شەڕی گوندی مەکلاوە

له‌ دوای ڕوودانی هه‌ر دوو شه‌ڕه‌كانی قاراوه‌ و مامه‌شا كه‌ له‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كۆماری كوردستان و سوپای ئێران ڕوویدا، ده‌بینین كه‌ هێزی ئێران ناچار ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌ ڕێك بخاته‌وه‌ و پلانێكی گونجاو دابڕێژێت....


له‌ دوای ڕوودانی هه‌ر دوو شه‌ڕه‌كانی قاراوه‌ و مامه‌شا كه‌ له‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كۆماری كوردستان و سوپای ئێران ڕوویدا، ده‌بینین كه‌ هێزی ئێران ناچار ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌ ڕێك بخاته‌وه‌ و پلانێكی گونجاو دابڕێژێت بۆ شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی داهاتووی خۆیان له‌ گه‌ڵ  هێزی كۆماری كوردستان، ناچار بوون له‌ ئاستێكی باڵا سه‌ردانی ناوچه‌ی سه‌را بكه‌ن و له‌ گه‌ڵ قازی محه‌مه‌د و مستەفا بارزانی كۆ ببنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ كه‌ له ‌سه‌را له‌ نێوان قازی محه‌مه‌د و به‌رپرسانی كۆماری كوردستان و ژه‌نه‌راڵ ڕەزم ئارا په‌یمانێك ده‌به‌سترێت كه‌ هه‌ر دوو لا هێرش نه‌كه‌نه‌ سه‌ر یه‌كتر و كۆماریش ڕێگه‌‌ بدات ئازووقه‌ بۆ سه‌ربازگه‌ گه‌مارۆدراوه‌كان بڕوات، به‌ڵام له‌ دوای ماوه‌یه‌ك ده‌بینین له‌ گوندی مه‌كلاوه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ڕێگای نێوان سه‌رده‌شت و بانه‌ له‌ یه‌كێك له‌و پۆستانه‌ی كه‌ پێشمه‌رگه‌كانی تیپی سه‌رده‌شت –بانه‌ به‌ فه‌رمانده‌یی كاك حه‌مه‌د مه‌ولوود بۆ چاودێری ئه‌و ڕێگایانه‌ دانرابوو، له‌ دوای چه‌ند مانگێك له‌ شه‌ڕی گوندی مه‌لا شێخ و دانوستاندنه‌كه‌ی گوندی سه‌را كه‌ له‌ لایه‌ن قازی محه‌مه‌د و ڕەزم ئارا واژۆ كرابوو، بۆ جارێكی دیكه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ له‌ لایه‌ن هێزی ئێران پێشێل ده‌كرێت.ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ست پێ ده‌كات كه‌ ڕۆژێك چه‌ند پێشمه‌رگه‌ له‌ هێزی بارزانی بۆ كڕینی هه‌ندێك شتومه‌كی پێویست بۆ مه‌كلاوه‌ ده‌چوون و له‌ ڕێگا ده‌بینن كه‌ ستونێك له‌ هێزی سه‌ربازی ئێران به‌ پاڵپشتی چوار تانك و زریپۆش و ژماره‌یه‌ك ئوتۆمبێل كه‌ پڕبوون له‌ سه‌رباز و پڕ له‌ چه‌ك نیازیان هه‌یه‌ به‌ره‌و سه‌رده‌شت تێپه‌ڕن و ئازووقه‌ بۆ هێزه‌ گه‌مارۆدراوه‌كان ببه‌ن. 

بۆیه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ داوا له‌ سوپای ئێران ده‌كه‌ن ڕابوه‌ستن بۆ پشكنینی ئۆتۆمبێله‌كان، به‌ڵام ئێرانییه‌كان ڕاناوستن، بۆیه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی شه‌ڕێكی دیكه‌ و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كۆمار به‌ فه‌رمانده‌یی حه‌مه‌د مه‌ولود كه‌ له‌ نێو گوندی مه‌كلاوه‌ بوون خۆیان ده‌گه‌یننه‌ هاوڕێیه‌كانیان و له‌ لایه‌كی دیكه‌یش عه‌قید به‌كر عه‌بدولكه‌ریم حه‌وێزی بۆ یارمه‌تیدانی هاوڕێیه‌كانیان ده‌ڕۆنه‌ مه‌كلاوه‌ و خودی به‌كر عه‌بدولكه‌ریم حه‌وێزی و ١٠٠ سواری گه‌ورك به‌ره‌و شوێنی شه‌ڕه‌كه‌ به‌ڕێده‌كه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ دوو لاوه‌ ئابلۆقه‌ی هێزه‌كه‌ی ئایروم بده‌ن، به‌ڵام پێش گه‌یشتنی ئه‌و هێزه‌ سوپای ئێران به‌ره‌و سه‌رده‌شت هه‌ڵدێن، به‌ گه‌یشتنی هێزی بارزانی و گه‌ورك بۆ مه‌كلاوه‌ ده‌بینن كه‌ ١٤ كه‌س له‌ خه‌ڵكی ئه‌و گونده‌ به‌ ده‌ستی سوپای ئێران كوژراو و بریندار بوونه و یه‌كێك له پێشمه‌رگه‌‌كانی حه‌مه‌د مه‌ولوودیش شه‌هید ده‌بێت، برینداره‌كانیش بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تا بۆ مه‌هاباد و دوایی بۆ ته‌ورێز ڕه‌وانه‌ كران. له‌ ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ ئاگادار ده‌بن كه‌ سه‌ربازه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌و خوارده‌مه‌نی و ئازووقه‌یه‌ كه‌ بۆ هێزه‌ گه‌مارۆدراوه‌كان ده‌یان برد ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و فیشه‌ك و تۆپێكیان شاردبووه‌ كه‌ ده‌یانویست له‌ په‌نای ئه‌و یارمه‌تیانه‌ بگه‌یننه‌ ده‌ستی هێزه‌ گه‌مارۆدراوه‌كان. بۆیه‌ ده‌بینین له‌ دوای ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌ هۆی پابه‌ندنه‌بوونی هێزی سه‌ربازی سه‌رده‌شت به‌ به‌ڵێنه‌كانی خۆیان ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌. 


سه‌رچاوەکان:

١- عه‌قید به‌كر عه‌بدولكه‌ریم حه‌وێزی، گه‌شتێك به‌ كۆماری مه‌هاباد دا ، چاپی دووه‌م ، هه‌ولێر، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، ٢٠٠١.

٢- علاءالدین سجادی،شۆرشه‌كانی كورد،به‌غدا،چاپخانه‌ی مه‌عارف،١٩٥٩.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى چیاى بەڕانشێ ١٩٨٦

شەڕى بەڕانشێ چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە بوو لەسەر ڕێگاى سەرەکى چیاى بەڕانشێ نزیک گوندى گرێ بیێ، لەو چالاکییەدا هێزێکى پێشمەرگەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ١٥ى تشرینى دووەمى ١٩٨٦ بۆسەیەکیان لەسەر ڕێگاى سەرەکى دانایەوە، بۆ لێدان لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانى هێزەکانى ڕژێمى بەعسى داگیرکەر.

زانیاری زیاتر

شەڕى شیڤێ ١٩٨٧

شەڕى شیڤێ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگە و هێزى چەکدارانى بەکرێگیراوى ڕژێمى بەعس لە ٢٥ى ئایارى ١٩٨٧، کە بە نیازى وێرانکارى و ڕوخاندنى گوندى شیڤێ هێرشیان کردە سەر گوندەکە، هێزى پێشمەرگەش بەرەنگاریان بووەوە و لە ماوەى دوو کاتژمێرى شەڕدا هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو شکستیان خوارد و ڕایانکرد، چوار لاشەیان لە مەیدانى شەڕ بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى بادێ ١٩٨٣

چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعسە، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک و ڕێکخراوەکانى هورمز مەلیک و تاهر زێوەیی لە شەوى ١١ لەسەر ١٢ى کانوونى یەکەمى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گوندى بادێ، لە ماوەیەکى کەمدا دەستیان بەسەرداگرت و ئاگریان تێبەردا، تەواوى سەربازانیان کوشت و چواریشیان بەدیل گرتن، پاشان شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى ڕەبایەى گرێ ئیسفکا ١٩٨١

چالاکییەکى پارتیزانى بوو کە هێزێکى پێشمەرگە لە شەوێکى تشرینى دووەمى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گرێ ئیسفکا لە دەڤەرى بەروارى باڵا، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستى بەسەردا بگرن و ژمارەیەک سەربازى ڕەبایەکەیان کوشت و دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازیدا گرت، پاشان شوێنەکەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بنکەکانیان.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەڤەری سندیا ١٩٨٧

ئەم شەڕە لە ئەنجامى هێرشێکى بەربڵاوى سوپاى عێراق بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى و جاشەکان بۆ سەر دەڤەرا سندیا ڕوویدا، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ پاراستنى ناوچەکە لە ڕوخان و وێرانکارى گوندەکان، لە ٥ى نیسانى ١٩٨٧ ڕووبەڕووى هێزەکانى حکومەت بووەوە، ئەنجامى شەڕەکە بە سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگە و شکستى هێزە عێراقیەکان کۆتایی هات.

زانیاری زیاتر