شەڕی گوندی گوڵان ١٩٧٤

ئه‌و شەڕە لە گوندى گوڵان و باوەخۆشێنى ناوچەى قەرەداغ ڕوویدا لە ١٥ى نیسانى ١٩٧٤، لە نێوان هێزى پێشمەرگەى کوردستان و سوپاى عێراق بە هەماهەنگى و هاوکارى چەکدارانى حزبى شیوعى، کە لە چەند قۆڵێکەوە دوو هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانى بەرگرى پێشمەرگە، بەڵام لە هەردوو هێرشەکەدا سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا، بەڵکو هێرشەکەیان تێشکێندرا و کشانەوە سەربازگەى دەربەندیخان کە لەوێوە دەستیان بە جووڵە کردبوو.


هاتنە ئاراى پەیمانى دۆستایەتى و هاوکارى لە نێوان یەکێتى سۆڤیت و حکومەتى بەعس لە نیسانى ١٩٧٢، وڵاتى عێراقى لە ڕووی سەربازییەوە بوژاندەوە و سوپاى پڕچەک کردەوە لە جۆرى چەکى قوڕسى پێشکەوتووى وەک (٢٥ تۆپى ئەندازە ١٢٠ ملم و ١٥٢ ملم و موشەکى سام و تانکى T62 هتد...)، لە ١٧ى تەممووزى ١٩٧٣ حزبى شیوعى لە ژێر ڕاسپاردە و هاندانى یەکێتى سۆڤیەت چووە ناو ئەو هاوپەیمانێتیە، هاوکات لەگەڵ حزبى بەعس بەرەیەکی سەنگەر گرتنى هاوبەشیان پێکهێنا لە بەرامبەر شۆڕشى کورد، ئیتر کە بەعسیەکان خۆیان لە قاڵبى هێزێکى زەبەلاح و پڕچەک و پەیوەندییەکى نێودەوڵەتى لەگەل یەکێک لە گەورە زلهێزانى دونیا بینى، بیریان کردەوە کە تازە لە خۆیان ڕادەبینن خەونى لەمێژینەى هەرەسهێنانى شۆڕشى کورد پیادە بکەن، بۆیە لە نیسانى ١٩٧٤ هێرشى سەر کوردستانیان دەست پێکردەوە.     

لە ١٥ى نیسانى ١٩٧٤ سوپاى عێراق بە هاوکارى چەکدارانى حزبى شیوعى لە دوو بەرەوە هێرشیان کردە سەر ناوچەى قەرەداغ: 

بەرەى یەکەم: بریتى بوو لە سوپاى عێراق لە دەربەندیخانەوە دەستیان بە جووڵە کرد بەرە گوندى باوەخۆشین و لەوێوە بەرەو گوندى سێوسێنان دواتر بۆ قەرەداغ. 

بەرەى دووەم: هێزى شیوعیەکان بوون ئەوانیش لە سەربازگەى سوپاى عێراق لە دەربەندیخانەوە بەرەو گوندى بانى خێڵان و پاشان بۆ سەر شاخى گوڵان پێشکەوتن. 

جێگاى سەرنجە کە شیوعیەکان جاران شانبەشانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە دژى ڕژێمى بەعس و ڕژێمەکانى ترى عێراق دەجەنگان، پەیوەندی هاوسەنگەری چەندین ساڵەى لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان لە پێناوى بنیادنانى دیموکراسى بۆ عێراق هەیبوو پەکى خست و کۆتایی پێ هێنا، لەم ڕۆژگارەدا  خۆیان خستە باوەشى حکومەت و لە ڕیزى سوپای شەڕکەرى بەعس وەستاون و چەکى لێ وەردەگرن، لە پێشمەرگەکانى هاوپەیمانى دوێنێیان هەڵگەڕاونەتەوە وەک سەربازى سوپا بەگژیاندا دەچن و شەڕیان لەگەڵ دەکەن.     

هێزى پێشمەرگە لە سێ قۆڵەوە بەرەنگارى ئه‌و هێرشەى حکومەت و حزبى شیوعی بوونەوە: 

قۆڵی یەکەم: هێزێکى پێشمەرگە لە گوندى باوەخۆشین پشتیان لە سوپاى عێراق گرت. 

قۆڵى دووەم: لە گوندى گوڵان بەرەنگارى هێزى حکومەت بوونە. 

قۆڵى سێیەم: بە فەرماندەیى عەریف بەکر محیەدین لە گوندى بانى خێڵان و شاخی گوڵان سەنگەریان قایم کرد، دواى ئەوەى کە هێزەکانى حکومەت گەیشتنە ئەو شوێنانە کە پێشمەرگەى تێدا لە ئامادەباشیدا بوون شەڕێکى گەرمی خوێناوى لە نێوانیاندا ڕوویدا، هێزى پێشمەرگە بە جۆرێک ڕووبەڕوویان بوونەوە پێشڕەویەکانى هێزى هێرشبەریان وەستاند و زیانێکى گەورەى گیانى پێ گەیاندن و ناچار بە پاشەکشەیان کردن بۆ سەربازگەى دەربەندیخان، کە هەر لە سەرەتاوە لەوێوە دەستیان بە جووڵە کردبوو.

سوپاى عێراق بەوەشەوە نەوەستا و تێنوێتییان نەشکا بەڵکو لە ٢٢ى نیسانەوە جارێکى دیکە هەر لە سەربازگەى دەربەندیخانەوە هێرشى دەست پێکردەوە، بەڵام ئه‌و جارەیان لە سێ لاوە هەڵیان کوتایە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە هەمان شوێنى پێشوو، لەگەڵ هێزى پێشمەرگە تێکهەڵپژان و شەڕێکى دیکەى گەرمى خوێناوى ڕوویدا، ئه‌وجارەشیان بەرگری بەهێزى پێشمەرگە هێرشى بەعسیەکان و شیوعیەکانى تێکشکاند و دووچاى هەمان چارەنووسى یەکەمجارى کردن، بەڵام لەو هێرشەى سوپاى بەعس و چەکدارانى حزبى شیوعی هاوپەیمانیان چوار پێشمەرگە شەهید بوون.  


سەرچاوەکان:            

١- خۆشەوى عەلى کانیەلنجى، بیرەوەریەکانى عەزیز قازى سورچى، چاپخانەى دانیشفەر، چاپى یەکەم، هەولێر – ٢٠٢٣.

٢- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم – هەولێر،  ٢٠٠٤.

٣- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر - ٢٠١٩.

٤- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک - ١٩٩٩.


بابەتی پەیوەندیدار

لێدانى ڕەبایەکانى باوەکراوەى پشتى ڕایات ١٩٨١

هێرشکردنە سەر دوو ڕەبایەى پشتى ڕایات چالاکیەکى پێشمەرگەیی پارتیزانى بوو دژى سوپاى عێراق لە دەڤەرى باڵەکایەتى، هێزێکى پێشمەرگەى هاوبەشى پارتی دیموکراتى کوردستان و حزبى سۆسیالیستى کوردستان، لە ڕۆژێکى بەهارى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر هەردوو ڕەبایەکە و زیانى گیانیان پێ گەیاندن لە کوشتیار و بریندار، بە بیانووى ئەوەى کە هەڵسوکەوت و مامەڵەیان توند بوو لەگەڵ خەڵکى ناوچەکەو هەراسانیان دەکردن.

زانیاری زیاتر

شەڕى دەربەند ١٩٨٣

شەڕى دەربەند چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى سوپاى عێراق، کە لە شەوێکى بەهارى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر سەربازگەى دەربەندى نزیک شارۆچکە چۆمان لە دەڤەرى باڵەکایتى، بە ئامانجى پیشاندانى هێز و بازووى شۆڕش و درێژەدان بە چالاکى پارتیزانى، دواى شەڕێکى نیو کاتژمێری و دروستکردنى پشێوى و ئاڵۆزى لە ناو سەربازگە دەستیان لە شەڕەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێ هێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕی هەریر ١٩٨٢

شەڕى هەریر چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەگەى لیژنە ناوچەى باڵەکى سەربە لقى دووی پارتى دیموکراتى کوردستان بوو، کە لە شەوێکى هاوینى ساڵى ١٩٨٢ لە دۆڵی بالیسانەوە دابەزینە ناو شارۆچکەى هەریر و هێرشیان کردە سەر بنکەى ڕێکخستنی حزبى بەعس، دواى شەڕێکى زیاتر لە نیو کاتژمێر توانیان زیانى گیانى و ماددى بە ئەندام و پاسەوانانى ڕێکخراوکە بگەیەنن، پاشان شوێنەکەیان جێ هێشت و گەڕانەوە بنکە و بارەگاکانیان لە دۆڵی بالیسان.

زانیاری زیاتر

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر