فەقێ ڕەسوڵ ڕۆستەم محەمەد

شەهید فەقێ ڕەسوڵ ڕۆستەم پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بووە، لە ساڵی ١٩٨٨ لەسێدارە دراوە و شەهید بووە.


شەهید فەقێ ڕەسوڵ ڕۆستەم لە ساڵی ١٩٦٣ لە ناحیەی قەڵادزێی سەربە قەزای پشدەری پارێزگای سلێمانی لە دایکبووە، ئاستی خوێندەواری سەرەتایی بووە، دانیشتووی قەڵادزێ بووە، فەقێ ڕەسوڵ خێزاندار بووە و لە خاکی ئاوارەیی لە وڵاتی ئێران هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ نەسرین شەریف کە ڕەچەڵەکی گەڕاوەتەوە بۆ هاونیشتیمانیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها خاوەنی یەک کوڕ و دووکچ بووە.

 باوکی بەناوی ڕەسوڵ ڕۆستەم لە داستانی کێوەڕەشی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٤ شەهید بووە، هەروەها بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی ڕژێمی بەعس لەسەر نیشینگەی زێوەێ لە وڵاتی ئێران لە ساڵی ١٩٨٥ دوو برای بە ناوەکانی مەریوان ڕەسوڵ و شۆڕش ڕەسوڵ شەهید بوونە و خوشکێکی بەناوی پیرۆز ڕەسوڵ بە سەختی بریندار بووە. هەروەها هەتاکو ئێستاش بنەماڵەی فەقێ ڕەسوڵ نەگەڕاونەتەوە و لە شاری سەردەشتی وڵاتی ئێران نیشتەجێ بوونە.

لە ساڵی ١٩٨٤ پەیوەندی بە شۆڕشی گوڵان دەکات و دەبێتە پێشمەرگە لە هێزی پشدەری پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لەوکاتەدا فەقێ وسو فەرماندەی بووە.

فەقێ ڕەسوڵ بەشداری کارای هەبووە لە چالاکی مەفرەزە پارتیزانیەکانی دەڤەری پشدەر و بتوێن،

لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ چالاکییەکی پارتیزانی و کۆبوونەوەیەکی شانەی نهێنی گەڕاوەتەوە بۆ قەڵادزێ، دوای تەواوکردنی کارەکانی و گەڕانەوەی بۆ وڵاتی ئێران، لە سەر سنوور کەوتۆتە بۆسەی سەربازی ڕژێمی بەعس و بە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی شۆڕشەوە دەستگیر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ گرتووخانەی ئەبوغرێب، دوای دوو مانگ لە دەستگیرکردنی لە ١٣ی نیسانی ١٩٨٨ بە بڕیاری دادگای ڕژێمی بەعس لە سێدارە دراوە و شەهید بووە. هەروەها یەکێکە لەو شەهیدانەی کە گۆڕی نادیارە.

بەڵگەنامەی لە سێدارەدانی شەهید فەقێ ڕەسوڵ ڕۆستەم:


سەرچاوە:

ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

بەهائەدین یوسف حەسەن ستونی

شەهید بەهائەدین یوسف حەسەن ستونی، ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی ستونی لە دایک بووە. ساڵى ١٩٧٥ ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، ساڵی ١٩٧٨ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، ساڵی ١٩٩١ بەشداری ڕاپەڕینى باشوورى کوردستانى کردووە، ساڵى ١٩٩٧ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

بەحری شکری مەجید دری

بەحری شکری مەجید، ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی دری لەدایک بووە، ساڵى ١٩٧٨ پەیوەندى بەڕێکخستنە نهێنییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٨٢ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. ساڵى ١٩٨٨ لە داستانى خواکوڕک شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

مستەفا حەسەن حەمەدۆک پیرانی

مستەفا حەسەن حەمەدۆک پیرانى، ساڵى ١٩٦٩ لە ناحیەى پیران قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٨٢ پەیوەندى بەڕیزەکانى یەکێتى قوتابیان کردووە. ساڵى ١٩٨٧ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، ساڵى ١٩٩٦ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر