كۆنگره‌ی دووه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان

هاوینى ساڵى ١٩٥٥، پاش تێپەربوونى دوو ساڵ بەسەر بەستنى یەکەم کۆنگرە و هاتنە پێشەوەى چەندین گۆڕانکارى ناوخۆی پارتى و ڕێکخراوەکە، لەلایەن یەکێتى قوتابیانى کوردستانەوە کۆنگرەى دووەمى ڕێکخراوەکە بەشێوەیەکى نهێنى لە شارى بەغدا بەسترا.


هەڵومەرجى پێش کۆنگرە:

دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر یەکەم کۆنگرە، بەهۆی چەند پێشهات و گۆڕانکاریێک لە بارودۆخی نێوخۆى حزب و ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، ساڵی١٩٥٥، ئەم ڕێکخراوە بڕیاری لە بەستنى کۆنگرەى دووەمى خۆیدا.

هەر دواى دامەزراندنى یەکێتى قوتابیانى کوردستان ساڵى ١٩٥٣، لەلایەن (یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق)ەوە بە ڕێگەى دروستکردنى ڕێکخراوى نوێ و پێدانى ئیمتیازات هەوڵدرا قوتابییە کوردەکان لە پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانەوە خاو بکەنەوە، بۆ ئەم مەبەستە ڕێکخراوێک بە ناوى (یەکێتى گشتى قوتابیانى کوردى عێراق) دامەزرێنرا کە لقێک بوو لە (یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق) بە بیانۆى ئەوەى خەباتى تەواوى قوتابیانى عێراق لە یەک ڕێکخراودا ڕێکبخرێت، لە ڕێکەوتى ٨ى تشرینى یەکەمى ١٩٥٣، لە ژمارە (٨)ى ڕۆژنامەى (کفاح الطلبة) دروستکردنى لێژنەى باڵاى (یەکێتى قوتابییە کوردەکانى عێراق) ڕاگەیەنرا و دواتر لە ڕێکەوتى ١ى ئادارى ١٩٥٤ ڕێکخراوەکە بە ناوى (یەکێتى گشتى قوتابیە دیموکراتییەکانى کوردى عێراق) بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا داوایان لە تەواوى قوتابییە کوردەکان کرد لەنێو ڕێکخراوەکەیان و لە چوارچێوەى ڕێکخراوى (یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق) یەکبگرن١. ئەمانە و چەندین هۆکارى تر، بوونە هۆى ئەوەى نێوانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان و یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق تێکبچێت و گرژى بکەوێتە نێوانیان. ئەمە جگە لە چەندین هۆکارى ترى ناوخۆى حزب، بەتایبەت لێکترازانە نێوخۆییەکان کەلە ماوەى نەبوونى سەرۆک مستەفا بارزانى حزب باڵ باڵێنى تێ کەوتبوو، وایانکرد لەلایەن یەکێتى قوتابیانەوە کار بۆ بەستنى کۆنگرەى دووەم بکرێت. 


ئەنجامدانى کۆنگرە

دواى ئامادەکارییەکان، لە هاوینى ساڵى ١٩٥٥، بە دروشمی (خهباتی قوتابیان بێ ڕاوهستان لهپێناو مافی گهل و قوتابیانی كوردستان) و لەپێناو پشتگیرى خەباتى بزووتنەوەوى نیشتیمانى عێراقى و حزبە پێشکەوتنخوازەکان، به ئامادهبوونی نوێنهری یهكێتی قوتابیانی كوردستان له گشت ناوچهكانی كوردستان و بهغدا، دووهمین كۆنگرهی ڕێکخراوەکە بەسترا، نوێنهرانی كۆنگره بهشێوهیەكی نهێنی له شاری بهغدا كۆبوونهوه و دواى تاوتوێ کردنى بارودۆخى کۆنگرە و دەنگدان، جەلال تاڵەبانى جارێکى تر بە سکرتێرى ڕێکخراو هەڵبژێردرایەوە و دهستهیهكی نوێ بۆ سکرتاریەت ههڵبژێردرا، كه بهم شێوهی خوارهوه بوو:

١- مهحمود عهلی عوسمان

٢- شهمسهدین موفتی

٣- حوسامهدین دهباغ

٤- عهدنان نهقشبهندی

٥- شاخهوان نامیق

٦- ئهحمهد نهقشبهندی٢.

سهبارهت به سهرۆكی ههڵبژێردراوی یهكێتی قوتابیانی كوردستان له كۆنگرهی دووهم، له هیچ یهكێك لهو سهرچاوانەی بهردهستن، زانیاری پشت ڕاستكراوەمان نییە، بۆیه بە مەزەندە و لێکدانەوەکان، ڕەنگە سیستهمی سهرۆكایهتی ههڵوهشابێتهوه.

دواى بەستنى کۆنگرە ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان وزەیەکى نوێی بەبەرداکرایەوە و هەوڵى بۆ بەرفراوانتر کردنى پەیوەندیی و چالاکییەکانى دا، لە گرنگترین چالاکیەکانى ئەوکاتى ڕێکخراوەکە بەشداریکردنى ڕێکخراوەکە بوو لە ڤیستیڤاڵى وارشۆى قوتابی و لاوانى جیهان.

لە ڕێکەوتى ٣١ى تەمووز تا ١٤ى ئابى ١٩٥٥ پێنجەمین ڤیستیڤاڵى جیهانى قوتابیان و لاوان لە شارى وارشۆى پایتەختى پۆلەندا بە ئامادەبوونى زیاتر لە سەد ڕێکخراوى قوتابیان و لاوانى جیهانى ئەنجامدرا، یەکێتى قوتابیانى کوردستان لە تەک یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق بەشێوەیەکى فەرمى بانگهێشتى کەرنەڤاڵەکە کرا. دواى بەستنى کۆنگرەى دووەم، پەیوەندییەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان لەگەڵ یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق باشتر ببوون، ئەمەش کارئاسانى کرد لە بەشداریکردنى یەکێتى قوتابیان لە ڤیستیڤاڵەکە و بوون بە ئەندام لە یەکێتى قوتابیانى جیهانى (I.U.S)٣.

لەلایەن یەکێتى قوتابیانەوە شەش نوێنەر کە ئارمى سەرۆک مستەفا بارزانیان خستبووە سەر شان، نێردرانە وارشۆ و جەلال تاڵەبانى سەرۆکى شاندەکەبوو. لەتەک بەشداریکردن لە چالاکییەکانى ڤیستیڤاڵەکە بە ناوى قوتابى کورد، کۆبوونەوەیەکى گەورە لەلایەن یەکێتى قوتابیانى کوردستان و یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان بە ئامادەبوونى نوێنەرى چەندین وڵاتى وەک یەکێتى سۆڤیەت، هیند، ئەڵمانیا، چین، فەرەنسا، ئینگلتەرا، ئەمریکا و چەند وڵاتێکى تر ئەنجامدرا، ئەم کۆبوونەوەیە کاریگەرییەکى گەورەى هەبوو لەسەر گەیاندنى دەنگى قوتابى و لاوان و پرسى نەتەوەیی کورد بە گشت جیهان٤.

هەر لەو ڤیستیڤاڵەدا، لەلایەن (یێرگى بلیکان)ى سەرۆکى یەکێتى قوتابیانى جیهانى، کۆبوونەوەیەک لە نێوان نوێنەرانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان و یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق لەپێناو نەهێشتنى کێشەکانى نێوانیان، ڕێکخرا، دواى کۆبوونەوەکە هەردوو ڕێکخراو لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن و بڕیاریاندا هەوڵ بۆ باشتر کردنى پەیوەندییەکانیان بدەن٥.

وەک ئەوەى لە وارشۆ لەسەرى ڕێککەوتبوون، دواى گەڕانەوەیان و هەر لە سەرتاى ساڵى ١٩٥٦ کۆنفرانسێکى هاوبەش لەنێوان یەکێتى قوتابیانى کوردستان و یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق ئەنجامدرا، لەو کۆنفرانسەدا باس لە چۆنیەتى یەکخستنى کار و چالاکییەکانى هەردوو ڕێکخراو کرا و دواتر لێژنەیەکى باڵاى هاوبەش بۆ سەرپەرشتى و هەماهەنگى کارەکانى هەردوو ڕێکخراو دانرا و سێ ئهندامی سكرتاریهتی یهكێتی قوتابیانی كوردستان بۆ سكرتاریهتی یهكێتی گشتی قوتابیانی عێراق دهستنیشان كران، بهڵام له ساڵی 1957 جارێکى تر ساردی كهوتەوە نێو پەیوەندییەکانى هەردوو ڕێکخراو٦.

هەر سەبارەت بە خەباتى توێژى قوتابیانى کورد، لە ڕێکەوتى ١٠ى ئابى ١٩٥٦، لە ئەڵمانیاى ڕۆژئاوا (کۆمەڵەى ڕۆشنبیرى و خوێندکارانى کورد لە ئەوڕوپا) دامەزرا، ئەم ڕێکخراوە لە کۆنگرەى دووەم لە ڕێکەوتى ٢ى کانوونى دووەمى ١٩٥٨ لە لەندەن و دواتر لە کۆنگرەى سێیەم ڕێکەوتى ٤ى ئابى ١٩٥٨ى شارى میونشنى ئەڵمانیا، ناوەکەى بۆ (کۆمەڵەى خوێندکارانى کورد لە ئەوڕوپا) گوڕدرا و لقەکانى لە زۆربەى وڵاتە ئەوڕوپییەکان کرانەوە. کۆمەڵەى خوێندکاران، سەرەڕاى بێ لایەنى، بەشى هەرە زۆرى ئەندامەکانى لایەنگرى پارتى دیموکراتى کوردستان بوون و پەیوەندییەکى باشیان بە (یەکێتى قوتابیانى کوردستان)ەوە هەبوو. ئەم کۆمەڵەیە ساڵى ١٩٦٤ بوو بە ئەندام لە ڕێکخراوى (یەکێتى قوتابیانى جیهان) و ڕۆڵێکى گەروەی بینى لە گەیاندنى دەنگى کورد بە وڵاتانى دەرەوە و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانیان٧.     

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 


سەرچاوه و پەراوێز

 

١- بانگى یەکێتى گشتى قوتابیە دیموکراتیەکانى کوردى عراق، یەکێتى گشتى قوتابیە دیموکراتیەکانى کوردى عراق، چاپخانەى لاوانى کورد، ١/مارتى/١٩٥٤.

٢- ماجد حسن علی، الحرکة الطلابییة الکردیة فی العراق (١٩٢٦-١٩٧٠)، رسالة ماجستر/جامعة الصلاحدین فى اربیل ٢٠٠٨، منشوراة سپیرێز، (هەولێر- مطبعة حاجى هاشم)، ص ١٣٠؛ عرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، چاپى یەکەم، (هەولێر-چاپخانەى ڕۆژهەڵات-٢٠١٢)، ل ٢٢.

٣- ساسان عەونى، یەکێتى قوتابیانى کوردستان چەند لایەنێکى تێکۆشان و مێژوو، (هەولێر- چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە- ١٩٩٨)، ل ١٢؛ گۆڤارى خەباتى قوتابیان، لە دیداریکى تایبەتدا سەرۆک تاڵەبانى وردەکارى دامەزراندنى (ى.ق.ک) دەخاتە ڕوو، ژمارە ١٠٩، (حوزەیرانى ٢٠١٢)، ل ٨.

٤- سەڵاح ڕەشید، مام جەلال دیدارى تەمەن لە لاوێتیەوە بۆ کۆشکى کۆمارى، بەشى یەکەم، چاپى دووەم، (سلێمانی- چاپخانەى کارۆ- ٢٠١٧)، ل ل ٩٩-١٠٢؛ لە دیداریکى تایبەتدا سەرۆک تاڵەبانى وردەکارى دامەزراندنى (ى.ق.ک) دەخاتە ڕوو، سەرچاوەى پێشوو، ل ٨.

٥- ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ١٣١.

٦- سیروان عثمان حەسەن، مێژوویەکی پڕشنگدار و کاروانێکی نەپساوە، (هەولێر- چاپخانەی ڕۆشنبیری- ٢٠١٤)، ل ل ٤١-٤٢؛ عرفان عەزیز عەزیز، سەرچاوەى پێشوو، ل ٢٣.

٧- عصمت شریف وانلي، من مذكرات عصمت شریف وانلي، (السلیمانیة- مطبعة پیره‌مێرد- 2014)، ص 27؛ عارف روشدی عارف، كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له‌ ئه‌وروپا 1956 – 1975، (سلێمانی- بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای هۆشیاری و پێگه‌یاندنی كادیران- 2012)، ل 35؛ ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ص ١٢٠-١٢١.


بابەتی پەیوەندیدار

کۆنفرانسی هەولێرى یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان هەولێر ـ ٢٠١٧

ئه‌م كۆنفڕانسه‌‌ له‌ ڕێکەوتى ١٨ی تشـرینی دووه‌می ساڵى ٢٠١٧، له‌ هۆڵی شه‌هید مه‌ئمون ده‌باغ، له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر، بە دروشمی (یه‌كێتی قوتابیان؛ نوێ بوونه‌وه‌ و به‌رده‌وامی) و به‌ ئاماده‌ بوونی ٦٥ نوێنه‌ر به‌سترا١.

زانیاری زیاتر

کۆنفرانسی هاوبەشى یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان گوندى خنێره - ١٩٨٦

ساڵى ١٩٨٦، هەردوو ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان و یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان بەهۆى ئەو بارودۆخە ناهەموارەى باشوورى کوردستانى تێکەوتبوو و بەهۆى لێکنزیکى خەباتی پیشەیی هەردوو ڕێکخراوەکە لە یەکترییەوە، بۆ ماوەیەکى کاتى بڕیارى بەستنى کۆنفرانسێکى هاوبەشیان دا.

زانیاری زیاتر

کۆنفرانسی یەکەمی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بەغدا - ١٩٦٢

لە مانگى ئادارى ساڵى ١٩٦٢، یەکەمین کۆنفرانسـى ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، بەهۆى چەند پێشهاتێکى سیاسى ناوچەیی و گۆڕانکارى لە پەیکەرییەتى نێوخۆی ڕێکخراوەکە، بەشێوەیەکى نهێنى لە شارى بەغدا بەسترا.

زانیاری زیاتر

کۆنفرانسی دووه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان کانى ماسى - سلێمانی - ١٩٦٤

کۆنفرانسـى دووەمى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، دواى سەرکەوتوو نەبوونى سەرکردایەتى هەڵبژێردراوى کرنگرەى چوارەمى ڕێکخراوەکە لە ڕاپەڕاندنى ئەرک و کارەکانیان، لە سەرەتاى مانگى ئابى ١٩٦٤ لە ناوچەى کانى ماسى نزیک شارى سلێمانى بەسترا.

زانیاری زیاتر