عەلی تێلی کەمی

عەلى تێلى کەمى ناسراو بە عەلى تێلى، ساڵى ١٩٤٥ لە گوندى بێبۆ لە ناحیەى نێروە و ڕێکانى سەر بە قەزاى ئامێدى پارێزگاى دهۆک لە دایک بووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى شۆڕشى ئەیلوول کردووە، لە ١٦ی کانوونى یەکەمى ٢٠١٠ لە لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.


عەلى تێلى کەمى، ناسراو بە عەلى تێلى، ساڵى ١٩٤٥ لە گوندى بێبۆ لە ناحیەى نێروە و ڕێکانى سەر بە قەزاى ئامێدى پارێزگاى دهۆک لە دایک بووە، قۆناغى خوێندنى سەرەتایی لە گوندى بێبۆ تەواو کردووە، قۆناغەکانى ناوەندى و ئامادەیی لە قەزاى ئامێدى خوێندووە، ساڵى ١٩٧٥ ئاوارەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بووە و لە شارى ورمێ نیشتەجێ بووە، ساڵى ١٩٩١ دواى ڕاپەڕینى جەماوەرى باشوورى کوردستان گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان.

ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە و لەلای فەرماندە حاجى بێرۆخى لە دەڤەرى نێروە و ڕێکان بۆتە پێشمەرگە، دواتر چۆتە زاخۆ و ماوەیەک لە چیاى زاخۆ بووە، بەشدارى شەڕەکانى ناوچەى سێمێل و گەلى زاویتە و سارکێ و سوارەتوکاى کردووە.

ساڵى ١٩٦٢ لە ڕێکخستنى نوێی هێزەکانى دەڤەرى بادینان، بەفەرماندەیی مستەفا نێروەیی پێشمەرگە بووە، هەمان ساڵ لەگەڵ هێزەکەی و هێزى تایبەتى مەلامستەفا بارزانى پەڕیوەتەوە بۆ ناوچەى سۆران و لە ڕانیە و قەڵادزێ و کۆیە بووە. ساڵى ١٩٦٤ وەک ئەندام بەشدارى کۆنگرەى شەشەمى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە.

ساڵى ١٩٧٠ لەگەڵ مستەفا نێروەیی بارەگایان لە گوندى بێشەى ناحیەى سمیلانى قەزاى چۆمان بووە، ساڵى ١٩٧٤ بەشدارى شەڕەکانى چیاى زۆزک و گەروى عومەرئاغاى کردووە، ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول چۆتە سنوورى باکوورى کوردستان و لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکى تر بەشێوەى مەفرەزەى گەڕۆک بەردەوام بوون لە چالاکى پارتیزانى.

ساڵى ١٩٧٦ دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى گوڵان پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى کوردستان کردووەتەوە، لە لێژنە ناوچەى گوڵان وەک ئامر مەفرەزە ئەرکی بینیوە، لە ناوچەکانى دهۆک و شێخان و ئاکرێ و تا نزیک شارى موسڵ چالاکییان ئەنجام داوە. لەگەڵ سامى عەبدولڕەحمان و ١٠٠ پێشمەرگەى تر بەشدارى شەڕی بازێی کردووە.

ساڵى ١٩٧٩ چووەتە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و بەشدارى کۆنگرەى نۆیەمى پارتى دیموکراتى کوردستانى کردووە، دواى تەواوبوونى کۆنگرە گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان. ساڵى ١٩٨٨ لە کاتى شاڵاوە بەدناوەکەى ئەنفال و کیمیابارانکردنى دەڤەرى بادینان، لە گوندى مازیا لەناوچەى ڕێکان بووە، پاش ئەو شاڵاوە چووەتە سنوورى باکوورى کوردستان و لەوێشەوە چووەتە شارى ورمێی ڕۆژهەڵاتى کوردستان.

ساڵى ١٩٩١ لەگەڵ دەسپێکردنى ڕاپەڕینى جەماوەرى باشوورى کوردستان، لەگەڵ عومەر عوسمان و زەعیم عەلى بە ڕێگاى حاجى ئۆمەران گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان و لەوێشەوە چۆتە شارى دهۆک و بەشدارى ڕاپەڕینى کردووە، ساڵى ١٩٩٢ دواى ڕێکخستنەوەى لێژنە ناوچەى ئاکرێ دەکرێتە بەرپرسی ئەو لێژنە ناوچەیە، ساڵى ١٩٩٥ پلەى فەرماندەی سوپاى ئاکرێی وەرگرتووە، ساڵى ١٩٩٧ گوازراوەتەوە بۆ فەرماندەى فەرماندەیی لەشکرى کوردستان(فە لە ک)، دووبارە گەڕاوەتەوە سوپاى ئاکرێ، ساڵى ٢٠٠٣ پلەى جێگرى فەرماندەی زێرەڤانى لە هەولێر وەرگرتووە، دواتر گوازراوەتەوە نووسینگەى فەرماندەیی زێرەڤانى شارى دهۆک. بەشدارى کۆنگرەکانى ٦ و ٧ و ٨ و ٩ و ١٠ و ١١ و ١٢ و ١٣ى پارتى دیموکراتى کوردستانى کردووە.

لە ١٦ی کانوونى یەکەمى ٢٠١٠ لە کۆنگرەى ١٣یەمى پارتى دیموکراتى کوردستان، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.


سەرچاوە:

ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

فەقێ ئەحمەد پشدەری

ئەحمەد محەمەد ئەبوبەکر، ناسراو بە (فەقێ ئەحمەد پشدەرى)، ساڵى ١٩٢٢ لە گوندى دەلگە لە ناوچەى پشدەر لە ناحیەى هێرۆ سەر بە قەزاى قەڵادزێ پارێزگاى سلێمانى لە دایک بووە، ساڵى ١٩٥٨ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، لە ٤ى تشرینى یەکەمى ١٩٧٩ وەک ئەندامى کۆنگرە بەشدارى لە کۆنگرەى نۆیەمى پارتى دیموکراتى کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە.

زانیاری زیاتر

خالید تەها عەلی

خالید تەھا عەلی ساڵی ١٩٤٥ لە پارێزگای دھـۆک لەدایـــــک بـــــووە. ڕۆژی ٤ی نیسانی١٩٦٢ پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە، ساڵی ١٩٧٠ بووەتەسکرتێری سەندیکای کرێکـارانی دھـۆک، دوای نسکۆی شۆرشی ئەیلوول لەساڵی ١٩٧٥ئاوارەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەساڵی ١٩٨٩ چووەتە وڵاتی نەمسا، ساڵی ١٩٩٩ گەراوەتەوە بۆ کوردستان، لە رۆژی ١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

حەمید حەیدەر ئەرگوشی

حەمیـد حەیـدەر ئەحمەد، ناسراو بە (حەمید ئەرگۆشى)، لە دایک بووی گوندى ئەرگۆشى ناحیەى شێروان مەزنە، ساڵى ١٩٥٩ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پـارتی دیمـوکراتی کوردسـتان کردووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، لە ١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خەمەد بارزانى

خەمەد میـــرحەمەد فەتـــاح، ناسراو بە (خەمەد بارزانى)، ساڵى ١٩٤٩ لە ناحیەى گۆڕەتووی قەزاى مێرگەسۆر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٧٢ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٤ گوازراوەتە بۆ هێزى کاوەى لەشکرى کوردستان، ساڵى ١٩٧٧ لەلایەن هەواڵگرى ڕژێمى عێراق دەستگیرکراوە، لە ١٥ی کانوونى یەکەمى ٢٠١٠ لە کۆنگرى ١٣ى پارتی دیموکراتی کوردستان، میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە

زانیاری زیاتر

جەوهەر ئاغاى غەفور ئاغاى لێوژە

جەوهەر غەفور ئیسماعیل، ناسراو بە (جەوهەر ئاغاى غەفور ئاغاى لێوژە)، ساڵى ١٩٢٨ لە گوندی لێوژە لە ناحیەى ناودەشت لە قەزاى قەڵادزێ سەر بە پارێزگاى سلێمانى لە دایک بووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٦ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووەتەوە، لە ١٦ى ئابى ١٩٩٦ لە یۆبیلى زێڕینى پارتى دیموکراتى کوردستان، میدالیاى بارزانى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر