کەریم خان گوندەژۆری

کەریم خان کاک ئەحمەد، ناسراو بە (کەریم خان گوندەژۆری)، ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی گوندەژۆری قەزاى چۆمان پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە. لە ٢ى ئایارى ١٩٧٢ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، لە ١٦ی ئابی ٢٠١٨ مەدالیای بارزانیی نەمری پێبەخشراوە.


کەریم خان کاک ئەحمەد، ناسراو بە (کەریم‌خان گوندەژۆری)، ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی گوندەژۆری قەزاى چۆمان پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە. لە تەمەنی منداڵیدا لە لای مەلای ئایینی دەرسی دینی خوێندووە. ساڵى ١٩٨٠ ئاوارەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بووە و لە ١٩٩١ دواى ڕاپەڕین گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان و لەشارى سۆران نیشتەجێ بووە.

٢ى ئایارى ١٩٧٢ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، بەهۆی خوێندەواری، لە سنووری لێژنەی ناوچەی باڵەک، بە ناوی نهێنیی هیوا، بووەتە ئەندامی پارتی دێموکراتی کوردستان و ساڵی دواتر بە ناوی نهێنیی سەنگەر بووەتە شانەڕێکخەر. لە٣ى تشرینى یەکەمى چووەتە ناو هێزی بەرگریی میللی بە فەرماندەیی ملازم ڕیاز لە بەتالیۆنی کەریم ئاغای ڕایات و لە کاتی هەڵایسانەوەی شەڕدا لە ناوپردان بووەتە پێشمەرگەی مەکتەبی عەسکەری بە فەرماندەیی حەمەدئەمین ڕەشکە، لە تشرینی دووەمی ١٩٧٤دا پلەکەی کراوەتە سەردەستە. دواتر وەک نووسیار دەچێتە بەشی دابەشکردن لە ئەنباری شۆڕش کە بە بەرپرسەکانی بریتی بوون لە شێخ کەریم هیرانی، شەهید مامۆستا سەعد عەبدوڵا و مامۆستا فەتاح باتاسی. لە ئەیلوولی ١٩٧٤ لە دۆڵی خانەقا بە بۆردومانی هەوایی بە سووکی بریندار بووە.

   دوای نسکۆی شۆڕش، لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا کە باوکی لە ژیاندا نەمابوو و ئەرکی ماڵەوەی لە ئەستۆ بوو، گەڕایەوە گوندەکەی خۆی. لە ٢٠ى کانوونى دووەمى ١٩٧٦دا، بۆ سەربازی بردیانە شارەکانی موسڵ و شنگال. لە١ى تشرینى دووەمى ١٩٧٦ وەبەر بووردن کەوت و گەڕایەوە ماڵ. هەر لە کاتی هاتووچۆی بۆ سەربازی لە ڕێگەی مامۆستا سەعد عەبدوڵا بۆ لای بزووتنەوەی سۆسیالیست ڕادەکشرێت. لە ساڵی ١٩٧٦دا یەکەمین بارەگای پێشمەرگەی قیادە موەقەتە (سەرکردایەتی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان) بە فەرماندەیی مەلای شێمحەمەد، کە لە ناو قوتابخانەی گوندەژۆردا داندرا، لە١٦ى تشرینى دووەمى ١٩٧٦  هێرشی بەعسیان کرایە سەر و تێیدا چەندین کەس شەهید و بریندار و دیل بوون. ئەویش لەو شەڕەدا بەشدار بوو.

لە هاوینی ١٩٧٧دا ڕژێمی عێراق گوندەکەی ئەوانیشیان سووتاند و خەڵکەکەیان ڕاگواست. ئەو کات لە ناو ڕێکخستنە نهێنییەکان، لە گوندی خەلان و شاری چۆمان، بە تایبەتی لە ناو بەرێوبەرایەتی کشتوکاڵدا، کاری ڕێکخستنی حزبی دەکرد. لە کاری ڕێکخستنی ناوشاردا بووە بەرپرسی کەرتی ژمارە ٦ی دەربەند لە لێژنەی ناوچەی بارزین لە دەڤەری باڵەک و دواتر چووە ناو ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناوشاری هەولێر. دوای کاری ڕێکخستنی نهێنی، لە ساڵی ١٩٨٠دا لە ناوچەی باڵەک چووە ناو هێزی پێشمەرگەی حزبی سۆسیالیست و خانەوادەکەشی ئاوارەی ئێران بوون.

لە شاخدا، وێڕای ئەرکی پێشمەرگایەتی، کە فەرماندەی مەفرەزە، فەرماندەی کەرت و جێگری فەرماندەی هەرێم بووە و لە چەندین شەڕی بەرگریدا بەشدار بووە، هاوکات کارگێڕی ڕێکخراوی سەر بە مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی لێژنەی وەرگرتنی پێشمەرگە بوو و ماوەیەکیش لە بەشی گومرکدا کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٨٨دا نێردراوەتە بەشی پەیوەندییەکانی حزب و جێگری مەلا ناسح گۆمەشینی، بەرپرسی مەکتەبی ناوەندیی پەیوەندییەکان، بووە لە شاری سەقز و دواتر کراوەتە بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان لە شاری شنۆ. لە پاییزی ١٩٨٩دا بووەتە ئەندامی کۆنفڕانسی حزبی سۆسیالیستی کوردستان لە نۆکان. جگە لە بەرپرسیارێتییە فەرمییەکەی، دوای ئەنفال و کیمیاباران، لە کۆمەڵەی فریاکەوتنی کوردستان KRA و لێژنەی باڵای ئاوارەکان، وەک نوێنەری حزب لە سنووری پارێزگای ورمێ، کاری کردووە. هاوکات سەرپەرشتیی دوو ڕێکخراوی ئۆردووگای ئاوارەکانی، لە سنووری شارەکانی نەغەدە، شنۆ و پیرانشاردا کردووە.

لە کاتی ڕاپەڕیندا لە٨ی ئازارى ١٩٩١دا خۆی دەگەیێنێتە ڕانیە و لە ڕاپەڕینی چەند شارێکی کوردستاندا بەشدار بووە. دواتر لە کاری ڕێکخستنی حزبی لە هەولێر کرایە بەرپرسی ڕێکخستنی کەسنەزان و تۆپزاوە و هاوکات نوێنەری حزب بووە لە ناو بەرەی کوردستانیدا. لەکاتی کۆڕەودا لە سۆران و چۆمان مایەوە. دوای ساڵی ١٩٩٢ ئەندامی کۆنگرەی یەکگرتن بوو و دواتر بووە کارگێڕی کۆمیتەی پارێزگای هەولێر و بەرپرسی کۆمیتەی قەزای چۆمان.

لە٥ى ئەیلوولى ١٩٩٣  دوای یەکگرتنی پارتی دێموکراتی کوردستان و حزبی یەکگرتن کرایە ئەندامی دەستەی کارگێریی لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان. لەو ماوەیەدا یەکێک لە ڕۆڵە گرینگەکانی کۆکردنەوەی ئەندام و کادیرانی پێشووی سۆسیالیست بوو لە چوارچێوەی لقی ١٠دا کە کاریگەریی لەسەر باری ڕێکخستن لەو دەڤەرەدا هەبوو. هەروەها بەهۆی ئەوەی لقی ١٠ کەوتبووە ناو جوگرافیای شەڕەکان ئەو لەو ناوچەیەدا لەگەڵ بەشێک لە هەڤاڵانی لق لە شەڕەکانی بەرگریدا بەشدار بووە.

لە هەڵبژاردنەکانە ناوخۆییەکانی پارتیدا دوو جار، لە ساڵی ١٩٩٤ و ١٩٩٩دا، بووەتەوە کارگێری لق. لەو ئەرکەیدا بەرپرسی مەکتەبی کۆمەڵایەتی، مەکتەبی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و مەکتەبی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان بووە. لە دوای ڕاپەڕین دوو جار بە ئەندامی کۆنگرەی ١١ و ١٢ی پارتی هەڵبژێردراوە. لە کاتی شەڕی ناوخۆدا لە ١٩٩٤-١٩٩٥ سەرپەرشتیاری لێژنەی ناوچەی باڵەک و لە ١٩٩٨- ١٩٩٩ سەرپەرشتیاری لێژنەی ناوچەی خەلیفان بووە. ساڵی ٢٠١٢ لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی حزب خۆی کاندید نەکردەوە. دواتر داوای لێکرا بچێتە لێژنەی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاریی سەرکردایەتی هەولێر، بەڵام بڕیاری دانیشتنی دا.

وێڕای پێشمەرگایەتی و کاری حزبی و ئەرکی کۆمەڵایەتی، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا، نووسینی بۆ ڕادیۆی کوردستان نووسیون. لە ڕۆژانی سەربازیدا فێری زمانی عەرەبی بووە و لە سەردەمی ئاوارەییشدا خۆی فێری زمانی فارسی کردووە. هەروەها وێڕای چەند پارچە شێعر و نووسینی ئەدەبی، لە گۆڤار و بڵاوکراوەکانی سەردەمی شاخ و ڕۆژنامەکانی دوای ڕاپەڕین وتاری نووسیون. ئەو کاتەی بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندنی لق بوو هاوکات سەرپەرشتیاری ڕادیۆی سۆران بوو و بەڕێوەبەری چەندین خولی ڕۆشنبیریی کادیران، وەک خولی ڕاپەڕین، هەژار موکریانی، 11ی ئەیلوول، 16ی ئاب، میقداد مەدحەت بەدرخان و...، بووە و لە هەندێکیاندا وانەبێژ بوو. ئێستاش، کتێبی زستانی تووش، کە جگە لە ژیاننامە، مێژووی ناوچەیی و گێڕانەوەی ڕووداوە سیاسییەکانی سەردەمی ئەیلوول، گوڵان و ڕاپەڕینی تێدایە، ئامادەی چاپە.

