فەقێ وسو ئەحمەد وسو

فەقێ وسو ئەحمەد وسو، ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی باوزێ سەربەقەزای قەڵادزێ لەدایک بووە، ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.


فەقێ وسو ئەحمەد وسو، ناسراو بە فەقێ وسو باوزێ، ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی باوزێ لە شارۆچکەی هێرۆ سەربەقەزای قەڵادزێ پارێزگای سلێمانی لەدایک بووە، لە قوتابخانەى ئایینى خوێندووە، ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە و سەرەتا لە سەردەشت و ڕەبەت نیشتەجێ بووە پاشان گوازراوەتەوە بۆ پیرانشار، ساڵی ١٩٩١ دواى ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەى باشوورى کوردستان، گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان.

ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە، لە لێژنەی ناوچەی قەڵادزێ بۆتە پێشمەرگە، ساڵی ١٩٦٣ گواستراوەتەوە بۆ بەتالیۆنی یەکی ‌هێزی کاوە کە سەرەتا ئیبراهیم ئەفەندی و دواتریش عەزیز قازی فەرماندەی بووە، لەساڵی ١٩٦٧ تاکو ساڵی ١٩٧٠ لە لقی سێی نورەدینییەکاندا بووە و لەشەڕەکانی کێوەڕەش، ئاسۆس، دەربەندی ڕانیە، دوازدە بانوان، سیپەڕۆ و پێماڵکی بەشدار بووە.

دوای ڕێککەوتنامەى ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠، لە بەتالیۆنی یەک بووە، ساڵی ١٩٧٤ و دوای هەڵگیرساندنی شەڕ لەلایەن حکومەتی عێراق لەدژی کورد، ناوبراو لە لقی نورەدینییەکان گواستراوەتەوە بۆ هێزی ڕزگاری و لە بەتالیۆنی ٦ خزمەتی کردووە کە عیزەدەین قەرە محەمەد فەرماندەی بووە، دواتر لەهەمان بەتالیۆن کراوە بە سەرپەل، لە شەڕەکانی ئەزمەڕ، قزلەر و دۆڵی هەنارە بەشداری کردووە.

ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، وەک مەفەرەزەى گەڕۆک لە دەڤەری قەڵادزێ، پشدەر، هەرک بێداوی لەدەڤەری بادینان چالاکى ئەنجام داوە. ساڵی ١٩٧٨ لە هەکاری لە شەڕی بازێ بەشداری کردووە. دوای شەڕی بازێ گەڕاوەتەوە بۆ دزەی مەرگەوەڕ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەهەمان ساڵدا پێشمەرگەکانی یەکێتی لە ناوچەی سەردەشت گرتوویانە و بۆ ماوەی ١١ مانگ لە خڕی ناوزەنگان زیندانیان کردووە، ساڵی ١٩٧٩ بەشداری کردووە لە کۆنگرەی نۆیەمی پارتی، دوای کۆنگرە گواستراوەتەوە بۆ لقی ٢ی پارتی و لەوێ بە مەفرەزەی دەستوەشێن گەڕاوەتەوە بۆ دەڤەری خۆشناوەتی. ساڵی ١٩٨٠ گواستراوەتەوە بۆ لێژنەی ناوچەی قەڵادزێ و کراوە بە کارگێڕی لێژنەی ناوچە و لەوێ ڕێکخراوی شەهیدانی قەڵادزێی دامەزراندووە، لەمانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا، فەقێ وسو باوزێ لە شەڕی یەکەمی حاجی ئۆمەران بەشداری کردووە، ساڵی ١٩٨٣ قاتعی چوار دامەزراوە و ناوبراو کراوە بە ئەندامی قاتع، لە ساڵی ١٩٨٦ و دوای دابەشکردنی هێزەکانی قاتعی چوار بەسەر لێژنەی ناوچەی قەڵادزێ و لێژنەی ناوچەی ڕانیە، ڕێکخراوی شەهیدانی قەڵادزێ گواستراوەتەوە بۆ قەڵادزێ و فەقێ وسو کراوە بە بەرپرسی سەربازی لێژنەی ناوچە و لەهەمان ساڵدا  لەشەڕەکانی ئەشکەنێ و گەناوی بەشداری کردووە.

