غەزالی ئیبراهیم ئاغا چەمێ

غەزالى ئیبراهیم ئاغا چەمێ (١٩٢٧-٢٠٠٦ )، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) و شۆڕشی گوڵان (١٩٧٦- ١٩٩١) و ڕاپەڕینى ساڵى ١٩٩١ ى کردووە، هەڵگرى میدالیای بارزانییە.


ژیاننامە

غەزالى ئیبراهیم ئاغا چەمێ ساڵى ١٩٢٧ لە گوندى چەمێ لە ناحیەى شێروان مەزن لە قەزاى مێرگەسۆر لەدایکبووە، لەسەر داواى بارزانى لە کاربەدەستانى یەکێتى سۆڤیەت لە بەشى کشتوکاڵى زانکۆى تاشکەند وەرگیراوە، دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت، لە ساڵى ١٩٥٩ لە بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵى موسڵ بووە بە فەرمانبەر، ساڵى ١٩٧٠ ڕێککەوتنى ١١ى ئازار واژۆکرا، ناوبراو گەڕاوەتەوە سەر کارى خۆى لە ئیدارەى کشتوکاڵى موسڵ، لە ساڵى ٢٠٠٦ لە گوندى چەمێ کۆچى دوایى کردووە.


خەباتنامە

 ساڵى ١٩٤٣ لە شۆڕشی دووەمی بارزان ١٩٤٣- ١٩٤٥ چەکى هەڵگرتووە و بەشداریکردووە لە چەککردنى بنکەکانى پۆلیسى گوندەکانى شێروان مەزن و بیرەکەپرا. ساڵى ١٩٤٥ بەشداریى شەڕى مەیدان مۆریکى کردووە.

١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، له‌ ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له‌ چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە‌ كۆمار كردووه‌.

دواى ڕووخاندنی کۆمارى کوردستان و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده‌ و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه‌‌، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى ١٩ى نیسانى ١٩٤٧ لە ڕێگاى خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزوورى لە باشوورى کوردستان.

دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە ڕێکەوتى١٥ى ئادارى ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له‌ ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور (کۆتۆل) و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى هەڤاڵانى بارزانى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە دەگوازرێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە  ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.

لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا له‌ ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان. 

لە سەرەتاى شۆڕشى ئەیلوول لە ساڵى ١٩٦١ غەزالى ئیبراهیم گەڕاوەتەوە ڕیزى پێشمەرگە و لەگەڵ ئەحمەد مستەفا کانیەلنجى پێشمەرگە بووە تا ڕێکەوتننامەى یازدەى ئازار. ساڵى ١٩٧٤ کاتێک ڕژێمى عێراق لە دژى گەلى کورد شەڕى هەڵگیرساندەوە، سەر لەنوێ گەڕاوەتەوە ڕیزى پێشمەرگەکانى ئەحمەد مستەفا کانیەلنجى.

دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول لە ساڵى ١٩٧٥، ناوبراو پەڕیوەتەوە بۆ ئۆردوگای زێوەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و لەوێوە گواستراوەتەوە و بۆ شاهرود و دواتر لە ئۆردوگای جەهروم و شاهرود لە پارێزگاى سمنان نیشتەجێکراوە.

غەزالى لە ساڵى ١٩٧٧ بە ڕاسپاردەى ئیدریس بارزانى گەڕاوەتەوە بۆ زێوە، لەگەڵ هێزى بارزان بووە بە مەفرەزە و هاتوونەتەوە ناوچەکانى گەلى ڕەش و بارزان.

ساڵى ١٩٩١ لەگەڵ هێزەکانى هێزى بارزان بە فەرماندەیى دکتۆر سەعید ئەحمەد بەشداریى ڕاپەڕین و داستانى کۆڕێى کردووە. لەبەر خەبات و بەرخودانى لە شۆڕشى دووەمى بارزان، کۆمارى دیموکراتى کوردستان، ڕێڕەو بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، هەردوو شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانى میدالیاى بارزانى پێ بەخشراوە و لە ڕێکەوتى ٢٠ی ئەیلوول٢٠٠٦ لە گوندى چەمێ کۆچى دوایى کردووە.


سەرچاوە:

 ١- ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیای پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

هەڤاڵانی بارزانی

هەڤاڵانى بارزانى بەو ٥٢٠ پێشمەرگە و خەباتکار و خاکپەروەر و شوێنکەوتووانە دەگوترێت کە لە ڕێککەوتى ٢٣ى ئایارى ١٩٤٧ یاوەرى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانییان کرد و سنوورى سێ وڵاتى سەخت، دوورودرێژ و دژە کورد و بارزانیان بڕى و لە یەکێتى سۆڤیەت گیرسانەوە.

زانیاری زیاتر

ساڵح محەمەد قورتاس

ساڵح محەمەد قورتاس (١٩٢٧-٢٠١٢)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) و شۆڕشی گوڵان (١٩٧٦- ١٩٩١) کردووە.

زانیاری زیاتر

ساڵح ئەحمەد عەبدوڵا

ساڵح ئەحمەد عەبدوڵا (....-....)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) کردووە.

زانیاری زیاتر