شەڕی گەلى سەنگەسەر

شەڕی گەلى سەنگەسەر لە پاییزى سالى ١٩٧٤ ڕوویدا کاتێک کە سووپاى عێراق ویستی هێرش بکاتە سەر شارى قەڵادزێ و دەستى بەسەردا بگرێ، هێزى پێشمەرگەش لە گەلى سەنگەسەر سەنگەریان قایم کرد و نزیکەى دە ڕۆژ شەڕو پێکدانان بەردەوامى هەبوو، پاشان سوپا توانى بەربەستەکەى پێشمەرگە بشکێنێ و لە ١٩ى ئاب چووە ناو شارى قەڵادزێ و دەستى بەسەردا گرت.


حکومەتى عێراق کە شەڕی بەسەر کوردستاندا سەپاند ساڵى ١٩٧٤ هێرشەکانى بە جۆرێک بۆ سەر ناوچەکانى شۆڕش دەستپێکرد هەموو توانایەکى سەربازى خستە کار، سوپایەکى گەورەى زەبەلاحى سەدان هەزار سەرباز و سەدان تانکى مۆدێرن و هەموو جۆرە چەکى ئاسمانى و هێزى ئاسمانى بەکارهێنا بۆ ئەوەى ئەمجارەیان شۆڕش بە یەکجارى کۆتایی پێ بهێنێ.

هەڵبەتە لە هەموو شۆڕش و سەرهەڵدانێکدا چیا بەرزەکان شوێنى خۆڕاگرى و بەرگرى شۆڕش بوون، هەمیشە پێشمەرگە لە بەرگریدا پشتى پێ دەبەستین، سوپاى عێراقیش بە هەمان شێوە ویستى سەرەتا دەست بەسەر بەرزاییەکاندا بگرێ، ئەو هێڵە بەرگریانەى پێشمەرگە تێکبشکێنێ کە لە چیاکانى وەک کێوەڕەش و ماکۆک و کارۆخ هەن بۆ ئەوەى شوێنە نزمە دەشتاییەکان بکەونە ژێر مەترسى و کاریگەرى سەربازى. بەو پێیە ڕژێمى عێراق نەخشە و پلانى وابوو کە لە مانگەکانى ئاب و ئەیلوول هێرشەکانى بۆ سەر ناوچەکانى شۆڕش بە جۆرێک چڕ بکاتەوە بەر لە هاتنى وەرزى سەرما و سۆڵەى زستان دەست بەسەر شوێنە ستراتیژییەکاندا بگرێ.

هەرچەندە سوپاى عێراق زیانى زۆرى بەرکەوتبوو لەو هێرش و پەلامارانەى کە دەیکردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە، بەڵام لە شاڵاو هێناندا هەر بەردەوام بوو بە پاڵپشتى هێزى گەورەى ئاسمانى و پسپۆرانى سەربازى یەکێتى سۆڤیەتى و چەکدارە بەکرێگیراوەکان (جاش)، کاتێ کە سوپا توانى لە چیاى کێوەڕەش پێشڕەوى بکات و دەست بەسەر بەرى ڕاستیدا بگرێت، هێزى پیادەى ١ و هێزى ١٢ى زرێپۆش بە پشتیوانى کەتیبەى تانکى ٣ پێشڕەوییەکانیان بەرەو گەلى سەنگەسەر ده‌ستپێكرد، کە دەکەوێـتە سەرەتاى چیاى ئاسۆس لە لاى ڕاستى و سەرەتاى چیاى کێوەڕەش لە لاى چەپیەوە کە ڕێگاى ڕانیە – قەڵادزەى پێدا تێپەڕ دەبێ.

لە بەرامبەر ئەو هێزە زەبەلاحەى سوپاى عێراقدا کە بۆ داگیرکردنى شارى قەڵادزێ ڕێگایان دەبڕی، بەتالیۆنێکى هێزى کاوە و بەتالیۆنى ئاسۆس سەنگەریان گرتبوو لە گەلى سەنگەسەر کە تاکە شوێن بوو بتوانن بەربەست لەبەردەم هێرشى سوپا دروست بکەن و نەهێڵن بگاتە قەڵادزێ، ئەویش بە دانانەوەى مینى دژە تانک و دژە مرۆڤ و تێکدانى ڕێگا و دانانى گاشە بەردى گەورە لە ڕێگادا، سوپاى عێراق لە پلانى هێرشکاریدا سلى نەدەکردەوە، پێشمەرگەش لە بەرگریدا بوو کە بەرەنگارى یەکتر بوونەوە شەڕ و پێکدادانەکان درێژەى هەبوو ماوەى نزیکەى ١٠ ڕۆژى خایاند، هەرچەندە سوپاى عێراق زیانى زۆرى گیانى و ماددى هەبوو بەڵام بۆ گەیشتن بە قەڵادزێ هەمیشە پێداگرى دەکرد، هەروەها لە هێزى پێشمەرگەش شەهید و بریندار هەبوو، لە ئەنجامدا سوپاى عێراق توانى لە ١٩ى ئابى ١٩٧٤ بچێتە ناو شارى قەڵادزێ و دەستى بەسەردا بگرێت.

دیارە بە داگیرکردنى قەڵادزێ لە لایەن سوپاى عێراق پێشمەرگە دەستەوەستان نەبوو، بەڵکو لە چالاکییە سەربازییەکانى هەر بەردەوام بوو، لە ٣ى ئەیلوول هێرشێکیان کردە سەر سەربازگەیەکى سوپاى عێراق لە تووە سوران کە دەکەوێتە سەر ڕێگاى ڕانیە - قەڵادزێ، سەرەتا بە تۆپبارانى سەربازگەکە هێرشەکە دەستى پێکرد پاشان هەڵیانکوتایە سەر مۆڵگەى سەربازى و توانیان زیانێکى گەورە لە سوپا بدەن، ئەوەندەى نەمابوو کە دەست بەسەر سەربازگەدا بگرن، بەڵام بەهۆى شەهیدبوونى فەرماندەى پێشمەرگە عزەدین قەرە محەمەد دەستیان لە گرتنى سەربازگەکە هەڵگرت و پاشەکشەیان بە هێزى پێشمەرگە کرد.

 


سەرچاوەکان:  

  1.   مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم – هەولێر،  ٢٠٠٤.

  2. سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول 1970-1975، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2022.

  3. کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.

  4. ملازم خدر عەبدوڵڵە دەباغ، بیرەوەریەکانم و تۆپخانەى شۆرش ئەیلوولى مەزن چاپخانەى ڕۆشنبیری، چاپى سێیەم، هەولێر – ٢٠٢٠.

  5. ئیبراهیم جلال، باشووری كوردستان و شۆڕشی ئه‌یلوول، بنیادنان و هه‌ڵته‌كاندن، 1961-1975.چاپی چواره‌م، 2021.


بابەتی پەیوەندیدار

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەشتى بەرازگر ١٩٧٩

شەڕى دەشتى بەرازگر، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى سوپاى عێراق لەگەڵ هێزێکى پێشمەرگە لەسەر ڕوبارى دەشتى بەرازگر لە دەڤەرى برادۆست، کاتێ کە هێزەکەى پێشمەرگە لە جەولەدا بوو بۆ چەند گوندێکى سنورى ناوچەکە بە مەبەستى بەسەرکردنەوەى ڕێخستنەکانیان، دواى ماویەکى کورت لە شەڕ و ڕووبوڕوو بوونەوە هێزەکەى سوپاى عێراق شکستیان خواردو بە ژمارەیەک کوژرا و بریندار مەیدانى شەڕەکەیان چۆلکرد و ڕایانکرد.

زانیاری زیاتر

شەڕی بنارى چیاى پیران ١٩٧٩

شەڕى بنارى چیاى پیران، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٧٩، کاتێ کە هێزەکەی پێشمەرگە لە چالاکیەکى پارتیزانى ڕفاندنى پێنج ئەندازیارى پڕۆژەیەکى ڕێگاوبان دەگەڕانەوە، لە بنارى چیاى پیران نزیک مێرگەسۆر لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپا بە یەک گەیشتن، شەڕێکى گەرم بۆ ماوەى دوو کاتژمێر لە نێوانیاند دروست بوو، ئەنجامى شەڕەکە کوژرانى چوار لە ئەندازیاران و ژمارەیەک کوژرا و بریندارى سەربازانى سوپاى لێ کەوتەوە هێزەکەى پێشمەرگەش بێ زیان لێى دەرچوون تەنها یەکێک بە سو

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى هەسنان ١٩٧٥

شەڕى گوندى هەسنان، ڕووبەڕوو بوونەوى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ١٣ى ئازارى ١٩٧٥ لە گوندى هەسنان لە بنارى چیاى حەسەن بەگ، کاتێ کە سوپاى عێراق هێرشیکى بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە بە پشتیوانى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى بە مەبەستى دەستگرتن بە سەر گەرووى بێشەو چیاى حەسەن بەگ، کە دوو خاڵى ستراتیژى ناوچەکە بوون.

زانیاری زیاتر