێنەرى تەواوى لقەکانى ڕێکخراوەکە لە شارە جیاوازەکانى کوردستان و عێراق بەتایبەتى ناوچەى بادینان ئەنجامدرا، لەو کۆبوونەوەیە کە نزیکەى چل ئەندام بەشداربوون لەلایەن مەکتەبى ناوەندیی حزبەوە بەمەبەستى چاودێرى عەلى شنگارى نێردرایە کۆبوونەوەکە٢.

کۆبوونەوەکە ماوەى یەک ڕۆژى خایەند و لە گرینگترین بڕیارەکانى، دووپاتکردنەوەى پشتیوانى کردن لە شۆڕش بوو، هەروەها بڕیاریشدرا ئەو سکرتاریەتە، یان ئەو لێژنە ئامادەکارییەى لە کۆنفرانسـى دووەم هەڵبژێردرابوون، تا ئەنجامدانى کۆنگرەى داهاتوو وەک خۆى بمێنێتەوە ٣.

لە بەرامبەردا ئەو گرووپەى لە حزب و ڕێکخراوەکە جیابوونەوە و دابوویانە پاڵ گروپەکەى مەکتەبى سیاسى، لەدژى کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، ئەمەش بارودۆخى ناوخۆى ڕێکخراوەکەى زیاتر ئاڵۆز کرد٤.

دواى تێپەڕبوونى ماوەیەکى کەم بەسەر ئەم کۆبوونەوەیە، دووبهرهكی و ناكۆكی كهوتەوە نێوان سهركردایهتی یهكێتی قوتابیانی كوردستان، لە ئەنجامدا ژمارەیەک ئەندام لە ڕێکخراوەکە جیابوونەوە و چهند ئهندامێكی سهركردایهتیش به شێوازی جۆراوجۆر له سهركردایهتی دووركهوتنهوه‌‌. لهنێویاندا، بهكر حوسێن ئهندامی سکرتارییەت چووه پاڵ گرووپه جیابووهكەى مەکتەبى سیاسى، بۆیه له ڕیزی یهكێتی قوتابیان دهركرا، ههروهها عهبدولكهریم فەندی پهیوهندی به ڕێزهكانی هێزی پێشمهرگهی شۆڕشی ئەیلوولهوه كرد و جهلال حهمه عهلی وازی له ڕێزهكانی یهكێتی قوتابیانی كوردستان هێنا٥.

بەهۆى ئەو بارودۆخەى ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان پێیدا تێدەپەڕى و بەمەبەستى چارەسەرى کێشە کەڵەکەبووەکان، لەلایەن سکرتاریەتى ڕێکخراوەکەوە بڕیارى بەستنى کۆنفرانسێکى بەپەلە درا، بۆئەوەى هەرچى زووە ئامادەکارییەکان بۆ بەستنى کۆنگرەى پێنجەم دەستپێبکرێت، ئەوەبوو کۆنفرانس لە ڕێکەوتى ٢٩ى حوزەیرانى ١٩٦٦ لە ناوپردانى ناوچەى باڵەکایەتى ئەنجامدرا و چەند بڕیارێک دەرکران کە گرینگترینیان: دروستکردنى لێژنەى ئامادەکارى کۆنگرەى پێنجەم بوو کە بڕیاردرابوو لە هاوینى ساڵى ١٩٦٧ ببەسترێت. بەردەوامبوون لە پشتگیریکردنى شۆڕش و داکۆکیکردن لە داخوازییە پیشەیی و ئەکادیمییەکانى قوتابیانى کورد٦.


ئەنجامدانى کۆنگرە:

وەک ئەوەى لە کۆنفرانسـى ناوپردان بڕیارى لەبارەوە درابوو، بەهۆى ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەى ڕێکخراوەکە پێیدا تێپەڕدەبوو و دواى ئامادەکارییەکانى لێژنەى ئامادەکار، کۆنگرە لە ڕۆژانى ١٣ بۆ ١٥ى تەمووزى ١٩٦٧، بە دروشمى (ئهی جهماوهری قوتابیان خهبات بكهن له پێناو مافەکانی قوتابیان و بونیاتنانی عێراقێكی دیموكراسى و پهرلهمانی و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان)، بە ئامادەبوونى حەفتا نوێنەرى لق و لێژنە ناوخۆییەکانى ڕێکخراوەکە لە کۆلێژەکانى بەغدا و موسڵ و پەیمانگا و قوتابخانە ناوەندیی و دواناوەندییەکانى ناوچە جیاوازەکانى کوردستان، لە ناوچەى (شوان)ى سەر بە پارێزگاى کەرکووک، بە ئامادەبوونى ئەحمەد جەرجیس ئەتروشى نوێنەرى سەرۆک مستەفا بارزانى ئەنجامدرا٧.

لەلایەن ئەندامانى کۆنگرەوە، ڕەشنووسى پرۆگرام و پەیڕەوى ناوخۆى ڕێکخراەکە بە دەستکارییەوە پەسەندکرا و عەبدولکەریم حەسەن وەک سەرۆک و نەوزاد عەلى محەمەد وەک سکرتێرى ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران. سکرتاریەتى نوێش بە دەنگى نوێنەرانى کۆنگرە بەم شێوەیە هەڵبژێردران:

١- ئهنوهر عهبدوڵا، ئهندامی سكرتاریهت

٢- قادر حهمهدهمین، ئهندامی سكرتاریهت

٣- جهواد محهمهد شێروانی، ئهندامی سكرتاریهت

٤- حهمهزیاد ئیسماعیل، ئهندامی سكرتاریهت٨.

لە گرینگترین بڕیارەکانى کۆنگرە:

بەهێزترکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ڕێکخراوەکانى قوتابیانى تورکیا و سوریا. کردنەوەى زانکۆیەک لە کوردستان. دەرکردنى عەبدولوەهاب تاڵەبانى و فارس جوکل حەوێز لە ڕێکخراوەکە بەهۆى پەیوەندییان بە دەسەڵاتى ناوەندییەوە. وەرگرتنى قوتابیانى کوردستان لە کۆلێژ و زانکۆکانى عێراق لەسەر بناغەى دابەشکارى هەرێمایەتى. بە کوردى کردنى خوێندن لە تەواوى قۆناغەکان لە سەرتاسەرى کوردستان، بە تایبەت پارێزگاى موسڵ. وەرگرتنى قوتابى کورد لە کۆلێژەکانى سەربازى، پۆلیس و فرۆکەوانى. دیاریکردنى چارەنووسى ئەو قوتابیانەى پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کردبوو. بوونى نوێنەرى ڕێکخراوەکە لە ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆڕش و چەندین بڕیارى تر٩.

سهركردایهتی نوێ، له مانگی تشـرینی دووهمی ساڵی 1967، گۆڤاری "خهباتی قوتابیان"یان وهك ئۆرگانی یهكێتی قوتابیان بڵاوكردهوه، بهڵام ئهم ستافه تهنیا بۆ ماوهیهكی كهم كاریان بهڕێكرد و دوای چوار مانگ عهبدولكهریم حهسهن وازهێنانی خۆی له سهرۆكی یهكێتییهكه پێشكهش به سكرتاریهت كرد، ههروهها نهوزاد محهمهد عهلی پهیوهندی به ڕیزهكانی هێزی پێشمهرگهوه کرد، له شوێنی ئهوان ههر یهكێك له ئهنوهر عهبدوڵا به سهرۆكی یهكێتی قوتابیان و عهبدولقادر حهمهدهمین به سكرتێری یهكێتی قوتابیانی كوردستان دهستنیشان كران١٠.

ماوهیهكی زۆری نهبرد كێشه كهوته نێوان ئهم سهركردایهتیه نوێیه، چونكه كادیرانی نیشتهجێی شاری بهغدا، ناڕەزاییان دهربڕی سهبارهت بهوهی كه نوێنهریان له كۆنگرهی پێنجهم كهمه، بۆیه لێژنهیهكیان بۆ سهرپهرشتی لێژنهی ڕێكخستنی بهغدا بهناوی "لێژنهی سهرهكی ڕێكخستنی بهغدا" پێکهێنا، پاش ئهوهی لێژنهكه دهستی بهكارهكانی كرد، دهستهیهكی نوێی بۆ سهركردایهتی یهكێتیهكه بەم شێوەیە ههڵبژێردرا:

١- فهرهاد عهونی حهبیب، بهرپرسی لێژنه

٢- جهلال خۆشناو، ئهندامی لێژنه

٣- ڕەنج نوری شاوهیس، ئهندامی لێژنه

٤- جهواد محهمهد شێروانی، ئهندامی لێژنه

٥- عادل فازڵ لهیلانی، ئهندامی لێژنه

٦- فهرهیدون عوسمان، ئهندامی لێژنه١١.