ساڵی ١٩٩١ لە ڕاپەڕینەکەی باشووری کوردستان، بەرپرسی هێزی یەکگرتووی بەرەی کوردستانی بووە و لە ڕاپەڕینی خەڵکی شاری قەڵادزێ و ڕانیە بەشداری کردووە، ساڵی ١٩٩٥ گواستراوەتەوە بۆ لقی ١١ ی ڕانیە و قەڵادزێ  کە بارەگاکەی لە شارۆچکەی قەسرێ بوو و  کراوە بەئەندامی لق، ساڵی ١٩٩٦ گواستراوەتەوە بۆ سوپای ١١، ساڵی ١٩٩٨ دووبارە گواستراوەتەوە بۆ لقی ١١ کە بارەگای لە شەقڵاوە بوو.

ساڵی ٢٠٠٠ کراوە بە بەرپرسی دەزگای ئەیلوول لە ڕانیە و قەڵادزێ و لەهەمان کاتدا ئەندامی دەزگای باڵای ئەیلوول بووە، ساڵی ٢٠٠٥ گواستراوەتەوە بۆ دەزگای باڵای ئەیلوول، ساڵی ٢٠١٢ بە پلەی بەڕێوبەری گشتی خانەنشین کراوە. فەقێ وسو باوزێ لەژیانی پێشمەرگایەتیدا دووجار بریندار بووە.

لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەهۆی خزمەتەکانى لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.


سەرچاوە: 

١- ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

نەسرەدین هەورامی

نەسرەدین هەورامی، ساڵی ١٩٤٠ لە شارۆچکەی تەوێڵە لەدایکبووە، ساڵی ١٩٥٩ پەیوەندى بە ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە، لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە. لە ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠ کۆچی دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

شێخەڵا ئیبراهیم شێخەڵا

شێخەڵا ئیبراهیم شێخەڵا، ساڵى ١٩٤٩ لە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، ساڵی ١٩٦٤ وەک پێشمەرگە چووتە ڕیزی شۆڕشی، ساڵى ١٩٨٠ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان کردووەتەوە، ساڵى١٩٩٢ بریکارى وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێرى بووە. ساڵى ٢٠٠٥ ئەندامى پەرلەمانى کوردستان بووە، هەڵگری مەدالیای بارزانی یە.

زانیاری زیاتر

عەبدوڵا دەروێش عەلی

عەبدوڵا دەروێش عەلی، ناسراو بە (عەبدوڵا دەروێش ئەرەدنی)، ساڵی ١٩٤٥ لە دهۆک لەدایک بووە، ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان کردووەتەوە. هەڵگری مەدالیای بارزانی یە.

زانیاری زیاتر

مستەفا ئامێدی

مستەفا حسێن محەمەد، ساڵی ١٩٣٩ لە پارێزگای دهۆک لەدایک بووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بەهێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، شارەزایی هەبووە لە بەکارهێنانى بێتەل و بەرپرسی بێتەلى هێزى بادینان بووە، لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتى کوردستان مەدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

عەلی سلێمان عەبدوڵا سلێمان

عەلی سلێمان عەبدوڵا سلێمان، ساڵی ١٩٤٣ لە پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزى پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵی ١٩٦٤ وەک پاسەوانى جەنەراڵ مستەفا بارزانی ئەرکى بینیووە، دوایی کۆچی دوایی جەنەرال مستەفا بارزانی بووتە پاسەوانی تایبەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، لە هەڵگرانی مەدالیای بارزانی یە.

زانیاری زیاتر