کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بەغدا-١٩٦١

دواى سەرکەوتنى شۆڕشى ١٤ى تەمووزى ١٩٥٨، ڕووخانى ڕژێمى پاشایەتى لە عێراق و دەرکردنى مۆڵەتى کارکردنى فەرمى لە لایەن حکومەتى کۆمارییەوە، کۆنگرەى سێیەمى ڕێکخراوى (یەکێتى قوتابیانى کوردستان)، ساڵى ١٩٦١ بەشێوەیەکى ئاشکرا لە شارى بەغدا بەسترا.


ڕووداوەکانى نێوان کۆنگرەى دووەم و سێیەم

ماوەى نێوان کۆنگرەى دووەم و سێیەمى یەکێتى قوتابیانى کوردستان کە نزیکەى شەش ساڵى خایاند، گۆڕانکاری بەرچاو بەسەر بارودۆخى سیاسى نێوخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى قوتابیانى کوردستان بەتایبەتى و عێراق بە گشتى داهات، لە گرینگترینى ئەو گۆڕانکارییانە، سەرکەوتنى شۆڕشى ١٤ى گەلاوێژى ساڵى ١٩٥٨، ڕووخانى ڕژێمى پاشایەتى، دروستبوونى دەسەڵاتى کۆماری لە عێراق، گەڕانەوەى سەرۆک مستەفا بارزانى و هەڤاڵانى لە یەکێتى سۆڤیەت و تۆمارکردنى فەرمى پارتى دیموکراتى کوردستان وەک حزبێکى سیاسى کوردى لە عێراق و دەستپێکردنى قۆناغى کارى ئاشکراى ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان بوو.

سەرکەوتنى شۆڕش لە عێراق، کارى حزبى و ڕێکخراوەیی لە وڵات و بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان بردە قۆناغێکى نوێیەوە کە بە قۆناغى کارى ئاشکرا نێودەبرێت. لەم قۆناغەدا یەکێتى قوتابیانى کوردستان وەک تاکە ڕێکخراوى توێژی قوتابیان لە کوردستان بە خێرایی دەستی بە کردنەوەى لێژنە و لقەکانى لە زۆربەى ناوچەکان و فراوانترکردنى چالاکییەکانى کرد١.

دواى چەند ڕۆژێک لە سەرکەوتنى شۆڕش، لەلایەن سەرکردایەتى یەکێتى قوتابیانەوە بڕیاردرا کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجام بدرێت، کۆبوونەوەکە لە شوێنى حەوانەوەى وێستگەى شەمەندەفەرى هەولێر بە ئامادەبوونى بەشى هەرە زۆرى سەرکردایەتى و نوێنەرانى شارەکانى هەولێر، کەرکووک، سلێمانى و ڕەواندز ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا، شێوازى کارى دواى شۆڕش و چۆنیەتى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێکخراوى (یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق) بڕیاریان لێدرا٢.

دواى سەرکەوتنى شۆڕش، نێوانى هەردوو ڕێکخراوى (یەکێتى قوتابیانى کوردستان) و (یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق) بەرەو خراپى دەچوو، ڕێکخراوى دووەم، خۆى لە پێگەیەکى بەهێزتردا دەبینییەوە، بەوپێیەى ڕێکخراوەکە بەشى هەرى زۆرى لە شیوعییەکان پێکهاتبوو و لەلایەن عەبدولکەریم قاسمى سەرۆک کۆمارەوە پشتیوانى دەکران، ئەم ڕێکخراوە بەبێ گوێدانە ئەو ڕێککەوتنانەى پێشتر لەگەڵ یەکێتى قوتابیان کردبووى دەستی بە کردنەوەى بارەگاى لق لە شارە کوردستانییەکان و لقی خۆى بە ناوى (یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق)، لە شارى هەولێر کردەوە. قوتابییە شیوعییەکان بە تەنیا لە مانگى ئابى ١٩٥٨ لێژنەیەکیان دروستکرد بە ناوى (لێژنەى باڵاى یەکێتى قوتابیانى عێراق)، ئەم لێژنەیە لە مانگى تشـرینى دووەمى ١٩٥٨ لەلایەن دەوڵەتەوە مۆڵەتى فەرمى پێدرا، ئەمە یەکەم مۆڵەتى فەرمى بوو بە ڕێکخراوێکى قوتابیان بدرێت و ڕێککەوتى ٤ى تشـرینى دووەمى ١٩٥٨ وەک ڕۆژى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى قوتابیان لە عێراق دەستنیشانکرا. ئەو بارودۆخە نوێیەى هاتبووە ئاراوە، ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى تا ئەندازەیەک ناچار دەکرد بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا بکات، بەتایبەت کە بەشێکى مەکتەبى سیاسى حزب لەگەڵ ئەوەدابوون ڕێکخراوە دیمکراتییە کوردییەکان لەگەڵ ڕێکخراوە دیموکراتییە عەرەبیەکان لە عێراق لەژێر سێبەرى حزبى شیوعى عێراقى یەگبگرنەوە٣.

یەکێتى قوتابیانى کوردستان بە لیستێک بەناوى (بەرەى دیموکراتى یەکگرتوو) بە نوێنەرایەتى قوتابییانى کورد و عەرەب و لەگەڵ یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق بەشدراى لە هەڵبژاردنەکاندا کرد، لە ئەنجامدا بەشى هەرە زۆرى نوێنەرانى لیستەکە و بەتایبەتى نوێنەرانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان لە زۆربەى ناوچەکان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا، ئەمەش جارێکیتر سەنگ و پێگەى یەکێتى قوتابیانى لە گۆڕەپانى سیاسى عێراق دەرخستەوە٤.

دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان، لە ڕێکەوتى ١٦ بۆ ٢٠ى شوباتى ١٩٥٩، کۆنگرەى گشتى قوتابیان لە بەغدا بەڕێوەچوو، یەکێتى قوتابیان وەک نوێنەرى پارتى دیموکراتى کوردستان بەشدارى تێداکرد، لە کۆنگرەکەدا بڕیاردا هەردوو ڕێکخراوى (یەکێتى قوتابیانى کوردستان) و (یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق) یەکبگرن و ڕێکخراوێکى نوێی هاوبەش بە ناوى (یەکێتى قوتابیانى گشتى کۆمارى عێراق) دروست بکرێت، هەروەها ڕێککەوتن لێژنەیەکى تایبەت بە کاروبارى قوتابیانى کوردستان دروستبکرێت و ڕۆژنامەیەکى تایبەت بە خۆیان هەبێ بەناوى (خەباتى قوتابیان)٥.

سەرەڕاى دەرکردنى بڕیارەکانى کۆنگرەى گشتى قوتابیان، دواى تێپەڕبوونى ماوەیەکى کەم نێوانى هەردوو ڕێکراوى یەکێتى قوتابیان و (یەکێتى قوتابیانى گشتى کۆمارى عێراق)، بەهۆکارى بوونى بیروڕاى سیاسى جیاواز ناکۆکى تێکەوتەوە، هەردوو لایەن هەوڵیاندا بە بەستنى کۆنگرەى دووەم ناکۆکیەکان چارسەر بکەن، بەڵام هەوڵەکان ئەنجامێکى ئەوتۆیان نەبوو، لە کۆنگرەى سێیەمى (یەکێتى قوتابیانى گشتى کۆمارى عێراق) لە ڕێکەوتى ٢ى کانوونى دووەمى ١٩٦٠، شاندێکى کۆمەڵەى خوێندکارانى کورد لە ئەوڕوپا بەشدارى کرد و تاوتوێی زۆر بابەت کران کە بە پرسى کورد تایبەتبوون، لە ئەنجامى ئەم کۆنگرەیەدا یەکێتى قوتابیانى کوردستان ئامادەبوو نوێنەری خۆى بۆ سکرتاریەتى (یەکێتى قوتابیانى گشتى کۆمارى عێراق) بنێرێت و بۆ ئەم پۆستەش کەمال محیەدین دەستنیشان کرا. سەرەڕاى تەواوى ناکۆکى و کێشەکانى نێوانیان، پەیوەندییەکانى هەردوو ڕێکخراو بەردەوام بوون تا ئەوکاتەى نێوانى سەرکرایەتى کورد و حکومەتى کۆمارى عێراق بە تەواوەتى تێکچوو و ئەنجامەکەشى شۆڕشى ١١ى ئەیلوولى ١٩٦١ى لێکەوتەوە٦.

نێوانى هەردوو ڕیکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان و یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق تەواو بەرەو ترازان چوو، ساڵى ١٩٦٠ کۆنگرەى شەشەمى قوتابیانى جیهان لە بەغدا بەڕێوەچوو، حکومەتى عێراقى و ڕێکخراوى یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق ڕێگایان نەدا یەکێتى قوتابیانى کوردستان بەشدارى لەو کۆنگرەیەدا بکات، تەنانەت ڕێگریان لە شاندى کۆمەڵەى خوێندکارانى کورد لە ئەوڕوپاش کرد بێنە بەغدا و لە کۆنگرەکەدا بەشداری بکەن، ئەمە جگە لە پەیتا پەیتا داخستنى بارەگاکانى یەکێتى قوتابیان لە شارە جیاوازەکانى عێراق٧.


ئەنجامدانى کۆنگرەى سێیەم

دواى بێ هیوابوونى تەواوەتى یەکێتى قوتابیانى کوردستان لە دروستکردنى ڕێکخراوێکى گشتى قوتابیان کە تەواوى مافە داواکراوەکانى قوتابیانى کوردى تێدا دەستەبەرکرابێ و بە یەکسانى مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنێکدا بکات و پاشگەزبوونەوەى یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق لەو بەڵێنانەى بە درێژایى ساڵانى کارى هاوبەش دابوویە یەکێتى قوتابیانى کوردستان و قوتابییە کوردەکان، هەروەها تێکچوونى یەکجارەکى پەیوەندییە سیاسییەکانى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و حکومەتى عێراق، ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان بەمەبەستى سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەى ڕیزەکانى و دەستکراوەبوونى لە پشتگیرى تەواوى داواکارییەکانى گەلى کورد لە عێراق، بڕیارى بەستنى کۆنگرەى سێیەمى خۆى دا.  

دواى ئەنجامدانى ئامادەکارییەکان، کۆنگرە لە مانگى ئادارى ١٩٦١ لە گەڕەکى (ئەلکەسرە)ى شارى بەغدا، به دروشمی (با جهژنی نهورۆز ببێته هاندهرێك له پێناوی یهكگرتنی خهباتی قوتابیانی كوردستانی عێراق) بەسترا و کارەکانى ماوەى سێ ڕۆژى خایەند٨.

سەبارەت بە ڕێکەوت و شوێنى ئەنجامدانى کۆنگرەى سێیەمى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، چەند ڕایەکى جیاواز هەیە، لەوانە، بەستنى کۆنگرەکە ساڵى ١٩٥٧ لە گەڕەکى (ئەلئەعزەمیە)ى شارى بەغدا٩. هەروەها ڕێکەوتى ١٨ى ئادارى ١٩٦١ لە شارى سلێمانى١٠ و یاخود ڕێکەوتى ١٩ى ئادار هەر لە شارى سلێمانى١١.

سەبارەت بە ڕێکەوتى بەڕێوەچوونى کۆنگرە ئەوا بەڵگەنامەیەکى ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە ئاماژە بە ساڵى ١٩٥٧ بکات و خودى پەیڕە و پڕۆگرامى هەموارکراوى کۆنگرەش ساڵى ١٩٦١ى لەسەر نووسراوە١٢. سەبارەت بە شوێنى بەڕێوەچوونى کۆنگرەش بۆچوونەکان جیاوازن کە لێرەدا بەپێی ئەو توێژینەوانەى کراون شارى بەغدا دروستتر دێتە بەرچاو١٣.

کارەکانى کۆنگرە ماوەى سێ ڕۆژیان خایاند و لەوماوەیەدا بارودۆخى سیاسى و ڕۆشنبیرى و بارودۆخى خوێندن لە ناوچەکانى کوردستان هەڵسەنگاندن و گەنگەشەیان لەبارەوە کرا، لە کۆنگرە بڕیاردا پەیڕەو و پڕۆگرام هەموار بکرێتەوە و دواى دەنگدانى ئەندامان، سکرتێر و سکرتاریەتێکى نوێ بۆ ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران کە بەم شێوەیە بوون:

١- سهروهر كاكهحهمه دهروێش، سكرتێر

٢- فوئاد ئهحمهد بابان

٣- حهیدهر ههمزه خدر

٤- حهمه چاوشین

٥- مهئمون دهباغ١٤.

هەر لەو کۆنگریەیەدا لێژنەیەکیش بۆ ڕاپەڕاندنى کاروبارى قوتابیان دروستکرا کە ئەندامەکانى بریتى بوون لە:

١- تهیب جەبار بهرواری

٢- كهمال عهبدولكهریم زێدان

٣- محهمهد پێنجوێنی

٤- مستهفا پشدهری

٥- عهزیز ساڵح

٦- جهمیله سابیر قادر، ئهندامی یهدهگ١٥.

دوای هەڵگیرسانى شۆڕشى ئەیلوول و پەیوەندیکردنى ئەندامانى یەکێتى قوتابیان بە ڕیزەکانى شۆڕشەوە، هەریەک لە مەئمون دەباغ و حەمە چاوشین ئەندامانى سکرتاریەت پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد، سەروەر کاکە حەمە سكرتێری یهكێتی قوتابیان ساڵى ١٩٦٢ لهلایهن دهزگای ئاسایشی گشتیی حکوومەتی عێراقهوه دەستگیر كرا، بۆ پڕكردنهوهی شوێنی بهتاڵی سكرتێر، حهیدهر ههمزه خدر به سكرتێر دهستنیشان كرا و تا بەستنى کۆنگرەى چوارەم بە سکرتێر مایەوە١٦.

