شەڕی کۆسپی سپی

کاتێک کە پێشمەرگە زاڵ بوو بەسەر قەڵا (قشلە)ى ڕایات لە ١٢ی تەمووزى ١٩٦٢ دەڤەرى باڵەکایەتى بە تەواوى بوو بە بەشێک لە ناوچەى ئازادکراوى شۆڕشى ئەیلوول، ئەگەرچى لە چەند ناوچەى جیاجیادا بەتایبەتى کوێستانەکانى دەوروبەرى چیاى هەڵگورد چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) ناوە ناوە دەردەکەوتن بەنیازى نانەوەى پەشێوى، بەڵام هەر زوو لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە پەرت و بڵاو دەکران و لە ناوچەکە دوور دەخرانەوە.


هێزێکى پێشمەرگە بە فەرماندەی مەحمود کاوانى و یاریدەرەکەى خورشید شێرە لە کۆسپی سپی و بەرزایی چیاى سیرینى ڕۆژهەڵاتى گوندى پیروسوان نزیک گوندى بەرسیرین لەسەر ڕێگاى هامڵتۆن جێگیر کرابوو، بە مەبەستى ڕێگریکردن لە ئەگەرى هەر هێرشێکى سوپاى حکومەت ئەگەر لە ڕواندزەوە نیازى هێرشبردنى هەبێت بۆ باڵەکایەتى، چونکە هەر لەو ناوچەیە بەتایبەتى لە کاتى گەمارۆى سەر قشلەى ڕایات سوپاى عێراق هێرشێکى گەورەى بۆ باڵەکایه‌تى ئەنجامدا بۆ شکاندنى گەمارۆى سەر قشلەکە، بەڵام لەلایەن پێشمەرگەوە تێکشکێندرا و فەوجێکى سەربازى بەتەواوى لەناو برا.

پاش ئەو شەڕە سوپاى عێراق چیتر نەیتوانى بەم ڕێگایەدا پەلامارى ناوچەکە بدات، بەڵام سریەیەکى سەربازى و چەند ڕەبایەى چەکدارى بەکرێگیراو (جاش) لە نزیک گوندى بەرسیرین و کۆسپی سپی جێگیر کردبوون، ئەو هێزەى پێشمەرگەش لە بەرامبەر ڕەبایەکانى سوپاى عێراق و چەکدارە بەکرێگیراوەکان سەنگەریان گرتبوو ژمارەیان ٢٠ پێشمەرگە بوون. شایانى باسە چەکدارەکان سەربە شێخ زەیتۆ بوون کە دوو بەرپرسیان هەبوون بەناوەکانى عەزیزخان و جبۆ، دیارە پەیوەندییان بە شۆڕشەوە هەبوو هەر بەو بۆنەیەوە زۆر جار لە ئازوقە و خواردەمەنى و فیشەک یارمەتی پێشمەرگەیان دەدا.

ڕۆژێک لە یەکێک لە سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە بەرزایی چیاى سیرین کە دەیڕاونیە شوێنى سەربازگەى سوپاى عێراق لە بەرامبەر گوندى بەرسیرین، کاتێ کە سەربازەکان سەرقاڵى وەرگرتنى خواردنى نێوەڕۆ دەبن پێشمەرگەکان گاشەبەردێکى گەورە غلۆر دەکەنە خوارەوە و بەردەبێتەوە ناو سەربازگەکە و بەر مەنجەڵ و تەشتەکانى خواردن دەکەوێ، سەربازان ڕایانکرد و شوێنەکەیان بەجێهێشت بۆ ڕۆژى دوایی بەیەکجارى سەربازگەکیان چۆڵ کرد.

لە ٣١ى تەمووزى ١٩٦٢ ئەو هێزەى پێشمەرگە هەواڵى پێگەیشت کەوا حکومەت نیازى هێرشکردنی هەیە بۆ سەر سەنگەرەکانیان، ئەوە بوو لە ٢ى ئابى ١٩٦٢ کاتژمێر٥ى بەیانى هەواڵەکە پشتڕاست بووە و هێرشەکە دەستى پێکرد، پێشمەرگەکانیش ئامادەکارى بەرگریکردنیان کرد و دابەشى سەر چەند قۆڵیک بوون، وادیارە بە هۆى پەیوەندییان بە چەکدارانى شێخ زەیتۆ لە قۆڵى بەرى ئەمان مەترسیان نەبوو.

لە ئاماژەیەکدا هاتووە کە سەنگەرێکى سوپاى عێراق لەلایەن پێشمەرگەوە ئابلۆقە درابوو بۆیە حکومەت لەم هێرشەدا نیازى ئەوە بوو کە ڕزگاریان بکەن، بۆ ئەمەش داواى لە عزت سلێمان بەگ کردبوو کە هەڵمەتێکى سەربازى بۆ ئەو ناوچەیە بکەن، چونکە چەکدارەکانی بە ئازا و زیرەک ناویان دەرکردبوو، هەروەها ئاماژەکە ئەوەش دەخاتە ڕوو کە ئەمە دەرفەتێکى بۆ کەریم خانى برادۆست هێنابووە پێش کە لەو ماوەیەدا ڕیزەکانى شۆڕشى بەجێهێشتبوو پەیوەندى بە حکومەتەوە کردبوو تاوەکو لەو شەڕەدا بەشدارى بکات و ببێتە جێگاى باوەڕیان.

سەرەتا وەک هەموو جارێک و پلانی جەنگى هێرشەکە بە بۆردومانێکى سەختى سەنگەرەکان دەستى پێکرد بە تۆپ و فڕۆکەى هێرشبەر، پاشان لە سێ قۆڵەوە سوپا و چەکدارانى بەکرێگیراو پەلامارى پێشمەرگیاندا، تا کاتژمێر٣ى دواى نیوەڕۆى هەمان ڕۆژ سوپا و چەکدارەکان لە پەلامارەکەیاندا بەردەوام بوون پێشمەرگەش لە بەرگریکردن دابوو، بەڵام تا دەهات فیشەک و تەقەمەنیان کەم دەبوو.

دیارە سوپا و چەکدارى بەکرێگیراو (جاش) درکیان بەمە کردبوو بۆیە ویستیان پێشڕەوى بکەن بۆ سەر لوتکەى بەرزاییەک کە ئاڵاى لەسەر هەڵبدەن و سەرکەوتن بەسەر پێشمەرگەدا ڕابگەیەنن، پێشمەرگەکانیش خۆیانى بۆ مەڵاس دەدەن تا دەگەنە سەر بەرزاییەکە، لەوکاتەى کە سەرقاڵى هەڵدانى ئاڵا دەبن ئەمان هێرشیان دەکەنە سەر، چەند چەکدارێک دەپێکن و دەست بەسەر چەک و تەقەمەنیاندا دەگرن بەمەش دەتوانن ڕێژەیەکى فیشەک و تەقەمەنى دەستەبەر بکەن، پاشان هێرشى پێچەوانە دەست پێدەکەن و چەکدارەکان و سەربازە عێراقییەکان تێکدەشکێنن و ناچار بە ڕاکردنیان دەکەن، پێشمەرگەکانیش دوایان دەکەون تا پاشەکشەیان پێدەکەن بۆ ئەو شوێنەی کە لێیەوە هاتبوون.

دواى ئەوەى کە شەڕەکە ١٤ کاتژمێرى خایاند پێشمەرگە سەرکەوتنى بەسەر سوپا و چەکدارى بەکرێگیراودا تۆمار کرد، لاشەى ١٢سەرباز و٤ چەکدارى بەکرێگیراو لە مەیدانى شەڕەکەدا بەجێ دەمێنن، دوو پێشمەرگەش شەهید بوون هەر لە شوێنى شەهید بوونیاندا بە خاک سپێردران کە تا ئەمڕۆش گۆڕەکەیان لە هەمان شوێن ماوەتەوە.

دەستکەوتى پێشمەرگە لەو شەڕەدا بریتى بوو لە دەستبەسرداگرتنى ١٠ تفەنگى ئینگلیزى و ڕەشاشێکى برێن و ئامێرێکى بێتەل و دووربینێک.


سەرچاوەکان:

١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی یەکەم ٢٠٠٤.

٢- خورشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانی ساڵانی خەباتی پێشمەرگادەتی، چاپی سێیەم، هەولێر، ٢٠١٥.

٣- غازى عادل گەردى، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بیڕۆخى، بەرگى یەکەم چاپى دووەم، تورکیا، ٢٠٢١.

٤- ئیسماعیل گوندەژۆرى، شۆرشى ئەیلول لە باڵەکایەتى، چاپخانەى رۆژهەڵاات، چاپى یەکەم، ٢٠١٨.

٥- زرار سلیمان بەگ دەرگەڵەیی، بیروەریەکانم لە ساڵانى ١٩٤٣-١٩٧٧دا.


بابەتی پەیوەندیدار

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەشتى بەرازگر ١٩٧٩

شەڕى دەشتى بەرازگر، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى سوپاى عێراق لەگەڵ هێزێکى پێشمەرگە لەسەر ڕوبارى دەشتى بەرازگر لە دەڤەرى برادۆست، کاتێ کە هێزەکەى پێشمەرگە لە جەولەدا بوو بۆ چەند گوندێکى سنورى ناوچەکە بە مەبەستى بەسەرکردنەوەى ڕێخستنەکانیان، دواى ماویەکى کورت لە شەڕ و ڕووبوڕوو بوونەوە هێزەکەى سوپاى عێراق شکستیان خواردو بە ژمارەیەک کوژرا و بریندار مەیدانى شەڕەکەیان چۆلکرد و ڕایانکرد.

زانیاری زیاتر

شەڕی بنارى چیاى پیران ١٩٧٩

شەڕى بنارى چیاى پیران، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٧٩، کاتێ کە هێزەکەی پێشمەرگە لە چالاکیەکى پارتیزانى ڕفاندنى پێنج ئەندازیارى پڕۆژەیەکى ڕێگاوبان دەگەڕانەوە، لە بنارى چیاى پیران نزیک مێرگەسۆر لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپا بە یەک گەیشتن، شەڕێکى گەرم بۆ ماوەى دوو کاتژمێر لە نێوانیاند دروست بوو، ئەنجامى شەڕەکە کوژرانى چوار لە ئەندازیاران و ژمارەیەک کوژرا و بریندارى سەربازانى سوپاى لێ کەوتەوە هێزەکەى پێشمەرگەش بێ زیان لێى دەرچوون تەنها یەکێک بە سو

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى هەسنان ١٩٧٥

شەڕى گوندى هەسنان، ڕووبەڕوو بوونەوى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ١٣ى ئازارى ١٩٧٥ لە گوندى هەسنان لە بنارى چیاى حەسەن بەگ، کاتێ کە سوپاى عێراق هێرشیکى بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە بە پشتیوانى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى بە مەبەستى دەستگرتن بە سەر گەرووى بێشەو چیاى حەسەن بەگ، کە دوو خاڵى ستراتیژى ناوچەکە بوون.

زانیاری زیاتر