بەپێی ئەو پەرێزە لە ١٦ی ئابی ٢٠١٨ لە یادی دامەزراندنی پارتی دێموکراتی کوردستان جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی مەدالیای بارزانیی نەمری پێبەخشراوە.


سەرچاوە

١- کەریم‌خان گوندەژۆری، زستانی تووش، چاپ نەکراو، ٢٠١٨.

٢- کەریم‌خان گوندەژۆری، چاوپێکەوتن، ئەنسکڵۆپێدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، سۆران: ٢٠٢٦. www.partipedia.org

 

 

 


بابەتی پەیوەندیدار

ئەحمەد عەزیز ئه‌حمه‌د ناسراو بە ئه‌حمه‌د مێرۆزی

ئەحمه‌د مێرۆزی، ناوی ته‌واوی (ئه‌حمه‌د عه‌زیز ئه‌حمه‌د)ە‌ و له‌ ساڵی ١٩٤٠ له‌ (گوندی مێرۆز)ی سه‌ر به‌ هۆزی (مزووری ژۆری) له‌دایكبووه‌، (ئه‌حمه‌د) له‌ خانه‌واده‌یه‌ك په‌روه‌رده‌ بووه‌، كه‌ بنه‌ماڵه‌ی (بارزان) له‌ كوێ بووبێت، ئه‌وانیش له‌وێ بن. خانه‌واده‌یه‌ك بڕیاریانداوه‌ دوژمنی (بارزان) به‌ دوژمنی خۆیان بزانن و دۆستی (بارزان)یش به‌ دۆستی خۆیان.

زانیاری زیاتر

سەنعان ئەحمەد- پێشمەرگەى هەردوو شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان

ساڵی (1943) له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونی (سه‌نعان ئه‌حمه‌د) شۆڕشی دووه‌می بارزانیش چه‌خماخه‌ی لێدا، كاتێكیش له‌ 1947 ئه‌رگۆش بۆردومان ده‌كرێت سه‌نعان له‌ ده‌نگی فڕۆکە‌ و بۆردومانه‌كه‌ی ناترسێت، چونكه‌ هێشتاكه‌ منداڵێكی 4 ساڵانه‌، به‌ڵام كاتێك له‌ كۆتایه‌كانی 1947 حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌رگۆش به‌ پۆلیس ده‌یترسێنن و هه‌ستیش ناكات باوكی یه‌كێكه‌ له‌ پۆلیسه‌كان، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت:" كاتێك پۆلیس گه‌ڕانه‌وه‌ ئه‌رگۆش، له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كه‌م جار بوو بیانبینین ده‌ترساین".....

زانیاری زیاتر

عه‌لی عه‌تا میهراب

ساڵی ١٩٦٩ کە ئه‌وكات قوتابی بووم، لە ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووم به‌ ئه‌ندام و ئێستاش ئه‌و شه‌ره‌فی ئه‌ندامییەتیه‌م ماوه‌ كه‌ لێژنه‌ی ناوچه‌ی خانه‌قین پێیان به‌خشیم. دواتر لە ساڵی ١٩٧٣ له‌ ڕێگه‌ی لێژنه‌ ناوچه‌ی خانه‌قینەوە بووم بە پێشمه‌رگه‌ لە به‌تالیۆنی دووی زۆزک له‌ ناوچه‌ی گه‌ڵاڵه‌ کە ئه‌وكات مولازم یونس ڕۆژبه‌یانی فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆن بوو. باره‌گای به‌تالیۆنی دووی زۆزک یه‌كه‌مجار له‌ سماقۆك بوو لای مامه‌ڕوت و عومه‌رئاوا له‌ نزیكی چۆمان.

زانیاری زیاتر

ژەنەڕاڵ مەلا مستەفا بارزانی لە وتووێژێکی حەمید ئەحمەدی لەگەڵ مورتەزا زەڕبەخت

ئەمەی بەردەستت لەلایەن سەعید کاکی ئامادەکراوە کە لەبنەڕەتەوە وتووێژێکە دە ساڵ لەمەوپێش لە لایەن کاک بێهروزی ڕەحیمییەوە وەریگێڕدراوە، بەڵام دەرفەتی بۆ نەڕەخساوە لە چاپی بدات، لە دیدارێکمدا لەگەڵیدا، وتی منیش وتارێکم هەیە لەبارەی شۆڕشی بارزانییەکان کە گفتوگۆیەکە لەگەڵ مورتەزا زەڕبەخت کە خۆی شایەدحاڵی خەباتی بارزانییەکان بووە و لەگەڵیاندا ژیاوە، دواتر گوتی نەخشەی ڕێپێوانەکانی ژەنەڕاڵ بارزانیشم هەیە، تەنانەت مامۆستایەکم پەیدا کرد و ناوی ئەو گوندانەی بارزانییەکان پێدا ڕۆیشتوون...

زانیاری زیاتر