 

 

 

 

 

 

 

 

 


سەرچاوه و پەراوێز

 

١- عرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، چاپى یەکەم، (هەولێر-چاپخانەى ڕۆژهەڵات-٢٠١٢)، ل ٢٥.

٢- ماجد حسن علی، الحرکة الطلابییة الکردیة فی العراق (١٩٢٦-١٩٧٠)، رسالة ماجستر/جامعة الصلاحدین فى اربیل ٢٠٠٨، منشوراة سپیرێز، (هەولێر- مطبعة حاجى هاشم)، ص ١٣٤.

٣- نفس المصدر، ص ١٣٥.

٤- ساسان عەونى، یەکێتى قوتابیانى کوردستان چەند لایەنێکى تێکۆشان و مێژوو، (هەولێر- چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە- ١٩٩٨)، ل ١٥.

٥- ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ١٣٧.

٦- نفس المصدر، ص ص ١٣٧-١٣٨.

٧- ساسان عەونى، سەرچاوەى پێشوو، ل ١٦.

٨- مجلة گولان، مؤسسة گولان الأعلامیة، العدد 21، اربیل، 25 شباط 1998م، ص43؛ ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ١٤٣.

٩- ساسان عەونى، سەرچاوەى پێشوو، ل ١٤.

١٠- عرفان عەزیز عەزیز، سەرچاوەى پێشوو، ل ٢٩.

١١- ئهحمهد شهریف لهك، شرۆڤهی ڕووداوه مێژووییهكان چهند لاپهڕەیهك له مێژووی نهتهوهیهك، بهرگی یهكهم، چاپی دووهم، (ههولێر ـ چاپخانهی ڕۆژههڵات ـ 2019ز)، ل ل 104، 105.

١٢- دستور اتحاد طلبة كوردستان ـ عراق، المؤتمر الثالث، (بدون مكان ـ 1961م).

١٣- ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ١٤٣.

١٤- عرفان عەزیز عەزیز، سەرچاوەى پێشوو، ل ٣٠.

١٥- كهمال عهبدولكهریم غیدان ئهلراودی، گۆڤاری خهباتی قوتابیان، ئۆرگانی یهكێتی قوتابیانی كوردستان، ژماره 85، (ههولێر، چاپخانهی ڕۆژههڵات، حوزهیرانی 2009)، ل ١٤.

١٦- ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ١٤٥.


بابەتی پەیوەندیدار

کۆنفرانسی یەکێتی قوتابیانی کوردستان هەولێر ـ ٢٠١٧

ئه‌م كۆنفڕانسه‌‌ له‌ ڕێکەوتى ١٨ی تشـرینی دووه‌می ساڵى ٢٠١٧، له‌ هۆڵی شه‌هید مه‌ئمون ده‌باغ، له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر، بە دروشمی (یه‌كێتی قوتابیان؛ نوێ بوونه‌وه‌ و به‌رده‌وامی) و به‌ ئاماده‌ بوونی ٦٥ نوێنه‌ر به‌سترا١.

زانیاری زیاتر

کۆنفرانسی هاوبەشی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان – گوندی خنێرە ١٩٨٦

ساڵى ١٩٨٦، هەردوو ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان و یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان بەهۆى ئەو بارودۆخە ناهەموارەى باشوورى کوردستانى تێکەوتبوو و بەهۆى لێکنزیکى خەباتی پیشەیی هەردوو ڕێکخراوەکە لە یەکترییەوە، بۆ ماوەیەکى کاتى بڕیارى بەستنى کۆنفرانسێکى هاوبەشیان دا.

زانیاری زیاتر

کۆنفرانسی یەکەمی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بەغدا - ١٩٦٢

لە مانگى ئادارى ساڵى ١٩٦٢، یەکەمین کۆنفرانسـى ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، بەهۆى چەند پێشهاتێکى سیاسى ناوچەیی و گۆڕانکارى لە پەیکەرییەتى نێوخۆی ڕێکخراوەکە، بەشێوەیەکى نهێنى لە شارى بەغدا بەسترا.

زانیاری زیاتر

کۆنفرانسی دووەمی یەکێتی قوتابیانی کوردستان کانی ماسی - سلێمانی ١٩٦٤

کۆنفرانسـى دووەمى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، دواى سەرکەوتوو نەبوونى سەرکردایەتى هەڵبژێردراوى کرنگرەى چوارەمى ڕێکخراوەکە لە ڕاپەڕاندنى ئەرک و کارەکانیان، لە سەرەتاى مانگى ئابى ١٩٦٤ لە ناوچەى کانى ماسى نزیک شارى سلێمانى بەسترا.

زانیاری زیاتر