لێژنەى سەرەکى ڕێکخستنى بەغدا ساڵى ١٩٦٨، بەهۆى لاوازى سکرتاریەت پەیوەندییان بە لقەکانى کەرکووک، سلێمانى و موسڵەوە کرد بۆئەوەى سەرپەرشتى کارەکانیان بکەن، هەمان ساڵ ئاهەنگى نەورۆزیان بە ئاشکرا لە کۆلێژى کارگێڕى و ئابوورى زانکۆى بەغدا گێرا کە نزیکەى دووسەد قوتابى کورد و عەرەب بەشداریان تێداکرد١٢.

بەهۆى دوورییان لە یەکترییەوە، سکرتارییەتى یەکێتى قوتابیانى کوردستان و لێژنەى سەرەکى ڕێکخستنى بەغدا هەماهەنگییەکى ئەوتۆیان لەنێواندا نەبوو و بە شێوەیەکى کردەیش ڕێکخستنى بەغدا دەسەڵاتێکى زیاترى بەسەر کارى ڕێکخراوەکەوە هەبوو، بۆیە لقی ههولێر و سكرتاریهتی كۆنگرهی پێنجهم، له مانگی تهمووزی ١٩٦٨، له گوندی حاجی ئۆمهرانی سهر به پارێزگای ههولێر سهردانی سهرۆك مستهفا بارزانییان كرد، بەوپێیەى لقی ههولێریش نهیتوانیووه چیتر لهگهڵ مهكتهبی سكرتاریهتدا ههماههنگ بێت١٣.

ئهم كێشە و نا هەماهەنگییە تا پایزی ساڵی 1969 بهردهوام بوو، واته تا ئهو وهختهی شاندێكی مهكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له شاری بهغدا پێشوازیی له لێژنهی سهرهكی ڕێكخستنی بهغدا كرد و بڕیار درا له گوندی ناوپردان، له بارهگای مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونهوهیهكی هاوبهش بۆ ههردوولا بکرێت١٤. له ڕێكهوتی 6ی شوباتی 1970، بێ ئامادهبوونی سهرۆكی یهكێتی قوتابیانی كوردستان، كۆبوونهوه و لە ئەنجامدا "نووسینگهی ڕێكخستنی ناوهند" له ههردوولا بهم شێوهی خوارهوه پێكهات:

١- فهرهاد عهونی، بهرپرسی نووسینگهی ناوهندی

٢- ئهنوهر عهبدوڵا، ئهندامی نووسینگهی ناوهندی

٣- جهلال سهلیم خۆشناو، ئهندامی نووسینگهی ناوهندی

٤- قادر حهمهدهمین، ئهندامی نووسینگهی ناوهندی

٥- ڕەنج نوری شاوەیس، ئهندامی نووسینگهی ناوهندی

٦- عادل فازڵ لهیلانی، ئهندامی نووسینگهی ناوهندی١٥.

دواى پێكهێنانی نووسینگهی ڕێكخستنی نوێی ناوهند، ئهركهكان به شێوهی خوارهوه دابهش كران:

- فهرهاد عهونی و جهلال خۆشناو- سهرپهرشتی ڕێكخستنهكانی زانكۆی بهغدا، قوتابخانهكانی پارێزگای بهغدا، قوتابخانهكانی پارێزگای سلێمانی و قوتابخانهكانی خانهقین.

- جهواد محهمهد شێروانی- بهرپرسی ڕێكخستنهكانی زانكۆی بهسرا.

- قادر حهمهدهمین- بهرپرسی ڕێكخستنی قوتابخانهكانی پارێزگای ههولێر.

- ڕەنج نوری شاوهیس و ئهنوهر عهبدوڵا- بهرپرسی ڕێكخستنهكانی زانكۆی موسڵ و قوتابخانهكانی پارێزگای موسڵ.

- عادل فازڵ لهیلانی و فهرهیدون عوسمان- بهرپرسی ڕێكخستنهكانی پارێزگای کەرکووک.

- شاری بهغداش وهك ناوهندی دهسهڵات دهستنیشان كرا١٦.

 

 

 

 

 

 

 


سەرچاوه و پەراوێز

 

١- عرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، چاپى یەکەم، (هەولێر-چاپخانەى ڕۆژهەڵات-٢٠١٢)، ل ل ٤٤-٤٥.

٢- ماجد حسن علی، الحرکة الطلابییة الکردیة فی العراق (١٩٢٦-١٩٧٠)، رسالة ماجستر/جامعة الصلاحدین فى اربیل ٢٠٠٨، منشوراة سپیرێز، (هەولێر- مطبعة حاجى هاشم)، ص ص ٥٠-٥١.

٣- نفس المصدر، ص ١٥١.

٤- شازین هێرش، ڕێكخراوه‌ دیموكراسیی و پیشه‌یی یه‌كان له‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی مێژووییدا 1958 ـ 1968، چاپی دووه‌م، (سلێمانی ـ چاپخانه‌ی ڕاز ـ 2001ز)، ل ل ٩٦-٩٧.

٥- عرفان عەزیز عەزیز، هەمان سەرچاوە، ل ٤٥.

٦- ساسان عەونى، یەکێتى قوتابیانى کوردستان چەند لایەنێکى تێکۆشان و مێژوو، (هەولێر- چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە- ١٩٩٨)، ل ٢٤؛ عرفان عەزیز عەزیز، هەمان سەرچاوە، ل ٤٦.

٧- كاكل محمد طاهر، صفحات نضالیة من الماضي القریب، مجلة گولان العربي، العدد 27، اربیل، مطبعة‌ الثقافة، 25 آب 1998م، ص 74؛ ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ١٥٢؛ عرفان عەزیز عەزیز، هەمان سەرچاوە، ل ٤٧.

٨- ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ١٥٣؛ عرفان عەزیز عەزیز، هەمان سەرچاوە، ل ٤٨.

٩- ساسان عەونى، سەرچاوەى پێشوو، ل ل ٢٥-٢٦.

١٠- عرفان عەزیز عەزیز، هەمان سەرچاوە، ل ل ٤٧-٤٨.

١١- هەمان سەرچاوە، ل ٤٩.

١٢- هەمان سەرچاوە، ل ٤٩.

١٣- هەمان سەرچاوە، ل ٤٩.

١٤- ساسان عەونى، سەرچاوەى پێشوو، ل ل ٢٦-٢٧؛ عرفان عەزیز عەزیز، هەمان سەرچاوە، ل ٥٠.

١٥- ساسان عەونى، سەرچاوەى پێشوو، ل ٢٧؛ ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ١٥٦.

١٦- ساسان عەونى، سەرچاوەى پێشوو، ل ٢٧؛ عرفان عەزیز عەزیز، هەمان سەرچاوە، ل ٥٦.


بابەتی پەیوەندیدار

کۆنفرانسی هەولێرى یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان هەولێر ـ ٢٠١٧

ئه‌م كۆنفڕانسه‌‌ له‌ ڕێکەوتى ١٨ی تشـرینی دووه‌می ساڵى ٢٠١٧، له‌ هۆڵی شه‌هید مه‌ئمون ده‌باغ، له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر، بە دروشمی (یه‌كێتی قوتابیان؛ نوێ بوونه‌وه‌ و به‌رده‌وامی) و به‌ ئاماده‌ بوونی ٦٥ نوێنه‌ر به‌سترا١.

زانیاری زیاتر

کۆنفرانسی هاوبەشى یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان گوندى خنێره - ١٩٨٦

ساڵى ١٩٨٦، هەردوو ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان و یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان بەهۆى ئەو بارودۆخە ناهەموارەى باشوورى کوردستانى تێکەوتبوو و بەهۆى لێکنزیکى خەباتی پیشەیی هەردوو ڕێکخراوەکە لە یەکترییەوە، بۆ ماوەیەکى کاتى بڕیارى بەستنى کۆنفرانسێکى هاوبەشیان دا.

زانیاری زیاتر

کۆنفرانسی یەکەمی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بەغدا - ١٩٦٢

لە مانگى ئادارى ساڵى ١٩٦٢، یەکەمین کۆنفرانسـى ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، بەهۆى چەند پێشهاتێکى سیاسى ناوچەیی و گۆڕانکارى لە پەیکەرییەتى نێوخۆی ڕێکخراوەکە، بەشێوەیەکى نهێنى لە شارى بەغدا بەسترا.

زانیاری زیاتر

کۆنفرانسی دووه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان کانى ماسى - سلێمانی - ١٩٦٤

کۆنفرانسـى دووەمى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، دواى سەرکەوتوو نەبوونى سەرکردایەتى هەڵبژێردراوى کرنگرەى چوارەمى ڕێکخراوەکە لە ڕاپەڕاندنى ئەرک و کارەکانیان، لە سەرەتاى مانگى ئابى ١٩٦٤ لە ناوچەى کانى ماسى نزیک شارى سلێمانى بەسترا.

زانیاری زیاتر