شەڕی کەردز و کەرزۆر ١٩٦٩

ئەم شەڕە لە نێوان هێزى دەشتى هەولێرى پێشمەرگە و چەکدارانى بەکرێگیراوى حکومەت (جاش) ڕوویدا لە کۆتاییەکانى بەهارى ساڵى ١٩٦٩ لە هەردوو گوندى کەردز و کەرزۆڕ لە دەشتى هەولێر، لەم هەڵمەتەدا هێزى پێشمەرگە توانیان بەسەر چەکداراندا سەربکەون و زیانێکى زۆرى گیانى و ماددیان پێ بەگەیەنن و لە ناوچەکە دەریان بکەن، بەرامبەر بە زیانێکى کەمى هێزى پێشمەرگە.


دیارە هێزى پێشمەرگە بۆ ماوەیەک لە دەشتى هەولێر دوور کەوتبوونەوە بە هۆى گوشارى زۆرى حکومەت و چەکدارانى بەکرێگیراو، بەو هۆیەوە بوار بۆ هێزەکانى حکومەت و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) بە جۆرێک ڕەخسابوو کە بە ئارەزووى خۆیان لە گوندەکان ڕەفتار بکەن لەگەڵ هاوڵاتیان و گوندنشیان، بۆیە پێشمەرگەکانى هێزى دەشتى هەولێر بە فەرماندەیی فارس باوە لەسەر ئەم دۆخە بە پێویستیان زانى کەوا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن و تاوتوێى دۆخەکە بکەن، دواى گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بڕیار درا کەوا هێزێک بنێرنەوە بۆ دەشتى هەولێر بۆ ئەنجامدانى چەند چالاکییەک و پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەى کە لە چالاکییەکانى پێشمەرگەوە فەرامۆش کرابوون.    

یەکێک لە چالاکییەکانى پێشمەرگە کە لەو ماویەدا ئەنجام درا هێرشکردنە سەر مۆڵگەکانى چەکدارە بەکرێگیراوەکان بوو لە هەردوو گوندى کەردز و کەرزۆڕ لە دەشتى هەولێر، دیارە ئەو شەڕە و چەند شەڕێکى دیکەى پێشمەرگە لەگەڵ جاشەکان ئەو زانیارییە پشت ڕاست دەکاتەوە کە ماوەیەک بوو شەڕەکانى پێشمەرگە پتر لەگەڵ بەکرێگیراوان بوو نەک لەگەڵ سوپا و هێزەکانى دیکەى حکومەت، بەهۆى ئەو دۆخەى کە لە عێراقدا هاتبووە ئارا و بەعسیەکان بۆ جارى دووەم لە ڕێگاى کودەتاوە دەسەڵاتیان گرتبووە دەست و نێوانیان لەگەڵ شۆڕش بە دۆخێکى نە شەڕ نە ئاشتى گوزەرى دەکرد.

هێزى پێشمەرگە لە شەوى ١٨ لەسەر١٩ى ئایارى ١٩٦٩ نەخشەوپلانێکى توکمەیان داڕشت بۆ ئەنجامدانى چالاکییەک، کە بریتى بوو لە هەڵکوتانە سەر مۆڵگەکانى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) لە هەردوو گوندى ناوبراو لە نزیک ڕێگاى هەولێر و ئاڵتوون کۆپری، چونکە لەو کاتەوەى لەو ناوچەیە جێگیر کرابوون ڕۆڵێکى خراپ و نالەباریان دەگێڕا و ئازارى گوند نشینان و جوتیارانیان دەدا. 

هێرشەکەى پێشمەرگە بە شێوەیەکى کتوپڕ لە کاتژمێر١١ى شەو دەستى پێکرد تا کاتژمێر١ى نیوەشەو بەردەوامى هەبوو، دیارە هێزى دەشتى هەولێر لە یەکێک لە چالاکییەکانیدا کە پێشتر ئەنجامیاندابوو ئۆتۆمبێلێکى سەربازیان گرتبوو بە پلێت و کاربۆن دەبابەیەکیان لێ دروست کردبوو، کە بەتالیۆنى دوو بە فەرماندەیى عەریف عوسمان و بەتالیۆنى سێ بە فەرماندەیى ئەحمەد حاجى عەلی بە دەبابە دەستکردەکەوە هێرشیان کردە سەر چەکدارانى گوندى کەردز، بەهۆى بەکارهێنانى دەبابەکەوە لەو قۆڵەى هێرشى پێشمەرگەدا بە کاتێکى زوو توانیان چەکداران تێکبشکێنن و دەست بەسەر بنکەکانیاندا بگرن، هەروەها بەتالیۆنى سێیەمیش  بە فەرماندەى سەید کاکە هێرشى کردە سەر گوندى کەرزۆر، دواى شەڕێکى چەند کاتژمێری توانیان سەرکەوتن بەدەست بهێنن و چەکدارەکان تێکبشکێنن و لە ناوچەکە دەریان پەڕێنن. 

لە هێرشى سەر هەردوو گوندەکەدا جگە لە تێکشکانى هێزى چەکدارە بەکرێگیراوەکان زیانى گیانى و ماددى زۆریشیان پێ کەوت کە بریتى بوو لە کوژرانى ٥٠ چەکدار و بریندار بوونى ٣٠ چەکدارى تر و بەدیل گیرانى چەکدارێک، لە ناو کوژراوەکاندا دوو بەرپرسى چەکدارى بەکرێگیراو هەبوو کە خەڵکى هەولێر بوون، لەم شەڕەدا هێزى پێشمەرگە دەستکەوتى زۆرى هەبوو لە چەک و کەلوپەلى سەربازى و ئازووقە وەک یەک تۆپى عقد ٣، سێ ڕەشاش برێن، ١٢ تفەنگى بڕنەو، یەک کلاشینکۆف، ٣ تفەنگى سەمینۆف، ٤ تفەنگى یانزە تیر، ٢ بڕنەوى ئینگلزى لەگەڵ ژمارەیەکى زۆرى فیشەکى بڕنەوى ئینگلیزى و ڕوسى هەروەها ٢ ئۆتۆمبێل و یەک دووربین، زیانى هێزى پێشمەرگەش بریتى بوو لە یەک شەهید و چوار بریندارى سووک.

دواى ئەم سەرکەوتنەى پێشمەرگە بەسەر چەکدارە بەکرێگیراوەکان بە دیاریکراوى لە ڕۆژى دوایی واتا لە ١٩ى ئایارى ١٩٦٩ حکومەت بۆ تۆڵە سەندنەوە و هاتنە دەنگ لەسەر ئەم هێرشەى پێشمەرگە دەستى کرد بە تۆپبارانێکى خەستى ناوچەکە، کە به‌ زیاتر لە ١٥٠ گوللە تۆپ بە گوندەکانى دەوروپشتى سەربازگەى قوشتەپە بۆردومانكرد، هەروەها چوار فڕۆکەى مێک بۆ ماوەى دوو کاتژمێر بۆمبارانى کوێرانەى گوندەکانى ڕەسول بسکۆڵ و بێستانە و هەندێ شوێنى دەشتى هەولێریان کرد زیانى ئەم تۆپباران و بۆردومانەى فڕۆکە بریتى بوو لە برینداربوونى سێ پێشمەرگە بە سووکى، لە هەمان شەویشدا واتا ١٩ لەسەر٢٠ى ئایار دەستیان کرد بە تۆپبارانى سەربازگەى بیستانەى بچوک و دەوروبەرى.          

       


سەرچاوکان:

١- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٢- هاوکار کریم حمە شریف، شۆڕشی ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەدین، چاپى یەکەم، هەولێر، ٢٠١٢.

٣- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چ: یەکەم ٢٠٠٤.

٤- سەید کاکە، بیرەوەرى پێشمەرگەیەک، چاپخانەى وەزارەتى رۆشنبیرى، چاپى یەکەم،١٩٩٧.

٥- خورشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانی ساڵانی خەباتی پێشمەرگایەتی، چاپی سێیەم، هەولێر، ٢٠١٥.


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر